رووداو - cihan
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێیوایە ئەوەی ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان رەخساوە هەلێكی باشە بۆ سەربەخۆبوون. ئەو ئاماژە بەوە دەكات، كە چیدیكە هەرێمی كوردستان خۆی ناكاتە قوربانی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئەمریكا لەسەر بنەمای بەرژوەندییەكانی خۆی بڕیاردەدات و دەیەوێ سەقامگیریی لە ناوچەكەدا هەبێت، بەڵام ئێمە نامانەوێ سەقامگیریی ناوچەكە چیتر لەسەر حسابی كورد بێت".
فەلاح مستەفا گوتی: "ئێمە زۆرمان بینی و زۆرمان كێشا، كاتی ئەوە هاتووە گەلی كوردیش بتوانێ بە ئارامی و سەقامگیری بژی".
هەروەها ئاماژەی بە هەڵوێستی ئەمریكا كرد و گوتی: "خوێندنەوەی ئێمە بۆ هەڵوێستەكانی ئەمریكا ئەوەیە ئەگەر بزانین هەڵوێستەكان بێلایەنن ئێمە دەنگ ناكەین".بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەپرسێ: "ئەوە بۆ شەش مانگ دەچێت بەغدا مووچەی بڕیوە، بۆچی ئەمریكا دەنگێك هەڵنابڕێت و لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بڵێ بەغدا ئەمەی كردووە و نابێ بیكات؟"
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ "ئەوەی ئێمە كردمان سوپرایز نەبوو، بەهەموو لایەكمان گوتبوو ئەگەر وا نەكرێ ئێمە وادەكەین، ئەگەر ئەمڕۆ نەتوانین ئازاد و سەربەخۆ بین لە بڕیاردان، تا ماوین هەر وادەبین، بۆیە دەبێ بوێر بین و بڕوامان بە خۆمان و بە گەلەكەشمان بێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش قبوڵی ئەوە دەكات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ