رووداو- قەرەتەپە
هێزی پێشمەرگە لە گوندی قەرەیاتاغی ناحییەی قەرەتەپە پاشەکشە بە سوپای عێراق دەکات و مولازمێک و چەند سەربازێکی سوپای عێراق دەستگیر دەکرێن.
سەباح محەممەد، کادیری ناوچەی پارتی لە قەرەتەپە لەو بارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق رووی لە گوندی قەرەیاتاغی قەرەتەپە کردووە کە یەکێک لە سریەکانی سەر بە لیوای 5ی شارەزوور تێیدا جێگیر بووە و، داوای لە بەرپرسانی ئەو سریە کردووە کە لە ناوچەکە بکشێنەوە".
سەباح محەممەد راشیگەیاند "دوای ئەوەی هێزێکی 300 کەسی لە لیوای 5 بە هانای هێزی پێشمەرگەوە هاتووە لە گوندی قەرەیاتاغ و، سوپای عێراق ئەو هێزە زۆرەی پێشمەرگەی بینیوە لە ناوچەکە کشاوەتەوە".
بەگوتەی کادیری ناوچەی پارتی لە قەرەتەپە "هەر ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بازگەیەکی هاوبەشی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە قەرەتەپە، مولازمێکی عێراقی لەگەڵ چەند سەربازێک لە لایەن هێزی پێشـەرگەوە دەستگیر کراون، بەڵام تاوهكو ئێستا نازانرێ کە ئازادکراون یان نا".



.jpg&w=3840&q=75)
