لە باکووری کوردستانیش ئاکەپە بە دەنگ و شارەوانی لە پێشە

03-04-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەکەپە، ئەردۆغان ، ئۆجەلان
A+ A-

رووداو- ئامەد

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان بووە مەیدانی کێبڕکێی نێوان پارتی داد و گەشەپێدان وپارتی ئاشتی و دیموکراسی. هەردوو پارت هەموو تواناکانیان خستەگەڕ بۆ مسۆگەرکردنی زۆرترین رێژەی دەنگ لەم ناوچەیە. پارتی ئاشتی و دیموکراسی ئەم هەڵبژاردنەی وەک ریفراندۆمێک دەبینی بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەو هەنگاونان بەرەو خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک.

 

پارتی داد و گەشەپێدانیش گرنگی زۆری بە شارەوانی ئامەد دەداو بەو مەبەستە غالیب ئەنساریئۆغڵوی ئەندامپەرلەمانی پارتەکەی کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەم شارە. ئەردۆغان لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی 27 ی ئازار لە شاری ئامەد بەڵێنی بە لایەنگرانی پارتەکەی دا ئەگەر متمانە بە کاندیدەکەی بدەن ئەو ئامادەیە خۆی ببێت بە راوێژکاری و ئەزموونەکانی لە بواری کاری شارەوانی بخاتە گەڕ بۆ خزمەتکردنی ئامەد.

 

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لەڕووی ژمارەی دەنگدەرو ژمارەی شارەوانی براوە، پارتی داد و گەشەپێدان یەکەمەو پارتی ئاشتی و دیموکراسی دووەمە.

 

کۆی گشتی دەنگدەرانی پارتی داد و گەشەپێدان لەسەر ئاستی ناوەندی 25 پارێزگای باکووری کوردستان، زیاترە لە 2 ملیۆن و 900 هەزار کەس. دەنگدەرانی پارتی ئاشتی و دیموکراسیش دەگاتە 1 ملیۆن و 400 سەد هەزار.

 

سەبارەت بە ژمارەی شارەوانی براوە، پارتی دەسەڵاتدار سەرۆکایەتی شارەوانی 13 پارێزگای  باکووری کوردستانی بۆخۆی مسۆگەر کردووە، کە بریتین لە شارەکانی (روها، موش، چەولیک، خەرپێت، ئەرزڕووم، مەڵەتێ، ئادییەمان، ئەنتەب، ئەردەهان، ئەرزنجان، مەراش، سیواس و کیلیس)

 

پارتی ئاشتی و دیموکراسیش سەرۆکایەتی شارەوانی هەر یەک لە پارێزگاکانی (جۆڵەمێرگ، شرناخ، مێردین، وان، سێرت، باتمان، ئامەد، ئیدر، ئاگری، دێرسیم و بەدلیسی) بردووەتەوە کە دەکاتە 11 پارێزگا.

 

یەکێک لە ئەنجامە چاوەڕوان نەکراوەکان بردنەوەی پارتی مەهەپەی نەژادپەرست بوو لە شاری قەرس. لەم شارە بزووتنەوەی نەژادپەرست لەسەدا 28.3 و پارتی گەلی کۆماری لەسەدا 25.1 و پارتی داد و گەشەپێدان لەسەدا 25 و پارتی ئاشتی و دیموکراسیش لەسەدا 19.4 ی دەنگەکانی مسۆگەرکرد.

 

ئەم شارەی لێدەرچێت، لە هیچ شوێنێکی دیکەی باکووری کوردستان، پارتە تورکییەکان دەنگیان نەهێناوە و ئەم نەخشەیە سڕانەوەی پارتی گەلی کۆماری و بزووتنەوەی نەژادپەرست پیشان دەدات لە شارەکانی باکووری کوردستان. چیدی تاکە دوو رکابەری ئەم ناوچەیە، پارتی کوردی ئاشتی و دیموکراسییە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان کە نزیکەی لەسەدا 20 ی ئەندامپەرلەمانەکانی کوردن. و لەم کێبڕکێیەدا تاکوو ئێستا ئاکەپە لە پێشەوەیە.

 

 پارتی ئاشتی و دیموکراسی لەگەل بردنەوەی شاری ئامەد، ژمارەی دەنگەکانی لەو شارە بە رێژەی نزیکەی لەسەدا 10 دابەزاند. بەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی 2009 (کە بەناوی دەتەپە بەشداری کردبوو) رێژەی لەسەدا 65.6 ی دەنگەکانی مسۆگەر کردبوو، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ئەو رێژەیە کەم بوویەوە بۆ لەسەدا 55.3. لەبەرامبەردا پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار دەنگەکانی بە رێژەی لەسەدا 3 بەرزکردەوە و پارتی دۆزی ئازاد - هوداپار لەسەدا 4.8 ی دەنگەکانی بەدەپەی بۆخۆی برد.

 

 

بەگشتیش لە تورکیا ئاکەپە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی لۆکاڵی ،٢٠٠٩ ٥ پوان زیادیکردووە و بوو بە ٤٥٪

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە