رووداو - هەولێر
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لەبارەی رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان و سووتاندنی ئاڵای كوردستان لەلایەن هێزەكانی سەر بە پەیەدە لە شاری ئاموودە بڵاوكردەوە و رایگەیاند "ئەوانەی ئاڵای كوردستان دەسووتێنن باجی تاوانەكەیان دەدەن".
رۆژی هەینی 2-12-2016، هێزەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی- پەیەدە، لە شاری ئاموودەی رۆژئاوای كوردستان هێرشیان کردە سەر نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و ئاڵای کوردستانیان سووتاند.
لە پەیامەكەیدا بارزانی دەڵێت "سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی خەڵكی خۆڕاگری شاری عامودا دەكەم، كە بەرگریكاری رەسەنایەتی و نیشتیمانپەروەری و بەها بەرزەكانی گەلی كوردستانن. دەستخۆشیتان لێ دەكەم كە بە پشوودرێژی و بەرخودانتان ئاڵای كوردستان دەپارێزن، كە ئاڵای خوێنی شەهیدان و هێمای پێكەوەژیان و ئاشتیخوازییە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەشڵێت "لەوە دڵنیاتان دەكەمەوە كە رێچكەی نیشتیمانپەروەری و گیانی كوردایەتی و رەسەنایەتی سەردەكەوێت و شەرمەزاری بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە كە ئاڵای كوردستان دەسووتێنن، گەنج و لاوی كورد ئەشكەنجە و ئازار دەدەن و، دواجار باجی ئەو تاوانانەیان هەر دەدەن".
هەر رۆژی هەینی، لە شاری قامشلۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) خۆپیشاندانێكی جەماوەری رێكخست بۆ شەرمەزاركردنی دەستگیركردنی سەركردەكانی و زیندانیكردنیان لە بەندیخانەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموكراتیك، پاشان لایەنگرانی پەیەدە گردبوونەوەیەكیان رێكخست و گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوولا دروستبوو.
ئاسایشی رۆژئاوا بڵاوەی بە خۆپیشاندەران كرد و تەقەشی لە خۆپیشاندەران كرد، بەهۆی تەقەكردنیشەوە 5 كەس برینداربوون. هەر لە قامشلۆ، ئاسایش هێرشی كردە سەر نووسینگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا و پارتی یەكێتی كورد -سووریا، كەلوپەلەكانی شكاندن و زیانی پێگەیاندن.
دەقی پەیامەكە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی خەڵكی خۆڕاگری شاری عامودا دەكەم، كە بەرگریكاری ڕەسەنایەتی و نیشتیمانپەروەری و بەها بەرزەكانی گەلی كوردستانن. دەستخۆشیتان لێ دەكەم كە بە پشوودرێژی و بەرخودانتان ئاڵای كوردستان دەپارێزن كە ئاڵای خوێنی شەهیدان و هێمای پێكەوەژیان و ئاشتیخوازییە.
لەوە دڵنیاتان دەكەمەوە كە ڕێچكەی نیشتیمانپەروەری و گیانی كوردایەتی و ڕەسەنایەتی سەردەكەوێت و شەرمەزاری بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە كە ئاڵای كوردستان دەسووتێنن و گەنج و لاوی كورد ئەشكەنجە و ئازار دەدەن و، دواجار باجی ئەو تاوانانەیان هەر دەدەن.
مسعود بارزانی
3ـی 12ـی 2016
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ