رووداو- سحێلا
لە چەند بەرەیەكەوە شەڕ لەنێوان پێشمەرگەی كوردستان و چەكدارانی داعش بەردەوامە و پێشمەرگە لە ناوچەی سحێلا-وە روویان لە گوندی دووگردكان كردووە، كە دوو كیلۆمەتر لە گوندی سنونێ دوورە.
پێشمەرگە رێگایەكی 10 كیلۆمەترییان لە دووگردكانەوە كردووەتەوە تاوەكو چیای شنگال و مەزارگەی شێخ شەرفەددین كۆنتڕۆڵكردووە و تاوەكو ئێستاش شەڕ بەردەوامە و پێشمەرگە دەیەوێ تاوەكو سنونێ پێشڕەوی بكات.
دوێنێ شەویش نزیكەی 150 خێزان لە كاتی شەڕ رزگاركراون، كە ماوەی هەفتەیەكە لە چیای شنگال بوون، هۆكاری ئەوەی كە تەواوی خێزانە ئێزدییەكان رزگارنەكراون ئەوەیە كە رێگایەكی بەرفراوان هەیە و لایەكی رێگاكە لەژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعشدایە و لەكاتی تێپەڕینی خێزانەكان بەو رێگایەی نێوان پێشمەرگە و چەكداران تەقەیان لێدەكرێت، تاوەكو ئێستا شەڕ بەردەوامە و فەرماندە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێن تا چەند كاژێرێكی دیكە هەردوو بەری رێگاكە كۆنتڕۆڵ دەكەین.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سحێلا رایگەیاند: '' چەكدارانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر بەنداوی موسڵ و سێ ئەندازیاری ژنیان لەگەڵ خۆیان هێناوە بۆ ئەوەی لە رووی نەخشەی بەنداوەكەوە شوێنی پێشمەرگە ئاشكرا بكەن، ئەو سێ ئەندازیارە لەلایەن پێشمەرگەوە دەستگیركراون و هەمەرێكی داعش سووتێنراوە".
لەبارەی ناوچەكانی تلكێف و شەلالاتەوە گوتی، "فڕۆكەی عێراقی بۆردوومانی چەكدارانی داعش دەكات لە تلكێف و شەلالات و ماوەی دوو رۆژیشە فڕۆكە ئەمریكییەكان بەشداری ئەو بۆردوومانە ئاسمانییە دەكەن".
هاوكات پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی شەڕی پێشمەرگە لە گوندی قاهیرە و بۆردوومانكردنی چەكدارانی داعش لە مەحموودییە و سعودییە گوتی، "لە دوێنێوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان گوندی مەحمودییە بۆردوومان دەكات و لە ئەنجامی بۆردوومانەكەش موختاری گوندەكە كوژراوە".
هەروەها گوتیشی، ماوەیەكی زۆرە خەڵكی سڤیل لە گوندەكانی مەحموودییە، قاهیرە، سعودییە و وەلیدییە نەماون، ئەو موختارەی كە كوژراوە هاوكارێكی باشی چەكدارانی داعش بووە.



.jpg&w=3840&q=75)