دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەستپێدەکات

02-10-2016
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
نیشانەکردن وەزارەتی دارایی مووچە
A+ A-
رووداو- هەولێر

بریکاری وەزارەتی دارایی رەتیدەکاتەوە کە ئەمریکا دووەم مووچەی پێشمەرگەی ناردبێت و گوتی: "لەم هەفتەیەدا دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات".


رابەر سدێق، بریکاری وەزارەتی دارایی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی 8 دابەشدەکرێت و خشتەی چۆنیەتی دابەشکردنەکەی رادەگەیێدرێت".

بریکاری وەزارەتی دارایی بە ئاماژەدان بەوەی سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن گوتی: "تاوەکو ئێستا ئەمریکییەکان تەنیا مووچەی یەک مانگیان ناردووە ئەویش بە دینار بووە نەک بە دۆلار، چاوەڕێ دەکەین پارەکە بگات و لە ئەگەری ناردنی ئەو پارەیە دابەشی دەکەین".

رۆژی سێشەممە 12-7-2016 لەبەردەم مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت و یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا لێكتێگەیشتنێكی سەربازییان واژۆكرد، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەمریکا هاوکاریی دارایی پێشمەرگە دەکات و بەشێک لە مووچەی مانگانەی پێشمەرگە دابین دەکات.

لە رۆژی 4-9-2016 ئەمریكا بەشی یەكەمی هاوكارییە داراییەكانی بۆ پێشمەرگە نارد و لەگەڵ مووچەی مانگی حەوت دابەشکرا بەسەر وەزارەتی پێشمەرگەدا.

رۆژی پێنجشەممە 29-9-2016 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوکەدا ئەنجومەنی وەزیران پرسی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی خستە بەر باس و گفتوگۆ و ستایشی خەڵك و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە خۆڕاگربوون لە ئاست قەیرانەكان. 

ئەنجوومەنی وەزیران لە راگەیێندراوەی کۆبوونەوەکەدا دەڵێت: "هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوامیان هەبێت".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە