داعش لەچەند میحوەرێكەوە هێرشیكردە سەر پێشمەرگە

03-05-2016
ئەحمەد عەبدوڵڵا
.
.
نیشانەکردن پێشمەرگە داعش
A+ A-

رووداو- هەولێر

چەکدارانی داعش بەیانی رۆژی سێشەممە 3-5-2016، لە چەند میحوەرێکەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لە باشیك دوو خۆكوژ خۆیان تەقاندەوە، لە میحوەری خازریش زیاتر لە 3 كاژێرە شەڕ بەردەوامە.

سەرچاوەیەکی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ژمارەیەكی زۆری چەكداری داعش لە کاژێر 05:30 خولەكی سەرلەبانییەوە هێرشیانکردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و تاوەكو ئێستا شەڕ لە گوندی وەردەک بەردەوامە". راشیگەیاند" داعش زیانی هەیە، بەڵام هێشتا ئاماری زیانەکانی نازانین." 

هاوكات سەرچاوەیەکی پێشمەرگە لە میحوەری تلسقۆف بە رووداوی راگەیاند "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش دەستیان بە تۆپبارانکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کرد و ئێمەش وەڵاممان دانەوە". 




بەهەمانشێوە لە میحوەری باشیکیش داعش هێرشیکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و، دوو خۆكوژیش لە نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە خۆیان تەقاندەوە. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "دوو هەمەری بۆمبڕێژکراوی چەکدارانی داعش لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە خۆیان تەقاندەوە، بەڵام هیچ پێشمەرگەیەك شەهید و بریندار نەبووە".

بەپێی زانیارییەکان داعش لە چیای باشیک لە چوار قۆڵەوە هێرشێکی بەربڵاوی کردووەتەوە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە بەرپەرچدراونەتەوە و شەڕ بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، چەكدارانی داعش لە میحوەرەكانی ناوەران، بادۆش، گوێڕ و چەند شوێنێكی دیە هێرشیان كردووەتەوە سەر پێشمەرگە.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە