خۆپیشاندان سەیدسادق و رزگاریشی گرتەوە

02-08-2015
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن رزگاری سەیدسادق
A+ A-

رووداو - سلێمانی

بەشێك لە دانیشتوانی قەزای سەیدسادق بۆ داواكردنی كۆمەڵێك خزمەتگوزاری ‌و لابردنی سەرۆكی شارەوانییەكەیان رژانە سەرشەقام ‌و قایمقامی قەزاكەش دەڵێت‌ داواكارییەكانیان دەگەیێنینە شوێنی خۆی. لە ناحیەی رزگاریش بە هەمانشێوە خۆپیشاندان كراو رێگای نێوان كەلار -كفرییان داخستووە.


دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی 2-ی ئابی دانیشتووانی سەیدسادق بۆ داواكردنی كۆمەڵێك خزمەتگوزاری بوو، لەسەرووی هەمووشیانەوە دابینكردنی كارەبای نیشتمانی بەشێوەیەكی باشتر. ئەو گوتیشی "زیادكردنی كارەبا لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام داواكارییەكەیان بۆ سەرووی خۆمان بەرزدەكەینەوە".

ئەو نەیشاردەوە كە داوایەكی دیكەی بەشێك لە خۆپیشاندەران گۆڕینی سەرۆك شارەوانییەكەیان بووە "داوایان دەكرد سەرۆكی شارەوانی شارەزوور بكرێتە سەرۆكی شارەوانی سەیدسادق".
 
دیاری رەفیق رەتیشیكردەوە، كە خۆپیشاندانەكە تووندوتیژی لێكەوتبێتەوە و گوتی:"خۆم ‌و چەندین بەرپرسی دیكە لەنێو خۆپیشاندەراندا بووین، بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ بە نووسراوێك داواكارییەكانیان بگەیێننە دەستم".

لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای كەلاریش بەهەمانشێوەی قەزای سەیدسادق خۆپیشاندان ئەنجامدرا، هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو خۆپیشاندەران رایگەیاند:" بەشێک لە دانیشتووانی ناحیەی رزگاریش بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا رژاونەتە سەر شەقامەکان و رێگای نێوان کەلار - کفریيان داخستووە".

بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەبا، چەند رۆژێكە شەپۆلێكی ناڕەزایی بەتایبەت سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانی گرتووەتەوە و لە هەندێك شوێنیش گرژی و پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان روویدا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە