رووداو – هەولێر شاندێكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی BDP و پارتی دیموكراتی گەلان HDP بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK رۆژی 9ی ئەم مانگە دەچنە ئیمرالی. چاوەڕوان دەكرا سبەی 8ی مارس شاندەكە سەردانی ئیمراڵی بكەن، بەڵام بۆ رۆژی یەكشەممە 9ی مارس دواخرا. پەروین بوڵدان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "سەردانی شاندەكەمان بۆ ئیمراڵی كە چاوەڕوان دەكرا رۆژی شەممە بێت، لەلایەن وەزارەتی دادەوە بۆ 9ی مارس دواخرا". شاندی بەدەپە كۆتایی هەفتەی رابردوو سەردانی قەندیلی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆما جڤاكێن كوردستان KCK كۆبوونەوە و ئەو نامەیەی بەرپرسانی KCK بۆ ئۆجەلان رەوانەیان كردبوو رادەستی وەزارەتی دادی توركیایان كرد.