گۆڕان چاوی لە دەسەڵاتدارییەتی سلێمانییە

05-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
.
.
نیشانەکردن گۆڕان پارێزگای سلێمانی
A+ A-
رووداو- سلێمانی

نەوشیروان موستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە دواین کۆبوونەوەی لەگەڵ چالاکوانانی بزووتنەوەکەی، داوایکرد پرسی وەرگرتنی دەسەڵات لە سلێمانی گەنگەشە بکەن، ئەوەش بووە سەرەتاییەک بۆ قسەکردن لەسەر قەڵەمڕەوی لە شاری سلێمانی و ئیدارەکەی و، لێدوانی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە هەڵبژاردنی ئەیلوولی ئەمساڵدا، خەڵك لە سلێمانی ئاڵا سەوزەكەیان داگرت و ئاڵایەكی نیلییان بەرزكردەوە، بەڵام هێشتا قەڵەمڕەوییەكە وەكخۆیەتی، ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێ‌ پێش ئەوەی حكومەتی داهاتوو یەكلایی بكرێتەوە، سلێمانی یەكلایی بكرێتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان تێگەیشتووە نەیتوانی لە رێگەی پەرلەمانەوە ماسییە گەورەكە بە قولابەكەیەو هەڵكێشێتە سەرەوە، بۆیە ئێستا چاوی لەوەیە هەویری چەوری ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەقولابەكەوە شۆڕبكاتەوە.

دانا عەبدولكریم، سەرۆكی فراكیسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (رووداو) دەڵێت "یەكێتی 22%ی دەنگەكانی بە دەست هێناوەو ناكرێت بەو رێژەوە حكومی 80%ی خەڵكی سلێمانی بكات، خۆشی سەركەوتوو نابێت، راستی ئەوەیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت، ئەگینا دەبێت لە سەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن پێوەرێك دابنرێت بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان".

ساڵی 2009پارێزگاری پێشوی سلێمانی دانا ئەحمەد مەجید، دەستی لە كاركێشایەوە و دواتر لە گردی زەرگەتەوە ئاڵا نیلییەكە لە پشتییەوە دەركەوت، یەكێتی بەهرۆز محەممەد ساڵحی لە جێگەی دانا، بەڵام پارێزگارێكی رەتكراوەبوو لەلایەن زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە. لەوكاتەوە بزووتنەوەی گۆڕان وەك كورسییەكی داگیركراو سەیری كورسی پارێزگار دەكات.

وشیار سدیق، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی "راستە ئەوان لە دوو هەڵبژاردن زۆرینەیان بە دەست هێنا، بەڵام بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەگەر هەڵبژاردن كرا ئەوكات یان دەبێت بە تەوافوق یان بە زۆرینەی كورسی ئیدارەی سلێمانی بەرێوەبەرن"

لە 4ساڵی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان بە باشی دركی بەوە كردووە، ئەگەر مۆری پارێزگایەكی لە گیرفاندا نەبێ‌، دواجار ناتوانێ‌ شتێكی ئەوتۆ لە توڕەبوونی نێو پەرلەمان شین بكات. بۆیە ئەمجارە دەیەوێ‌ وەك دەموچاوی پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ ركابەرەكانی بكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە