رۆژی یەکشەممە 6-3-2016 ، 31 کوردی ئێزدی لەدەستی داعش رزگارکران، بەمەش ژمارەی کوردە ئێزدییە رزگارکراوەکانی دەستی داعش گەیشتە 2417 کەس، ئەوان بۆ رووداو باسی ئەو کاتانە دەکەن کە لەژێر دەستی داعشدا ماونەتەوە و دەڵێن :باری دەروونیمان تێکچووە.
کوردە ئێزدییە رزگارکراوەکانی دەستی داعش رۆژی دووشەممە 7-3-2016 دەبرێنە ئەو نووسینگەیەی تایبەتە بە رزگاربووانی دەستی داعش و کاروبارەکانیان رایی دەکرێن، بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردە ئێزدییە رفێندراوەکان ژمارەی کوردە ئێزدییە رزگارکراوەکانی دەستی داعش ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت " ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە 2 هەزار و 417 کەس".

چەند کەس بوون و چۆن رزگارکران؟
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردە ئێزدییە رفێندراوەکان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند:" 31 ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکران و ئێستا لە شاری دهۆکن، ئەوان 11 پیاو، 11 ژن و 9 منداڵن، ئەمڕۆ ئەو ئێزدیانە فۆڕمیان بۆ پڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەفەرمی ناویان وەکو ئەو ئێزدیانەی کە لەژێر دەستی داعش بوون و لەنزیکەوە تاوانەکانی داعشیان بینیوە تۆماربکرێت".
بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی كوردە ئێزدییە رفێندراوەکان باسی لەوە کرد " وەکو هەموو جارەکانی دیکە پلانێکمان بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەش داڕشت، ئەوان لە دەڤەرەکەیانەوە پەیوەندییان بە هەڤاڵێکی ئێمەوە دەکرد، دواتر توانرا لە وڵاتی سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان بهێندرێنەوە".
بەپێی ئامارێکی نووسینگەی رزگاركردنی كوردە ئێزدییە رفێندراوەکان بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری ئێزدییەکان " 6255 کوردی ئێزدی کەوتوونەتە ژێر دەستی داعش و، لەوەتەی نووسینگەی رزگاركردنی كوردە ئێزدییە رفێندراوەکان دەستی بە کارەکانی کردووە 2417 کەس رزگارکراون، 130 کەسیان پیاون، 896 کچ و ژنن لەگەڵ 1191 منداڵ".
کوردانی ئێزدی گللەییان لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە
حوسێن قائیدی، باس لە یارمەتینەدانیان لەلایەن حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێ: لەگەڵ ئەوەی ئەو ژمارە زۆرەی کوردانی ئێزدی هێشتا لەژێر دەسەڵاتی داعشدان کەچی تاوەکو ئێستا تاکە لایەنێک کە یارمەتی کوردانی ئێزدی دەدات نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

رزگاربووانی دەستی داعش: باری دەروونیمان تێکچووە
ئەو ژنە کوردە ئێزدییەی رۆژی یەکشەممە رزگارکراوە و لە چاوەکانیدا خەم و ماندووبوونێکی زۆر بەدی دەکرێت بۆ رووداو باس لەو کاتانە دەکات کە لەژێر دەستی داعش بوون و دەڵێ " ئێمە ناخۆشی زۆرمان بینی، برسیمان بوو، بە جەڵدە لێیان دەداین ئەوەی تەنیشتیشم هەر کوێر بوو.. ئێمە بەردەوام دەگریاین ئێستاش ئێمە باری دەروونیمان تەواو نییە".

پیاوێکی دیکەی کوردی ئێزدی کە بەهەمان شێوە دوێنێ رزگارکراوە دەڵێ " ئێمە ماوەیەکی زۆر لەژێر دەستی داعش ماینەوە، داعش ستەم دەکات، داعش نەخۆشی بوو ناتوانی بیریشی لیبکەیەوە کە ئێمە چەندە ناخۆشیمان بینی، داعش چی گوتبا دەبوایە ئەوە ببێت، کەسیش نەیدەتوانی پێچەوانەکەی بڵێ، چونکە ئەگەر قسەمان کردبا سەرمانی دەبڕی".




