راهێنەرانی هاوپەیمانان لە سەر چەکی ئەمریکی مەشقیان بە پێشمەرگە کرد

05-05-2016
رووداو @Rudawkurdish
...
...
نیشانەکردن پێشمەرگە
A+ A-

رووداو- هەولێر

پۆلێک پێشمەرگە مەشق و راهێنانیان لەسەر چۆنیێتی بەکارهێنانی چەکی سووک و قورس لەلایەن راهێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پێکرا و، ئەمڕۆش پێنجشەممە 5-5-2016 مەراسیمی دەرچوونیان بۆ سازکرا.

رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لەمبارەیەوە رایگەیاند " لە هەولێر لە مەراسیمێکدا ژمارەیەک پێشمەرگە کە مەشق و راهێنانیان لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێکراوە، رێوەڕەسمی دەرچوونیان بۆ کرا، پێشمەرگەکان دواتر بە چەکی نوێی ئەمریکی دەگەڕێنەوە بەرەکانی شەڕ دژ بە چەکدارانی داعش".

پێشمەرگە دەرچووەکان لە دوو لیوا پێکدێن و، لە سەنتەری مەشق و راهینانی هەماهەنگی هاوپەیمانان مەشقیان لەلایەن راهێنەرانی: ئەڵمانی، کەنەدی، ئەمریکی و نەرویجی پێ کراوە.



راهینەران لە وڵاتی جیاوازن و چەکەکانیش ئەمریکین
 
رەنجە جەمال، ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ پێشمەرگەی فەوجی یەک لە لیوای دوو بڕوانامەکانیان وەرگرت و، چەندین جۆرە چەکی قورسی ئەمریکی و ئۆتۆمبێلی دژە تانک و دژە بۆمبیش دراونەتە دەستی پێشمەرگە. 

پەیامنێری رووداو  هەروەها گوتی" لەگەڵ ئەوەی راهێنەرانی سەربازی چەند وڵاتیک مەشقیان بە پێشمەرگە کردووە، بەڵام لەسەر چەکی ئەمریکی مەشقیان پێکردوونە".

جگە لەو فەوجە هەروەها  فەوجی یەکی لیوای یەکیش لە فێرگەی کەرکووک لە چەمچەماڵ ئەمڕۆ ئەم بڕوانامەیە وەردەگرن و، بەچەکی ئەمریکی دەگەڕێنەوە بەرەکانی شەڕ.

لە فێرگەی مەشقی دهۆکیش لە عەترووش مەشقی تایبەت لەسەر چۆنیێتی بەکارهێنانی قەناس، دۆشکە و هاوەن و چەکی قورس بە پێشمەرگە کراوە و ئەمڕۆ بڕوانامەیان پێدەدرێت.

رەنجە جەمال ئاشکراشی کرد "ئەو فەوجەی ئەمڕۆ لە هەولێر بڕوانامەیان پێدرا جۆرەها مەشقیان پێکراوە ( مەشقی بەکۆمەڵ، هەواڵگری، هەڵگرتنەوەی بۆمب) و، سەرجەم مەشقەکانی دیکە، لەدوای ئەوەی ئەوان بڕوانامەیان وەرگرتووە مەشقەپێکردن بە پێشمەرگەی دیکە بەردەوام دەبێت".













 




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە