رووداو- هەولێر
تەرمی شەهید دکتۆر سلێمان لە ئەڵمانییەوە گەیشتەوە باشووری کوردستان و دواتریش بەرەو شاری بینگۆلی باکووری کوردستان بەڕێدەکرێت بۆ ئەوەی بەخاکبسپێردرێت. پارێزگاری هەولێریش ئاماژە بەوەدەکات، دروستکردنی پەیکەر بۆ دکتۆر سلێمان تاووتوێدەکەن.
کاژێر 4:35 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 6-11-2016 تەرمی شەهید سەعید چوروکایا ناسراو بە "دکتۆر سلێمان" لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتەوە باشووری کوردستان.
لە پێشوازی تەرمی شەهید دکتۆر سلێمان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەریەک لە عەبدولموهەیمەن بارزانی، بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک فەرماندەی پێشمەرگە ئامادەبوون.
عەبدولموهەیمەن بارزانی بە رووداوی راگەیاند "شەهید سلێمان یەکەم و دوا شەهیدی کوردستان نابێت، ئێمە شانازی بە دکتۆر سلێمان دەکەین و ئەو رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین لە شەڕی داعشدا".
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر بۆ رووداو گوتی "پێشمەرگە شەهیدەکانمان تاجی سەری هەموو کوردێکن بە شانازییەوە. دکتۆر سلێمانیش یەکێکە لە نموونەی شەهیدە جوانەکانمان، بۆیە دروستکردنی پەیکەر بۆ دکتۆر سلێمان لە پارێزگا قسەی لەبارەوە دەکەین".
دوای ئەوەی لە رێوەڕەسمێکی فەرمی سەربازیدا پێشوازی لە تەرمەکەی کرا، بڕیارە لە شاری هەولێر بەرەو باکووری کودستان بەڕیبکرێت و لە شاری بینگۆل بە خاکبسپێردرێت.
دکتۆر سلێمان خەڵکی باکووری کوردستان بوو. هەرچەندە خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانیا بوو، بەڵام ژیانی ئارامی خۆی بەجێهێشت و روویکردە باشووری کوردستان بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و پووچەڵکردنەوەی بۆمبە چێنراوەکانی داعش.
رۆژی 26-10-2016 بۆمبێکی چێنراو بە دكتۆر سلێمان تەقییەوە و بە سەختی برینداربوو، 30-10-2016 بەهۆی سەختی برینەکەی شەهیدبوو.
دکتۆر سلێمان خەڵکی گوندی چلکانی شاری بینگۆلی باکووری کوردستان بوو، كە تاوەکو تەمەنی 20 ساڵی تێیدا ژیاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ