نەوشیروان مستەفا: پێویستی زۆرمان بە مام جەلالە

03-05-2016
رووداو @Rudawkurdish
نەوشیروان مستەفا و مام جەلال
نەوشیروان مستەفا و مام جەلال
نیشانەکردن نەوشیروان مستەفا مام جەلال
A+ A-

رووداو- سلێمانی
  
نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژی سێشەممە 3-5-2016، سەردانی مام جەلال، سكرتێری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆككۆماری پێشووی عێراقی كرد و پاشان لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هاوژینی مام جەلال كۆبووەوە كە لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی بە كەسی یەكەمی یەكێتی دادەنرێ.

لە دیداری نێوان نەوشیروان مستەفا و مام جەلال، هەریەك لە هێرۆخان، محەممەد تۆفیق رەحیم، قوباد تاڵەبانی، دلێر سەید مەجید، بەهرۆز گەڵاڵی، دكتۆر محەممەد سابیر و لاهور شێخ جەنگی ئامادەبوونە. بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە "نەوشیروان مستەفا خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەكە و باشی تەندروستی مام جەلال دەربڕیوە".

رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە رۆڵی مام جەلال كردووە و رایگەیاندووە " مام جەلال بەڕاستی جێگەت دیارە لە كوردستان و عێراق و پڕناكرێتەوە، لە كوردستان پێویستی زۆرمان پێتە". گوتووشیەتی "ئێستا لەوەتەی لە بەغدا نیت، ناكۆكییەكان قوڵبوونەتەوە، جاران جەنابتان هەموویانت كۆدەكردەوە".

لەبەرامبەردا مام جەلال "وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی بۆ گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، سوپاسگوزاری نیشانداوە بۆ سەردان و دەربڕینی هەستی برایانەی". بەپێی زانیارییەكان نەوشیروان مستەفا و هێرۆخان كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان ئەنجامداوە و باسی رێككەوتنی نێوان هەردوولایان كردووە كە دەمێكە باسدەكرێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە