مەهاباد.. ژمارەی برینداران گەیشتە 18 كەس

07-05-2015
ئومێد بەرین
خۆپیشاندەرانی مەهاباد لەبەردەم هوتێل تارا
خۆپیشاندەرانی مەهاباد لەبەردەم هوتێل تارا
نیشانەکردن مەهاباد
A+ A-
رووداو- هەولێر

بەهۆی بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسی ئێران، ژمارەی بریندارانی خۆپێشاندانەكانی مەهابادە گەیشتە 18 كەس، كە سێ لەنێو بریندارەكان پۆلیسن.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2015، دوای بانگەوازی هەندێک لە رێکخراوی ژنانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی گیانلەدەستدانی گوماناوی فریناز خوسرەوانی، کارمەندی هوتێل تارا، هەزاران کەس لە هاونیشتمانیانی مەهاباد، لەبەردەم هۆتێل تارا خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و ئاگریان لە هۆتێلەکە بەردا. پاشانیش شەڕ لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس روویدا و پۆلیس دوای بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ، تەقەشی لە خۆپیشاندەران كرد.

بەپێی سەرچاوەكی تۆڕی میدیایی رووداو لە نەخۆشخانەی مەهاباد، تاوەكو ئێستا 15 خۆپیشاندەری بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەكە. برینی 8 لە بریندارەكانیش قورسە و ئێستا لەژێر نەشتەرگەریدان، زۆربەی بریندارەكانیش ساچمە "پارچە"یان بەركەوتووە.

هەروەها بەپێی قسەی شایەتحاڵانیش، ژمارەی بریندارەكان لە 15 زیاترە، بەڵام بنەماڵەی بریندارەكان خۆدەپارێزن لە گواستنەوەی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە، لەترسی لێپێچینەوەی هێزە ئەمنییەکان.

هاوكات سەرچاوەیەك لە پۆلیسی مەهاباد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 3 پۆلیس لە خۆپیشاندانەكەدا برینداربوون. بەپێی سەرچاوەكە، پۆلیسەكان بە بەرد پێكراون.

دوای دروستبوونی ئاڵۆزی، نووسینگەی حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند پێویستە ئارامی مەهاباد بپارێزرێ و داوایکرد تەقە لە خۆپیشاندەران نەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بە فەرمانی راستەوخۆی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران، پاشەکشە بە هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری هۆتێل تارا کراوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکانی رووداو، تا ئێستا خۆپیشاندان لەبەردەم هۆتێل تارا بەردەوامە و هۆتێلەکە بە تەواوی سووتێندراوە، بەشێک لە خۆپیشاندانەکەش بۆ ناوەندیی شار گوازراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ تێکهەڵچوونێک لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران رووینەداوە لە ناوەندی شار .



















کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە