روونکردنەوەیەک لە قوتابخانەى رۆزاک و هەولێرى سیستەمى ئینگلیزى

04-02-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن قوتابخانە
A+ A-

رووداو-هەولێر

قوتابخانەى رۆزاک و هەولێرى سیستەمى ئینگلیزى روونکردنەوەیەک لەبارەی وەرگرتنی پارە لە قوتابییەکانی بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "هەموو ئەو پارەیەى خەرج دەکرێت بە وردەکاری تەواو و واژووى ئەنجوومەنەوە تۆمار دەکرێت".

دەقی روونکردنەوەکە

لە لاپەڕەى دووى ژمارە (539)ى رۆژنامەى رووداو، راپۆرتێک بە مانشێتى "دوو قوتابخانە ساڵانە 500 ملیۆن دینار لە قوتابیان وەردەگرن" بڵاو کراوەتەوە، بۆیە وەک هەردوو بەڕێوەبەرى قوتابخانەى "رۆزاک و هەولێر"ى سیستەمى ئینگلیزى بە پێویستى دەزانین لەم بارەوە روونکردنەوەیەک بدەین، چونکە پرسەکە پەیوەندیدارە بە ئێمە و قوتابخانەکانمان:

یەکەم:

بەهۆى داواکارییەکى زۆرى قوتابیان بۆ خوێندن بە زمانى ئینگلیزى و کەمى قوتابخانەى هاوشێوەى ئەم سیستەمە، دایک و باوکان لە رێگەى خۆیانەوە داوایان لە وەزارەتى پەروەردە کرد بۆ ئەوەى دەوامى دووەم لە قوتابخانەکانمان بکرێتەوە بە هەمان ستافى مامۆستایان، تەنانەت زۆر لە دایک و باوکى قوتابخانە ناحکومییەکانیش پاڵەپەستۆیان خستەسەر وەزارەتى پەروەردە تا لە رێگەى خوێندنى پارالێلى حکومییەوە ئەو قوتابیانە وەربگیردرێن، کە خۆیان ناونووس کردبوو و بێبەش نەبن لە خوێندن، هەر ئەمەبوو کە وەزارەت بە وەرگرتنى سەرجەم سەرنج و تێبینى و پێشنیارەکان و سەرنجى کەسانى پەروەردەیی، بە نیوەى تێچووى خوێندنى قوتابخانە ناحکومییەکان، دەوامى پارالێلى ئێواران بۆ قوتابخانەکانمان کرانەوە بەو مەرجەى ئەنجوومەنى دایک و باوکان لە رووى دارایی و راییکردنى کارە مادییەکانەوە پڕۆسەى خوێندن و دەوامەکە بەڕێوەبەرن. بۆیە ئێستا لەو داهاتە کە رۆژنامەى بەڕێزى رووداو زوومى خستووەتە سەر!، لە لایەن ئەنجوومەنەکەوە بۆ مووچەى مامۆستاکان و کەلوپەل و پەڕاو و نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکان سەرف دەکرێت و نووسخەى مەسرووفاتیش لە لاى (بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردە، ئەنجوومەنى دایک و باوکان، کارگێڕى قوتابخانە و ژمێریارى) دەمێنێتەوە و تەنانەت منداڵە شەهید و پێشمەرگەکانیش بێ بەرامبەر نزیکەى 20%ى کورسییەکانیان بۆ تەرخان کرا.

دووەم:

هەر لەسەر ئەم راپۆرتەى رووداو، پەیوەندیمان بە ئەنجوومەنى دایک و باوکانەوە کرد تا لەم بارەوە قسە بکەن، ئەوەبوو بەڕێز دکتۆر کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلەتەکنیکى هەولێر کە خۆى لە ئەنجوومەنى دایک و باوکاندایە، گوتى "لام سەیرە کە بەم هەموو ماندووبوونەمانەوە، لەبرى پرژانە سەر زۆر بابەتى دیکە و کێشەکانى ترى کۆمەڵگە، کەچى ڕوو لە پرسێک دەکرێت کە سەرکەوتنى بەدەست هێناوە و لێى پاکتر نییە. ئێمە وەک ئەنجوومەنى دایک و باوکان هەموو کاروبارە ماڵییەکانى ئەو قوتابخانانەمان لە ئەستۆیە و هەموو ئەو پارەیەى خەرج دەکرێت بە وردەکاری تەواو و واژووى ئەنجوومەنەوە تۆمار دەکرێت، بۆیە دەبوو رووداو قسەى لەگەڵ ئێمەدا کردبایە، نەوەک شتێکى ئاسایی بکاتە دەنگۆیەکى زەبەلاحى بەلاڕێدابەر".

سێیەم:

بەداخەوە ئێمە پێمان سەیرە تۆڕى میدیایی ڕووداو سەرەڕاى ماندووبوونى زۆریان، کەچى بێ بەڵگەى تەواو و دروست و بێ خۆماندووکردن بەدواداچوونى داتا و زانیارییەکان، ریپۆرتاژێک بڵاو دەکاتەوە، چونکە لێدوانى ئێمەى بەڕێوەبەر بە تەلەفۆن وەک قسە وەرگیراوە نەک وەک لێدوانى فەرمى، تەنانەت داواشمان لە پەیامنێرەکە کرد کە بە وەرگرتنى ڕێگەپێدان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردە و هاتنە قوتابخانە راستەوخۆ زانیاری لە زمانى ئێمەوە وەربگرێت، بەڵام بەداخەوە هەست دەکەین ئەم کارە زۆر ناپڕۆفیشناڵانەیە و دوورە لە ئەتەکێتى رۆژنامەنووسییەوە.

چوارەم:

ئەوەمان پێ سەیرە کە لە نێو کەرتى تەندرووستى و خوێندنى باڵاش، سیستمى پارالێل پەیڕەو دەکرێت، کەچى بەداخەوە شەفافیەتى کارکردنى ئێمە بە هۆى ئەنجوومەنى دایک و باوکانەوە بووەتە کێشە و لەبرى نیشاندانى رووە ناشیرینەکانى کەرتەکانى دیکە هەوڵى ناشیرینکردنى کەرتى پەروەردە دەدرێت. سەیرمان بەوە دێت میدیاى ئێستاى کوردى لەبرى بەدواداچوون بۆ کێشە و ئاریشە گەورە کۆمەڵایەتى و تەندرووستى و پەروەردەییەکان، ڕیفۆرم و سەرکەوتنى پڕۆسەى خوێندن دەبەنە ژێر پرسیارەوە، ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتى پەروەردە پێچەوانەى وەزارەتەکانى دیکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گەورەترین وەزارەتى خزمەتگوزارییە کە بێ هیچ داهاتێک رۆژانە خزمەت پێشکەش بە ملیۆنێک و 700 هەزار قوتابی و خوێندکار دەکات.


بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى "رۆزاک و هەولێر"ى سیستەمى ئینگلیزى لە هەولێر 4-2-2019ی زایینى

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە