موفتی: پێگە و قەبارەی یەکێتی بە ژمارەی کورسییەکانی دیاریی ناکرێت

08-01-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عەدنان موفتی کابینەی 8
A+ A-
رووداو - الشرق لاوسط

عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، بەرپرسیارێتی دواکەوتنی پێکهێانی حکومەت لە ئەستۆی هەموو لایەنەکانە نەک تەنیا یەکێتی و پارتی و پێیوایە پێگە و قەبارەی یەکێتی، بە ژمارەی کورسییەکانی دیاری ناکرێت.

موفتی هۆکاری دواکەوتنی کابینەی نوێ بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بارێکی سیاسیی نوێی هێناوەتە ئاراوە، کە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە.

عەدنان موفتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت رایگەیاندووە، کە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و رێوشوێنی پێویستیش بۆ تەواکردنی رێککەوتنەکان دەگیرێتەبەر.

سەبارەت بە لێدوانێکی پێشووی قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە تێیدا داوای کردبوو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت و دوو وەزارەتی سیادی بدرێتە یەکێتی، عەدنان موفتی گوتی، لێرەولەوێ لێدوان دەدرێت، بەڵام ئەوە رەنگدانەوەی واقع نییە و کارێکی سروشتییە ئەگەر هەر لایەنە و بۆچوونی خۆی لەسەر حکومەت بخاتەڕوو.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو عەدنان موفتی دەڵێ، لەگەڵ حکومەتێکی یەکێتی نیشتمانییدایە بە شێوەیەک، کە پێگە و قەبارەی یەکێتی بە ژمارەی کورسییەکانی دیاریی نەکرێت، چونکە دۆخی سیاسیی ئێستا وادەخوازێ کە یەکێتی لە پێگەی خۆی بەردەوام بێ، بەتایبەتیش بۆ ئەوەی ئەو کارانە بگەنە ئەنجام، کە بۆ نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی ئەنجامدەدرێن.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا، کە ئێستا یەکێتی لە ناوچە دابڕاوەکان بەتایبەیش لە کەرکووک و دیالە هێزی یەکەمە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوچانە بەبێ یەکێتی سەرکەوتوو نابێ. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە