عادل موراد: با لەبری پشتگیریی کورد، ئیسرائیل كێشەی فەڵەستین چارەسەر بكات

05-07-2014
عومەر شایان
نیشانەکردن عادل موراد
A+ A-

رووداو-farsnews

عادل موراد، سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ یەكێك لە ئاژانسە هەواڵییەكانی ئێران دەڵێت "ئێمە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دروستناكەین". پێشیوایە و توركیا و ئیسرائیل لە دواڕۆژدا خیانەت بە كورد دەكەن.

سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە ئاماژەدان بەوەی پێشمەرگە چەكی باشی لەدەستدا نییە، دەڵێت "لە كۆتاییدا تیرۆریستەكانی داعش نابود دەبن لەبەرئەوەی هەموو خەڵك دژیانن".

عادل موراد پێیوایە داعش هەموو كەسێكی فریوداوە تەنانەت بەعسییەكانیش، نابێت ئەوە لە بیر بكەین كە زۆرینەی خەڵكی عێراق شیعەن و سوننە و كورد و مەسیحییەكانیش ئەو تیرۆریستانە قبوڵ ناكەن".

سەبارەت بە پشتیوانی ئیسرائیل لە سەربەخۆیی كوردستان، سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دەڵێت "ئیسرائیل لە جیاتی ئەوەی پشتگیری كورد بكات با كێشەی فەڵەستینییەكان چارەسەر بكات. كورد نابێت متمانە بە توركیا و ئیسرائیل بكات لەبەر ئەوەی ئەوانیش خیانەت دەكەن بە كورد هەر وەك ئەو خیانەتەی شای ئێران بەرامبەر بە كورد كردی".

عادل موراد رەتیكردەوە كە دەوڵەتی كوردستان درووستبكرێت و رایگەیاند" ئێمە دەوڵەتی كوردی درووستناكەین، كە دژی ئێران و وڵاتانی دراوسێی عێراق بێت و ئەوە ئێمە نین ئاسایشی ناوچەكە تێكبدەین".

ئەو هەروەها گوتیشی" ئێمە لە كاتێكدا ژێرخانی ئابووریمان نییە و دراوسێكانمان لەگەڵیدا نین، ناتوانین دەوڵەتی كوردی درووستبكەین".

سەبارەت بە مادەی 140-یش سەرۆكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی پێیوایە"ئەو مادەیە دەبێت لەلایەن عێراقەوە جێبەجێ بكرێت و شەرعییەتی سیاسی وەربگرێت، كە لە رووی سیاسییەوە جێبەجێ نەكراوە و دەبێت بە رێككەوتنی سیاسی جێبەجێ بكرێت و ئەو مادەیە هێشتا تەواو نەبووە".

تەوەرێكی دیكەی قسەكانی عادل موراد سەبارەت بە سوپای عێراق و پێویستی درووستكردنەوەی ئەو سوپایەیە كە دەڵێ"دەبێت وەك نیعمەتێك سەیری ئەو شەڕە بكرێت تاوەكوو سوپایەكی نوێ درووستبكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرامبەر تیرۆریستەكان بوەستێت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە