پارێزەری سەنگاوی: دەبێ بگوازرێتەوە بۆ فەرماندەیی هێزەکانی 70

07-01-2014
عومەر شایان
نیشانەکردن مەحموود سەنگاوی کاوە گەرمیانی
A+ A-
رووداو- هەولێر

پارێزەری مەحموود سەنگاوی رایدەگەیەنێت، داوامان لە دادگا کردووە راگرتنەکەی ببرێتە فەرماندەیی هێزەکانی 70، لەبەر ئەوەی شوێنی کارەکەی لەوێیە و بە پێی یاسا مافی خۆیەتی لەکاتی راگرتنیدا لەوێ بمێنێتەوە."

هێرش ئەحمەد قادر، پارێزەری مەحموود سەنگاوی لەبارەی فەرمانی دەستگیركردنی سەنگاوی بە تۆڕی میدیایی (رووداو)ی راگەیاند:" ئامادەبوونی کاک مەحموود لە بەردەم دادگای لێکۆڵینەوە بە رەزامەندی خۆی بووە و ئامادەبوونێکی رەزامەندانە بووە، خۆی ویستوویەتی لەبەردەم دادگا ئامادە بێت بۆ پیشاندانی بێتاوانی و رەتدانەوەی هەموو ئەو تۆمەت و قسەڵۆکانەی لێرە و لەوێ بۆی دروستکراوە، کە بەداخەوە تۆمەتێکی بێبنەما و ناڕەوایە."


هەروەها گوتیشی:"هیچ بەڵگەیەکی راستەوخۆ نییە، کە پەیوەندی بە کاک مەحموودەوە هەبێت و کاک مەحموود پەیوەندار بکات بە بابەتەکەوە."

هێرش ئەحمەد راشیگەیاند:"دوای ئەوەی ئامادەبوو لەبەردەم دادگا و وتەکانی لێوەرگیرا دادوەر بڕیاریدا بە راگرتنی بە پێی مادەی 406 لە یاسای سزادان کە دادوەر بە پێی ئەم ماددەیە دەسەڵاتی راگرتنی تۆمەتباری هەیە."

پارێزەری مەحموود سەنگاوی دەربارەی داواکاری ئەوان لەدادگا گوتی:" ئەوەی، کە ئێمە داوای دەکەین گەڕانەوەی کاک مەحموودە لەکاتی راگرتنیدا بۆ فەرماندەیی هێزەکانی 70، بەو پێیەی کە ناوبراو پلەی لیوای هەیە و وەک تۆمەتبار مافی خۆیەتی لەکاتی راگرتنیدا بگەڕێتەوە بۆ فەرماندەیی هێزەکانی 70."

هێرش ئەحمەد زیاتر گوتی:"بە پێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان هەر پلەیەکی سەربازی ئەگەر لە ملازم و ئەفسەر بەرەو سەرتر بوو، لە کاتی راگرتنیدا دەنێردرێتەوە بۆ یەکەکەی خۆی. کاک مەحموودیش وەک لیوایەک سەر بە هێزەکانی 70 مافی خۆیەتی بنێردرێتەوە بۆ فەرماندەیی ئەو هێزانە و لە کاتی ئێستاش ئێمە بەردەوامیین لە پێشکەشکردنی داوکاری بۆ ئەو مەبەستە."

پارێزەری مەحموود سەنگاوی سەبارەت بە ناوەڕۆکی دادگاکەی گوتی:"دادگا گوتەی لێوەرگرتووە و ئەو تۆمەتانەی کە پێی تۆمەتبارکراوە ئاڕاستەی کراوە و کاک مەحموودیش هەموو ئەو تۆمەتانەی بەرپەرچ داوەتەوە و بوونی هەرجۆرە زانیاری و پەیوەندی بەو تۆمەتانە رەتکردۆتەوە، بەڵام دادوەر بەمەبەستی تەواوکردنی کاری لێکۆڵینەوە بڕیاری راگرتنی دەرکرد تاوەکو لێکۆڵینەوە لە چەند لایەنێکی دیکە دەکرێت و ئێمەش بەردەوامین لە پێشکەشکردنی داواکاریمان."

دەربارەی جۆری تۆمەتەکان کە خراوەتە پاڵ مەحموود سەنگاوی، کە ئایا راستەوخۆ بە تۆمەتی تیرۆکردنیەتی یان بە تۆمەتی هەڕەشەکردنی پێشووە یان لێدوانی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو کەیسە گیراون، گوتی:"نەخێر ئەوە بەڕای ئێمە تۆمەتبارکردنێکی ناڕەوایە، سکاڵاکارانیش مافی خۆیانە چۆن کەسێک تۆمەتبار دەکەن یان هەر تۆمەتێکی دیکەش بێت،گرینگ ئەوەیە کە هیچ بەڵگەیەکی راستەوخۆ نییە کە پەیوەندی بە کاک مەحموودەوە هەبێت و کاک مەحموود پەیوەند بکات بە بابەتەکەوە."

هێرش ئەحمەد لەسەر کاتی دووبارە دادگاییکردنی مەحموود سەنگاوی گوتی:ئەمە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە و راگرتنی کاک مەحموودیش بۆ ئەوەیە کە هەرکات پێویست بێت دادگا پاشکۆی وتە یان روونکردنەوەی لێوەربگرێت و لە هەر کاتێکدا پێویست بێت کاک مەحموود ئامادە بێت."

پارێزەری مەحموود سەنگاوی شوێنی راگرتنی ناوبراوی لە شەوی رابردوودا ئاشکرا کرد و گوتی:"شەوی رابردوو کاک مەحموود لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ماوەتەوە و ئێمە ئێستا داوامان ئەوەیە راگرتنەکەی ببرێتە فەرماندەیی هێزەکانی 70، لەبەر ئەوەی شوێنی کارەکەی لەوێیە و بە پێی یاسا مافی خۆیەتی لەکاتی راگرتنیدا بینێرنە ئەوێ."

دوێنێ شەو دووشەممە 6-1-2013 كاوە لەتیف، پارێزەری دۆسیەی كاوە گەرمیانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دادوەری لێكۆڵینەوە فەرمانی دەستبەسەركردنی بۆ مەحموود سەنگاوی،  ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی پێشووی ئەو حیزبە لە گەرمیان دەركردووە، تاوەكو دادگا لێكۆڵینەوەی تەواوی لەگەڵدا دەكات."

كاوە لەتیف گوتیشی :" بۆماوەی 2 كاژێر لە لایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی پۆلیسی كەلار لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا، دواتر دادوەر بڕیاریدا لێكۆڵینەوەكان بوەستێنیت بۆكاتێكی دیكە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە