سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی دیکەی سنووری باشووری کوردستان جێگیربووە

06-06-2018
هونەر ئەحمەد
هونەر ئەحمەد
بە ئاشکرا جموجوڵی سەربازەکانیان دەبینرێت
بە ئاشکرا جموجوڵی سەربازەکانیان دەبینرێت
نیشانەکردن تورکیا بەرمیزە
A+ A-

رووداو - بەرمیزە 

بەقوڵایی دوو کیلۆمەتر و بە پانتایی 30 کیلۆمەتر هێزەکانی تورکیا هاتوونەتە خاکی باشووری کوردستانەوە، هەریەک لە زنجیرە چیاکانی رەشماڵ، کتکین، عادل کیوی و کەڕوا نزارایان کۆنترۆڵکردووە.

هەموو ئەم زنجیرە چیایانە شوێن و پێگەی پێشووتری هێزەکانی پەکەکە بوون، بەگوتەی خەڵکی ناوچەکە لەماوەیەکی کەمدا بۆ هێزەکانی تورکیا چۆڵکراوە.

هێزەکانی تورکیا کە نزیکەی 500 مەتر بۆ کیلۆمەترێک لە گوندە سنوورییەکانەوە دوورە، بە ئاشکرا جموجوڵی سەربازەکانیان دەبینرێت بەردەوامیش لە هەوڵی بەهێزکردنی جێ پێی خۆیانن.

بەپێی زانیارییەکان ئەو هێزانەی کە خاکی باشووری کوردستانیان تێپەڕاندوە، ژمارەیان نزیکەی هەزار سەرباز دەبن.

پێش چەند رۆژێک هێزەکانی تورکیا بە 70 سەربازەوە هاتنە نێو گوندی بەرمیزە و بۆ ماوەی سێ کاژێر لەنێو گوندەکە مانەوە، دواتر لەم مزگەت نانیان خوارد و لە هۆڵی پرسەی مزگەوتەکەش لەگەڵ خەڵکی گوندەکە کۆبوونەوە.

ئامادەبوویەکی نێو کۆبوونەوەکە باسی پەیامی سەربازانی تورکیا دەکات، سەبارەت بەنان خواردنیش دەڵێت، سەربازانی تورکیا هاتوونەتە سەر سفرەی ئەو خواردنەی کە هەموو رۆژ لە مزگەوت ئامادە دەکرێت. 

سەروان کەریم، هاونیشتمانی دەڵێت: "ئێمە هەموو رۆژێک سفرەی نانخواردنمان لە مزگەوت هەیە و خواردنەکەش هی تەنیا ماڵێک نییە هی هەموو ماڵەکانە و ئەوانیش هاتن گوتیان تەنیا وەک دراوسێ سەردانی ئێوە بکەین، ئێستاش ئەو ناوچانە پەکەکەی لێنەماوە و سەربازانی تورکیا هاتوون".

موختاری گوندەکە پێش دوو رۆژ لە هاتنی هێزەکە ئاگادارکراوەتە، ئەمیش بەگوتەی خۆی پێیگوتوون کە بەهاتنتان دۆخەکە خراپتردەبێت، بەڵام هێزەکانی تورکیا سووربوونە لەسەر هاتنیان، ئێستا ژیانی 15 گوند لەسەر سنووری تورکیا لە دۆخێکی خراپدایە.

عەبدولڕەزاق ئەحمەد، موختارى گوندی بەرمیزە دەڵێت "ئەوان بەبیانووی ئەوەهاتوون کە شەڕ لەگەڵ پەکەکە بکەن، بەڵام ئێمە پێمانخۆش نییە و دۆخی گوندەکەشمان خراپ بووە"

خورشید میرۆ پێشمەرگەیە، گوندەکەی کەوتووەتە دەست هێزەکانی تورکیا، ئێستا لەسەر زەویوزاری خەڵکی دیکە بە هاوبەشی کاردەکات بە گوتەی خورشید جوڵەی هێزەکانی تورکیا کاریگەری زۆری کردوەتەسەر بژێوی ژیانی گوندنشینان.

بەبیانووی بوونی هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان، زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی راگەیاندووە، لەو رێگەیەشەوە خاکی باشووری کوردستانی تێپەڕاندوە، ئۆپەراسیۆنەکەش بەگوتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەردەوام دەبێت تاوەکو ئامانجەکانی خۆی دەپێکێت.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە