رووداو - هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە لە پاڵپشتی و بەهاناوەچوونی خێرای کوردانی ئێزدی. هاوکات راشیگەیاندووە کە هەموو بستێکی خاکی شنگال لەدەستی داعش دەگەڕێننەوە. ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەوانەی کەمتەرخەمبوون لە ئەرکی پاراستنی خاکی کوردستان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 4ـ 8ـ 2014 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بابە شێخی ئێزیدیان و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتەكانی ئێزیدی و دەڤەری شەنگال.
بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنێكدا بارودۆخی ناوچەكانی شنگال و زوومار و دۆخی نالەباری ئاوارەكانی شاری شنگال خرایە بەر باس و بابێ شێخی ئێزیدیان داوای لە بارزانی كردووە، كە هەموو هەوڵێكی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چارەیەك بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزیدییەكان و خەڵكی ناوچەی شنگال هاتووە بدۆزرێتەوە.
بابە شێخ داواشیکردووە "دەرگا بۆ خەڵكی دەڤەرەكە بكرێتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان بكەن و دەڤەرەكەیان لە تیرۆریستان پاكبكرێتەوە".
لە هەواڵەکەی ماڵپەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە لەو دانیشتنەدا بارزانی بە شاندی میوانی راگەیاندووە "بە رۆح و بە گیان ئامادەین بەرگریی لە خاك و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێزدی بكەین و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و رزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەیكەین".
بارزانی ئاماژەی بە ڕەسەنایەتیی كوردانی ئێزیدی داوەو رایگەیاندووە "هیچ دوژمنێك ناتوانێ كوردانی ئێزیدی لەناو ببات و سوورین لەسەر پاراستنی ئێزیدییەكان و گەڕاندنەوە ئازادكردنی هەموو بستێكی دەڤەری شنگال".
سەرۆكی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی "لەگەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی بە زووترین كات چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەو ئاوارانە بدۆزرێتەوە، كە پەنایان بۆ چیای شنگال بردووە و لە بارودۆخی خراپدان". لەبارەی "شەڕی تیرۆریستان"یش وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە بارزانی رایگەیاند "ماوەی دوو مانگە هێزی پێشمەرگە بە تەنیا و بە ئیمكاناتی متوازع بەرگری لە كوردستان دەكات و حكومەتی عێراقی و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش یارمەتیی گەلی كوردستانیان نەداوە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكات و تەنانەت رێگریش بوون لەوەی گەلی كورد چەك بۆ خۆی دابین بكات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات".
لەبارەی هۆكارەكانی ئەو بارودۆخەی روویداوە لە بەرەكانی رووبەڕووبوونەوە لە دەڤەری شنگال بارزانی جەختیکردووەتەوە "نابێ بواری هیچ كەمتەرخەمی و كەموكوڕییەك بمێنێت و ئەوانەی كەمتەرخەم بوونە لە بەرگریكردن و پاراستنی خەڵك ئیجرائاتیان لەگەڵدا دەكرێت".


.png&w=3840&q=75)

