رووداو- هەولێر
گرووپی داعش لە ویلایەتی نەینەوا، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا رۆژی چوارشەممەی رابردوو 30ی ئەیلوولی 2015 ، شەهیدكردنی ژمارەیەك پێشمەرگەی دیلی بەشێوەیەكی دڕندانە و قێزەون راگەیاند.
یەكێك لەو چەكدارانەی پێشمەرگەكانیان شەهیدكردن كورد بوو و بەزمانی كوردی پەیامی بۆ خانەوادەی دیلەكان و مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنارد، هەروەها هەڕەشەی داگیركردنی هەولێری پایتەخی باشووری كوردستانیشی دەكرد.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، دوو لەو پێشمەرگانە خەڵکی پارێزگای دهۆکن بەناوەکانی ( کازم حوسێن مستەفا و نازی ئەحمەد زوبێر)، کازم حوسێن مستەفا، خەڵکی گوندی بێئزەل سەر بە شارەدێی شیلادزێیە، لە 6-8-2014 لە ناوچەی شەلالات لە نزیک تلکێفی سەر بە پارێزگای دهۆک، بەدیلگیراوە و پێشمەرگەی سوپای سێی فەرماندەی زیرەڤانی بووە.
نازی ئەحمەد زوبێر، خەڵکی دەڤەری بەرواری باڵای سەر بەناحیەی کانی ماسیی سەر بە پارێزگای دهۆکە، لە 3-8-2014 لە حەمدانییە بەدیلگیراوە، پێشمەرگەی لیوای 2 ی تایبەتە و 3ی کەسی دیکە لە خیزانەکەیان شەهیدبوونە.
هەروەها یەکێکی دیکە لە پێشمەرگەکان کە ماوەی ساڵێک بوو دەستگیرکرابوو، خەڵکی رانیەیە و ناوی سەردار ئەحمەدە. لەو گرتە ڤیدیۆیەی داعش بڵاویكردەوە، شەهیدكردنی زیاتر لە 7 پێشمەرگە دەردەكەوت، پێشتریش داعش لە موسڵ شەهیدكردنی چەند پێشمەرگەیەكی دیلی راگەیاندبوو.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە كە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دوێنێ پێنجشەممە بۆ رووداو ئاشكرایكرد، هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا زیاتر لە هەزار و 300 شەهیدی داوە و ئێستاش 52 پێشمەرگە لای داعش دیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ