لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی گوت، هێزەكانمان لە سلێمانییەوە گەیشتوونەتە شاری كەركووك بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە.
لاهور شێخ جەنگی گوتیشی "بەهاوكاری هێزەكانی دیكە سەرقاڵی داڕشتنی بەرنامەیەكین بۆ ئەوەی بە پلانێكی تۆكمە بارەگای هەواڵگری عێراق بخەینەوە ژێر دەستی خۆمان".
بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، پەرش و بڵاوییەك لەوێ هەیە و هێزێكی زۆر لەوێ كۆبووەتەوە، دەبێت ئەو هێزانە لابچن بۆئەوەی هێزەكانی ئێمە ئەو بەرنامەیەی خەریكین دای دەڕێژین، جێبەجێی بكەن.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە بەردەم بارەگای دەزگای هەواڵگری عێراق لە شاری كەركووك تەقییەوە، دوای تەقینەوەكەش ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر بارەگاكەو كۆنترۆڵیان كرد، تاوەكو ئێستاش شەڕ و پێكدادان لەنێوان چەكدارەكان و هێزە ئەمنییەكانی ئەوشارە بەردەوامە.
لەبارەی دواین ژمارەی كوژرا و بریندارانیش، د. سەباح ئەمین، بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی كەركووك بە (رووداو)ی گوت "تاوەكو ئێستا 5 كەس كوژراون و 60 كەسی دیكەش برینداربوونە، كوژراوەكانیش بریتین لە رائیدێكی پۆلیس، دوو كارمەندی ئاسایش، پۆلیسێك، شۆفێرێكی ئەمبوڵانس، 5 لە بریندارەكانیش كارمەندی تەندرووستین، چەند بریندارێكيش رەوانەی هەولێر كراون".



