رووداو- موسڵ
ماوەی زیاتر لە دوو رۆژە شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو چەکدارانی داعش لە گوندی عەلیەرەش و گۆگجەلیل بەردەوامە، تاوەکو ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە بەرپەرچی چەندین هێرشی لەناکاوی چەکدارانی داعشیان داوەتەوە .
بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان لە هێرشەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) 82 چەکدار کوژراون و چوار کیلۆمەتریش لە شوێنی پێشوویان پاشەکشێیان کردووە.
چەکدارانی داعش هەوڵیانداوە بە رێگەی جیاواز و ناردنی ئەندامانیان بۆ ناو گوندەکە زانیاری لەسەر شوێنی هێزەکانی پێشمەرگە وەربگرن، بەڵام بەگوتەی هێزەکانی پێشمەرگە توانیوایانە ئەو کەسانە دەستگیربکەن و لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەش نەخشەی گوندەکەو چەکیشیان بەو کەسانە گرتووە .
چەکدارنی داعش دوو تەنکەر و هەمەرێکی بۆمبڕێژکراویان بەئاراستەی خاڵەکانی پشكنینی هێزکانی پێشمەرگەدا تەقاندنەوە، بەڵام ئەنجامیان نەبووە، هێزەکانی پێشمەرگەش لەو ناوچەیە 7 قەناس بەدەستی داعشیان کوشتوون.



