بەرپرسێكی PKK : سلێمانیش دەكەینە كانتۆن

05-01-2015
ناسر عەلی
نیشانەکردن سلێمانی کانتۆن پەکەکە
A+ A-

رووداو- دهۆك

لە دوای گرتنی شنگال لەلایەن داعش لە مانگی ئابی رابردوودا، هێزێك لە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG چوونە چیای شنگال، سەركردەیەكی ئەوان لە چیای شنگال رایگەیاند كە مەبەستی ئەوان بۆ شنگال، دوای رزگاركردنی، دروستكردنی كانتۆنی شنگالە و دوای دروستكردنی كانتۆنی شنگالیش دەیانەوێ لە قەندیل و ئەو ناوچانە كانتۆنی سلێمانیش دروستبكەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە تاوەكو مانگی ئابی 2014، هێزی گەورە و خاوەن بڕیاری ئەو ناوچەیە بوو، پێیوایە "ئەوەی PKK دەیڵێت خەونە".

دوای ئەوەی لە رۆژی 3/8/2014، داعش هێرشیكردە سەر دەڤەری شنگال و ناوچەكانی سەر بەو قەزایە، هەزاران كوردی ئێزدی ئەو دەڤەرە، لە ترسی داعش خۆیان گەیاندە چیای شنگال و ماوەی چوار رۆژ ئەو خەڵكە و ژمارەیەك پێشمەرگە و جەنگاوەری ئێزدی لەو چیایە گیریان خوارد. بەهۆی جوگرافیای شنگال و نزیكی و هاوسنووریی لەگەڵ روژئاوای كوردستان، گەریلاكانی هێزی پاراستنی گەل HPG  كە باڵی سەربازیی PKK یە و شەڕڤانانی YPG، هاتنە ناوەوە و دواتر لەگەڵ هێزێكی پێشمەرگەدا، لە تەنیشت سنوونێ رێگەیەكیان بۆ رزگاربوونی خەڵكەكە بۆ پارێزگای دهۆك، لەگەڵ رۆژئاوای كوردستاندا كردەوە .

هاوكات لەگەڵ ئەوەدا،PKK  دەستیكرد بە دروستكردنی هێزێكی چەكداری سەر بە PKK بەناوی (یەبەشە) و چەند بنكەیەكی مەشقیان لە چیای شنگال كردەوە و بنكەی خۆیان لە زۆر شوێنی ئەو ناوچەیەدا دانان و ئاڵاكانی خۆیان لەو ناوچەیە بەرزكردنەوەو دەستیان بە رێكخستنی خەڵكی دەڤەرەكە كرد .

لەماوەی ئەو 11 رۆژەی ئێمە لە چیای شنگال بووین، زۆر هەوڵماندا فەرماندەكانی YPG و بەرپرسەكانی PKK بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) بێنینە ئاخافتن، بەڵام بەهۆی بڕیاری PKK لەسەر بایكۆتكردنی (رووداو)، هیچ بەرپرسێكیان ئامادە نەبوون بە ئاشكرا لێدوان بۆ (رووداو) بدەن، بەڵام لە كۆتاییدا بەرپرسێكی YPG رازیبوو بەبێ بڵاوكردنەوەی ناوەكەی، قسە بكات.

ئەو سەركردەیە باسی هاتنی خۆیانی كرد بۆ دەڤەری شنگال و گوتی "لەهەر جێگەیەك بزانین گەلێك تووشی كارەسات یان زوڵم دەبێت، ئینجا ئەو گەلە كوردبێت، تورك بێت، شیعە و سوننە بن، عەرەب بن یانیش هەر گەلێكی دیكە، ئێمە بە هانایەوە دەچین. كە بینیمان خەڵكی شنگال تووشی كارەسات بوونە، یەكسەر بەهانایانەوە هاتین، رێگەمان بۆ كردنەوە و هەموومان رزگاركردن، خواردن و هاوكاریمان گەیاندە ئەوانەی لێرە ماون".

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی YPG ، زۆربەی ئێزدیەكانی ئەو ناوچەیە ئێستا بوونەتە لایەنگری ئەوان، ئەو دەڵێت "ئێستا زۆربەی ئێزدییەكان لەگەڵ ئێمەن. ئەوان داوایان لە ئێمە كردووە كە هاوكارییان بكەین و بەجێیان نەهێڵین، لەبەرئەوە ئێستا هێزەكانی ئێمە لەنێو شنگالدان و خەریكی كۆنترۆڵكردنی شنگالن و خەریكی دەرهێنانی شنگالن لەدەست چەتەكانی داعش، ناوەستین تاوەكو هەموو هەرێمی شنگال لە بندەستی داعش دەردەهێنین".

ئەو بەرپرسە دەڵێت 500 شەڕڤانیان لە دەڤەری شنگالن و بەرپرسانی پارتیش دەڵێن كەمتر لە 200 شەڕڤانی YPG لە دەڤەری شنگالن، لەوانەش (كۆمەڵگەی خانەسۆر، دهۆلا، كولكا، كەرسێ، شاری شنگال و دوو ناوچەی گرنگ لەسەر چیای شنگال.

"ئێمە لە پێشەوەین و پێشمەرگە لەپشتەوەن"

ئەو بەرپرسەی YPG لە بەرزترین  خاڵی سەرچیای شنگال كە پێیدەڵێن عامودێ، لەنێو ژووری تاوەری مۆبایلی یەكێك لە كۆمپانیاكانی گەیاندن باسی پاشەڕۆژی شنگالی كرد و گوتی "مەبەستی هاتنی ئێمە ئەوە نییە لێرە بمێنینەوە، بەڵام هاتووین شنگال لە هەموو چەتەكانی داعش پاك بكەینەوە، پاشان كانتۆنێكی وەك جزیرێ و عەفرین لێرە دروستبكەین، كە هەموویان لە خەڵكی شنگال بن، بەخۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، ئەوكاتە ئەو كانتۆنە خۆی بڕیار دەدات سەر بە حكومەتی عێراق بێت، یان كوردستان".

بەرپرسەكە باسی هێزەكانی خۆیانی كرد لە شنگال و گوتی "ئێستا نزیكەی 500 گەریلا لە هێزەكانی YPG، YPJ، YBS و HPG لەناو شنگالدا بەرخۆدان دەكەن. زۆربەی ئەو هێزانە لە هێڵی پێشەوە لە شەڕدان، هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگالیش وەك كۆبانێ لە پشت هێزەكانی ئێمەوە بە چەكی گران، هاوكاری هێزەكانی ئێمە دەكەن".

"كانتۆنی سلێمانیش دروست دەكەین"

ئەو بەرپرسەی YPG باسی پلانەكانی داهاتوویان دەكات و دەڵێ "جگە لە شنگال خەڵكی زۆر ناوچەی دیكەی باشووری كوردستان لەگەڵ ئێمەدان. لە ناوچەی قەندیل خەڵك لەگەڵ ئێمەدایە، دەمانەوێت لە قەندیل و سلێمانیش كانتۆن دروستبكەین. ئێستا ئێمە خەریكی شنگالین، دوای شنگال دەچینە قەندیل و سلێمانیش".

ئەو بەرپرسەی  YPG، زیاتر باسی ئەو كانتۆنانەی كرد و گوتی "كە ئەو ناوچانە بوونە كانتۆن، ئەوكات بەخۆیان خۆیان بەڕێوەدەبەن. بودجەی ئەوان لە هەرێمی كوردستان بێت یان لە عێراق بێت، دەتوانن خزمەتی باشتر پێشكێشی خەڵكی ئەو ناوچانە بكەن".

بەرپرسێكی پارتی: ئەو ئێزدیانەی ببوونە PKK ئێستا گەڕاونەتەوە

دوای رووخاندنی دەسەڵاتدارێتی سەدام لە نیسانی 2003 دا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك خاوەن بەهێزترین و فراوانترین هێزی جەماوەری، لەو ناوچەیەدا بووە هێزی باڵادەست، لەسەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی لە دەڤەری شنگال كراون، پارتی زیاتر لە 80%ی دەنگی هێناوە. قاسم شەشۆ كە بەرپرسێكی پارتییە لە ناوچەكەدا دەڵێت "راستە لە سەرەتای رووداوەكانی شنگال، بەهۆی هاوكاریكردنی كوردی ئێزدی، بەشێك لە خەڵكی شنگال مەیلیان بەلای هێزەكانی PKK دا شكایەوە، بەڵام ئێستا زۆربەی ئەو خەڵكە گۆڕاون و هاتوونەتەوە ناو پارتی".

قاسم شەشۆ، كە خۆیشی كوردێكی ئێزدییە و سەرپەرشتی جەنگاوەرانی ئێزدی دەكرد لە چیای شنگال لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی دیكەی كوردی ئێزدی، سەبارەت بە داوای  PKKبۆ كردنی شنگال بە كانتۆن، بە (رووداو)ی گوت "ئەو شتەی PKK بیری لێدەكاتەوە خەونە، چونكە شنگال لە هەموو روویەكەوە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، راستە پێش ئێستا لەو ناوچانە بوو كە پێیاندەگوت مادەی 140، بەڵام هەموو كاتێك وەك قەزایەكی سەر بە پارێزگای دهۆك هەژمار كراوە".

قاسم شەشۆ، باسی تێڕوانینی پارتی كرد، دوای دەرهێنانی شنگال لە دەستی داعش و گوتی "هیچ پارتێكی سیاسی ناتوانێ بڕیار لەسەر چارەنووسی شنگال بدات جگە لە خەڵكی شنگال، ئێمە وەك پارتی لەگەڵ ئەوەداین كە شنگال وەك هەڵەبجە و بە رێگەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێتە پارێزگایەكی سەر بە هەرێمی كوردستان".

قاسم شەشۆ كە زیاتر لە چوار مانگە لە چیای شنگالە دەڵێت "هێزی  YPGزۆر نین، لەوانەیە كەمتر لە 200 كەس بن، سێ بەشی ئەو هێزەشیان لە رۆژئاوای كوردستان هێناوە، بەشێكی كەمیان كوردی ئێزدین".

دەربارەی دروستكرنی كانتۆنی شنگال لەلایەن PKKەوە. هەڵۆ پێنجوێنی، بەرپرسی مەڵبەندی 7ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە موسڵ دەڵێت "ئێمە دژی بۆچوونی هیچ لایەنێك نین، لەگەڵ ئەوەداین خەڵك خۆی بڕیاری خۆی بدات، ئەوكاتە كە شنگال هەموو رزگاربوو و خەڵكی ئەو ناوچانە هەموویان گەڕانەوە سەر ماڵی خۆیان، ئەوان چ بڕیار بدەن ئێمە رێز لەو بڕیارە دەگرین، ئەگەر بڕیارەكەیان دروستكردنی كانتۆنیش بێت".

جگە لە شنگال ئەو بەرپرسەی YPG باسی قەندیل و سلێمانیشی كرد، كە بكرێتە كانتۆن، كە ئێستا PKK ناوچەی قەندیلی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە یەكێك لە ناوچەكانی (هەرێمەكانی پاراستنی میدیا) ناودەبات .

بەڵام نەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەڵێت "باشووری كوردستان تاوەكو ئێستا بەشێكە لە حكومەتی عێراق، لە دەستووری عێراقیشدا بەهیچ شێوەیەك باسی كانتۆن نییە، بۆیە لە هەموو رووێكەوە دژی دروستكرنی كانتۆنین لە هەموو عێراق. ئێستا عێراق سیستەمی فیدڕالی هەیە، هەموو شت بەڕوونی باسكراوە لەو بارەوە ".

نەرمین عوسمان بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت "من تێناگەم بۆ ئەوان كانتۆن لە شنگال و قەندیل و سلێمانی دروستدەكەن، چونكە ئەمە سنوورێكی دیكەیە، ئەمە عێراقە، هەتا لە رۆژئاوای كوردستانیش ئەگەر ئەو كانتۆنانە نەكەونە ناو دەستووری سووریا، نایاسایی دەبن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە