پێشمەرگە چووە ناو شنگالەوە

04-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو – شنگال

بەپێی لێدوانی سەرچاوەكانی پێشمەرگە و پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوچەكە ، پێشمەرگە گەیشتە ناو شنگال و ئێستا لەنێو شنگالدا لەگەڵ چەكدارانی داعشدا لەشەڕدان .

پەیامنێرانی رووداو و سەرچاوەكانی پێشمەرگە رایدەگەیێنن ، كە هێزێكی گەورە كە پێكهاتووە لە 10 هەزار پێشمەرگە ، لەسێ لاوە شنگالی گەمارۆداوەو، دوای بووردوومانێكی خەستی هەردوو گەڕەكی مزگەوتی رەحمان و گەڕەكی نەسر ، هێزێكی زۆری پێشمەرگە چووە نێو شەنگال و، ئێستا پێشمەرگە لەپێشڕەویەكی بەردەوامدایە و هێزەكانی داعش لەبەزینێكی زۆردان ، هەروەك سەرچاوەكانی پێشمەرگە باسیدەكەن .

هەروەها هێزێكی زۆری پێشمەرگەش گەیشتە سەر چیای شنگال ، كە هەزاران ئێزدی لە ترسی چەكدارانی داعش ، دوو رۆژبوو لەو چیایە خۆیان پەنادابوو .

هەروەها بەپێی پەیامنێرانی رووداو لە دەڤەری زووممار ، هێزەكانی پێشمەرگە لەو قۆڵەشدا لەپێشڕەویدان ، ئامانجی ئێستای پێشمەرگە كۆنترۆڵكردنی رێگەی سحێلا – رەبیعەیە ، بۆ گرتنی رێگەی دەربازبوونی داعش بۆ رۆژئاوای كوردستان و سووریا .

هەروەها چەكدارانی داعش پردی زوومماری تەقاندووەتەوە ، بۆ ئەوەی رێگە لە چوونی پێشمەرگە بگرن بۆ چوونە نێو زووممارەوە.

سەرچاوەیەك لە ناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە زووممار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند : مەودایەكێ كەم لە نێوان ئێمەو داعشدایە و ئێمە لە نزیك زووممارین ، ناو بەناو داعش بە هاوەن و هەمەرەكانیان هێرش دەكەن ، سەر پێش سەعاتێك دیسان هێرشیانكرد ، بەڵام پێشمەرگە بە چەكی دۆشكەی دوانزەونیو و هاوەن بەرەنگاریان بوونەوەو هێرشەكەیان تێكشكاند.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە ، ئێستا هێزێكی زۆری پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی ئەوان گەیشتوونەتە دەوروبەری زووممار و لە نزیكترین كاتدا هێرشێكی گەورە دەبەنە سەر داعش بۆ دەركردنیان لەو شارۆچكەیە ، هەروەك ئەو سەرچاوەیەی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند .

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە