رووداو- هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە چەند وێنەیەکی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لایەن دەزگا راگەیاندنەکانی ئەو حیزبە بڵاوکرانەوە. لە یەکێک لە وێنەکاندا د. لەتیف رەشید، ئاوەڵزاوای تاڵەبانی دەردەکەوێت. لەوباریەەوە د.لەتیف رەشید، راوێژکار و ئاوەڵزاوی تاڵەبانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، وێنە نوێیەکانی مام جەلال رۆژی 20/3 گیراون و ئەو رۆژە مام جەلال جەژنی نەورۆزی لەگەڵیاندا کردووە. ناوبراو روونیکردەوە، وێنەکان لە چێشتخانەیەکی دەرەوەی شاری بەرلین گیراون، لەسەر داواکاری مام جەلالیش ئەو چوونە دەرەوەیان ئەنجامداوە. د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبينی ئەوە دەکرا رۆژی 21 مانگ یەکەمین رۆژی نەورۆز باران ببارێت، بۆیە رۆژێک پێش جەژنی نەورۆز لە سەر داوای سەرۆك كۆماری عێراق چووينە دەرەوە. ئاوەڵزاوەکەی تاڵەبانی دەڵێت "لەو رۆژەدا مام جەلال دڵی زۆر خۆش بووە و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لێکردووین و رۆژێکی زۆر خۆشمان بەسەربرد". هاوکات دەشڵێت "تەندرستی مام جەلال زۆر باشە و تەرکیز و جووڵەی زۆر باش بووە". هێمای بۆ ئەوەش دەكات کە رۆژانە مام جەلال سەیری تەلەفزیۆن دەکات و رۆژنامەکان دەخوێنێتەوە، بەڵام " ئێستا زیاتر شیعر دەخوێنێتەوە، بەتایبەت شیعرەکانی جەواهیری و چەند شاعیرێکی دیکە". لەبارەی وادەی گەڕانەوەشی، د.لەتیف رەشید دەڵێت "مام جەلال ئارەزووی گەڕانەوە دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام گەڕانەوەکەی دەبێت تیمی پزیشکی بڕیاری لەبارەوەبدەن و تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ گەڕانەوەی دیاریی نەکراوە". سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆشی، د.لەتیف گوتی "ئەو رۆژەی کە چووینە دەرەوە وێنەی ڤیدیۆیی نەگیراوە، بەڵام لە داهاتوودا وێنەی ڤیدیۆیی مام جەلال بڵاودەکرێتەوە". تاڵەبانی رۆژی 17-12-2012 لە شاری بەغدا تووشی جەڵتەی مێشک بوو، پاشان برایە ئەڵمانیا و لەوێ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرێ. جگە لە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدی خێزانی و د.نەجمەدین کەریم، پزیشکی تایبەتی و تاکە رێگەپێدارو بۆ قسەکردن لە سەر تەندروستی ناوبراو، کەسی دیکە ئاگاداری حەقیقەتی تەندروستی تاڵەبانی نییە، چەند سەرکردەیەکی کورد و عێراقش ھەوڵیاندا لە نزیکەوە تاڵەبانی لە ئەڵمانیا ببینن، بەڵام رێگەیان پێنەدرا.
تەندروستی25-10-2026وەزارەتی تەندروستی: خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بوونەتە هۆی گەڕاندنەوەی زیاتر لە 182 ملیار دینار بۆ هاونیشتمانییان
تەندروستی25-10-2026تەندروستیی سۆران: رەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی دوو ئامێری پێشکەوتوو بۆ نەخۆشخانەی سۆران