گۆڕان داواکەی سەرۆک وەزیران بۆ گەڕانەوەی وەزیرەکانیان رەتدەکاتەوە

06-11-2017
"داوا دەکەین حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کاتی دروستبکرێت"
"داوا دەکەین حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کاتی دروستبکرێت"
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی گۆڕان کوردستان
A+ A-

رووداو- سلێمانی

نێچیرڤان بارزانی گڵۆپی سەوزی بۆ وەزیرەکانی گۆڕان داگیرساند بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام هەر زوو گۆڕان ئەو داواکارییەی رەتکردەوە و گوتەبێژی ئەو بزووتنەوەیە رایگەیاند: "داوا دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لەکار بکێشێتەوە و حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کاتی دروستبکرێت".


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 6-11-2017 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتەدا پێشتریش وتوومە و ئێستاش دەیڵێم ، ئەوان خاوەنی کۆمەڵێک کورسین لە پەرلەمانی کوردستان، ئێمە ناتوانین ئەو کورسیانە نادیدە بگرین، زۆر بەداخەوە بۆ ئەو کێشانەی کە پێشتر روویداوە، ئەگەر پرسیار لە رەغبەتی من بکەن ، بەڵێ من پێمخۆشە وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بەزووترین کات بگەڕێنەوە بۆ ناو کابینە و دەست بە ئیشی خۆیان بکەن".

لێدوانەکەی نێچیرڤان بارزانی پێناچێت هیچی لە هەڵوێستی گۆڕان گۆڕیبێت چونکە هەر وەک ئەوەی پێشتر بڕیاریان لێدابوو داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پێکهێنانی کابینەی رزگاری نیشتمانی دەکەن.

بەگوتەی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەستلەکارکێشانەوەی چوار وەزیرەکەی گۆڕان لە حکومەت، لای بزوتنەوەکەیە و لە کۆبوونەوەی داهاتووی جڤاتی نیشتمانی پەسەند دەکرێت.

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان شکستێکی گەورەیان هێناوە ، نەك هەر شکست کارەساتیان بەسەر گەلەکەماندا هێناوە ، بۆیە ئێمە داوامان کردووە دەسەڵاتداران دەستلەکاربکێشنەوە، کاک مەسعود لەژێر هەر پەردە و ئیخراجێکدا بێت دەستی لەکارکێشایەوە ، ئێمە داوا دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەست لەکار بکێشێتەوە و حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کاتی دروستبکرێت، تەنها کاری ئەویش گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ بەغدا و، ئامادەکاری دەبێت بۆ هەڵبژاردن ، چونکە ناکرێت حکومەتێک شکستی هێنابێت لەبەرەکانی شەڕ و دۆڕابێت ، بچێت لەگەڵ هێزێکی براوە گفتوگۆ بکات".

دوو ساڵی رابردوو خراپترین ساڵەکانی پەیوەندی نێوان گۆڕان و پارتی بوو، چونکە سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵی نێوەندگیری و دەستپێشخەرییەی بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوانیان کرا هیچی نەگۆڕی، هەرکات لایەکیان مەرجێکیان لابردبێت لاکەی دیکە مەرجێکی دیکەی بۆ ئاشتبوونەوە داناوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە