پارتی: ئەگەر كاندیدی چوار لایەنەكە دەرچوو بە سەرۆكی خۆمانی دەزانین

07-10-2015
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن پارتی یەکێتی گۆڕان یەکگرتوو کۆمەڵ
A+ A-
رووداو- هەولێر

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان دەڵێت یەكێتی كاندیدی بەهێزی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕانیش كاندیدی یەكێتی بە كاندیدی هەر چوار لایەنەكە دەزانێت. هەر لەوبارەوە ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی ئەگەر چوار لایەنەكە كاندیدیان هەبێت، ئەوا پێشوازیی لێدەكەن و ئەگەریش لە هەڵبژاردن دەرچوو پیرۆزبایی لێدەكەن و بە سەرۆكی خۆیان دەزانن.


وا بڕیار بوو نۆیەمین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی نێوان (پارتی، گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ)  لە رۆژی 6/10/2014 لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ رۆژی 8/10/2015 دواخرا. پارتی دیموكراتی كوردستانیش بژارەی دووەمی چوار لایەنەكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێو خەڵكەوە تاوتوێ‌ دەكات.

پێشنیازێكی نوێی پارتی



چوار لایەنەكە دوو بژارەیان خستووەتە بەردەم پارتی كە بریتی بوون لە: هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە بە دەسەڵاتی كەمەوە. دووەم: هەڵبژاردنی سەرۆك لە پەرلەمانەوە بە دەسەڵاتی زۆرەوە.

سەربەست لەزگین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە (رووداو)ی راگەیاند "پارتی بژارەی هەڵبژاردنی سەرۆك لە نێو خەڵكەوە بە دیموكراسی و دادپەروەرانەتر دەزانێت بۆ دەستەبەركردنی مافی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی سەرۆكی وڵاتەكەیاندا، لە هەمانكاتدا پارتی لەگەڵ هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتی سەرۆكایەتییەكانە، بۆیە لە كۆبوونەوەی داهاتوودا پارتی لەسەر بژارەی هەڵبژاردنی سەرۆك لە نێو خەڵك گفتوگۆ دەكات".

بەڵام فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "لە كۆبوونەوەی داهاتوودا پارتی پێشنیازێكی نوێ دەخاتە بەردەم لایەنەكان".

سەربەست لەزگین دەڵێ‌ "پارتی وەرەقەیەكی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ چوار لایەنەكەی دیكە گفتوگۆی لەسەر بكات، دەبێ‌ سەرۆك كە لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت دەسەڵاتی هەبێت، ناكرێت خەڵك سەرۆكی بێدەسەڵات هەڵبژێرێت، بەڵام لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و ئەو دەسەڵاتانەی كە پێشتر سەرۆك بەكاری نەهێناون دەكرێت لە كاتی گفتوگۆكاندا بگەینە وەرەقەیەكی هاوبەش".

یەكێتی: كاندیدی هاوبەشمان دەبێت



مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند "ئێمە لەگەڵ سازانین بۆ پرسەكان، بەڵام نابێت ئەو سازانە لەسەر حیسابی پڕۆژەی چوار قۆڵی بێت".

مەلا بەختیار گوتی "ئەگەر سازان نەیەتە ئاراوە، یەكێتی پڕۆژەی جیاوازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە هەمەلایەنە و لەسەر هەموو ئاستەكان بێت چوار لایەنەكە بۆ هەموو ئاستەكان كاندیدیان دەبێت، بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندیدی بەهێزیان دەبێت".

پارتی پێشوازیی لێ دەكات

سەربەست لەزگین بەناوی حیزبەكەیەوە پێشوازی لەو بڕیارەی چوار لایەنەكە كرد و رایگەیاند "پێمان خۆشە چوار لایەنەكە كاندیدیان هەبێت بۆ ئەوەی گەل بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات، ئەگەر كاندیدەكەیان لە هەڵبژاردن دەرچوو ئێمە پیرۆزبایی لێ‌ دەكەین و بە سەرۆكی خۆمانی دەزانین".

گۆڕان: قسەكانی مەلا بەختیار بۆچوونی هەر چوار لایەنەكەیە



بزووتنەوەی گۆڕان لای خۆیەوە جەخت لەسەر قسەكانی مەلا بەختیار دەكاتەوە و دەڵێ‌ "قسەكانی مەلا بەختیار بۆچوونی هەر چوار لایەنەكەیە".

محەممەد تۆفیق رەحیم، بەرپرسی ژووری پەیوەندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بە (رووداو)ی گوت "ئەوەی مەلا بەختیار گوتوویەتی بۆچوونی هەر چوار لایەنەكەیە".

یەكگرتوو: پشتگیری هیچ كاندیدێك ناكەین
 یەكگرتوو: پشتگیری هیچ كاندیدێك ناكەین



بەڵام ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان چوار لایەنەكە لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرابێت.

مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی بە (رووداو)ی گوت "چوار لایەنەكە هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمییان لەسەر كاندیدی هاوبەش نەكردووە، ئەمڕۆ (دووشەممە) كۆدەبینەوە و لەسەر ئەو بابەتانە قسە دەكەین، بەڵام وەكو یەكگرتوو لەسەر كاندیدی فەرمی، یاخود پشتگیری لە كاندیدی هاوبەش ئەوە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوودا بە دەنگدان یەكلایی دەكرێتەوە".

مستەفا عەبدوڵڵا گوتیشی "هیوادارین پارتی نەرمی بنوێنێ و بگەینە سازان، چونكە هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەم باردۆخەدا كە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی هەیە و كۆمیسیۆن هێشتا نەكەوتووەتە سەر كار، زۆر زەحمەتە. لە بەرژەوەندیی ئێمە و پارتی و خەڵكی كوردستاندایە یەكێك لەو دوو بژارانە قبووڵ بكات و ئەو قەیرانە سیاسییە تێپەڕ بكەین".

كۆمەڵ: هیچ كاندیدێكمان نییە
كۆمەڵ: هیچ كاندیدێكمان نییە



رێبوار حەمەد، گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش رایگەیاند كە ئەوان تاوەكو ئێستا كاندیدی خۆیان وەكو حیزب یاخود كاندیدی هاوبەشیان لەگەڵ سێ‌ لایەنەكەی دیكە تاوتوێ‌ نەكردووە.

رێبوار حەمەد بە (رووداو)ی گوت "ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی كۆبوونەوەی داهاتووی پێنج قۆڵین، دوو بژارەمان داوەتە برادەرانی پارتی، كامەی قبووڵ بكەن كوردستان لەو قەیرانە سیاسییە دەربازی دەبێت، خواستی كۆمەڵیش ئەوەیە كە سیستەمی سیاسی پەرلەمانی بێت".

سەبارەت بە بوونی كاندیدی هاوبەش، گوتەبێژەكەی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ‌ "ئەگەر بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە چووین، ئێمە لێكۆڵینەوە لە باردۆخەكە دەكەین و هەڵوێستی خۆمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سێ‌ لایەنەكەی دیكە رادەگەیەنین، بەڵام ئێستا هیچ كاندیدێكمان نییە".

دوایین هەڵبژاردن بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی تەمموزی 2009 بوو كاتێك پارتی و یەكێتی مەسعود بارزانییان وەكو كاندیدی هاوبەشی خۆیان پێشكەش كرد و هەر یەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و لیستی چوار حیزبەكە (یەكگرتوو، كۆمەڵ، سۆسیالیست و زەحمەتكێشان) كاندیدیان نەبوو، لە ئەنجامی ركابەریی چوار كەس بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بارزانی ملیۆنێك و 266 هەزار و 397 دەنگی برد كە دەكاتە رێژەی 69.60%ی دەنگەكان. هەر یەك لە كەمال میراودەلی، 460 هەزار دەنگ بە رێژەی 25.30%ی دەنگەكان و هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد 63 هەزار دەنگ بە رێژەی 3.48%ی دەنگەكان و حوسێن گەرمیانی 10 هەزار و 665 دەنگی بەدەستهێنا كە دەكاتە 0.59%ی دەنگەكان. دوای تانەی لایەنەكان و رەوانەكردنی  ئەنجامەكان لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دادگا ئەنجامەكەی پەسەند كرد و لایەنەكانیش ئەنجامەكانیان قبووڵ كرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە