رووداو- هەولێر
سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵیی ئیسلامی و سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان، سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆ قادر، بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تۆماردەکات.
سکاڵاکەی سۆران عومەر لەدوای ئەوە دێت کە نووسەر سەرۆ قادر، لەكاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداودا، یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردنی گەنجانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "کەسێکی سەربڕ و بکوژ سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستانە".
دوای ئەوەی رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری بەرنامەكە، لە سەرۆ قادری پرسی کە بۆچی پەرلەمانتار سۆران عومەر بەهۆکاری کۆچکردنی گەنجان دادەنێت لەکاتێکدا خەڵكی گلەیی لە بەرپرسان و دەسەڵاتداران دەكەن، سەرۆ قادر گوتی كە ئەو ناوی کەسی نەبردووە، بەڵام سۆران عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەم وڵاتەدا تەنها یەک کەس سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤە لە پەرلەمانی کوردستان، ئەویش منم".
سۆران عومەر دەربارەی قسەکانی سەرۆ قادر گوتی " ئەگەر سەرۆ قادر بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی کە من خوێنی تەنها یەک چۆلەکەشم رشتبێ، با بچێتە دادگا و سكاڵام لەسەر تۆماربکات".
سۆران عومەر هەروەها گوتی كە دەنگۆی ئەندامبوونی ئەو لە رێکخراوی جوندولئیسلام راست نییە و ئەو لە 2001 دا خوێندکاربووە لە زانکۆی سلێمانی. گوتیشی کە "ئەگەر من کارێکی وامکردبا، نەمدەتوانی دەنگم ئەوەندە دلێر بێت. سێ ئەندامی حیزبەکەی کاک سەرۆ دەنگیان بە من داوە وەک سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ".
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ کە چەند جارێکی دیکەش لەلایەن گرووپی جیاوازەوە داوای لابردنی کراوە لە سەرۆکایەتی ئەو لیژنە، راشیگەیاند کە ئەگەر ئەو تاوانباربێت بە کوشتن و سەربڕین، "خۆ هێزە ئەمنییەکان کوێراییان نەهاتووە" وا رێگەی پێدەدەن بە ئازادی بسوڕێتەوە.
سۆران عومەر ئامادەیی دەربڕی لە دیبەیتێکی کراوەدا لە تەلەڤزیۆنی رووداو تەواوی ئەو دۆسیە و کەیسانە هەڵبداتەوە کە پەیوەندییان بە کوشتن و تیرۆرکردنی کەسایەتی و گەنج و نووسەرانەوە هەیە لە کوردستان. گوتیشی کە ئەو دژی هەموو کارێکی نامرۆییە ئەنجامدرابێت بەرامبەر هەر کەس بێت بە کۆمۆنیستەکانیشەوە.
دەربارەی ئەوەی دەگوترێت سۆران عومەر پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ گوتی"من بە حەسانەی پەرلەمانی لە هەولێرم و هەولێر موڵکی باوکی کەس نییە. هەولێر بەعسی تێدایە، ئاوارەی عەرەبی تێدایە کە بیری مەترسیدارییان هەیە".
هەروەها گوتیشی " من بێمنەتانە لە هەولێر دەسوڕێمەوە، لەبەرئەوەی دەستم لە هیچ تاوانێکدا نییە”. جەختیشیكردەوە كە ئەو رێکارە یاساییەکانی دژ بە سەرۆ قادر دەستپێکردووە و داواشیکرد سەرۆ قادر لە قسەکانی پەشیمان نەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ