منداڵان باسی ژیانی خۆیان لەژێر دەسەڵاتی داعش بۆ رووداو دەکەن

02-04-2016
نەبەرد حوسێن
.....
.....
نیشانەکردن منداڵ داعش
A+ A-

 رووداو - مەخموور

سەتان خێزانی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش دوای هەڵاتنیان، لە شارۆچکەی مەخمووری جێگیرکراون و بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەو خێزانانەش منداڵن، ئەو منداڵانە باسی ژیانی خۆیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش بۆ رووداو دەکەن.

وەکو منداڵە ئاوارەکان باسی دەکەن، چەکدارانی داعش داوایان لێکردوون بەیعەت بە ئیسلام بدەن و پێشیان گوتوون: پێشمەرگە و سوپای عێراق کافرن. باسی ئەوەش دەکەن، چەکدارانی داعش چەندین رێسا و یاسایان بۆ ئەوانیش دەرکردووە وەکو: لەبەرکردنی جلوبەرگی کورت و نەتاشینی قژ بە شێوازی رۆژئاوایی و نەچوونە دەرەوە بەهۆی مینی چێندراوەوە.

 ئەو منداڵانەی چەند رۆژێکە لەگەڵ خێزانەکانیان ئاوارەی مەخموور بوونە ئاواتیان ئەوەیە ئەو شتانە بکەن کە داعش لێی قەدەخە کردبوون.

یەکێک لە منداڵەکان دەڵێ " ئەگەر بەو جۆرە قژت بتاشیبایە کە پێی دەڵێن حەفر جەڵدەیان لێدەدای، بەڵام ئێستا لێرەی لە لای پێشمەرگە و بەئاسانی دەتوانین حەفر بکەین کێ حەزی لێ بێت حەفر دەکات ".

داعش ویستوویەتی بەردەوام لەرێگەی منداڵ و پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ خەلافەتەکەی بەهێز بکات، ئەم منداڵانەشی کە چەند رۆژێکە لەگەڵ خێزانەکانیان هاتوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە لەو پەروردەیە بێبەش نەکردووە.

یەکێکی دیکە لەو منداڵانە دەڵێ "وانەکانمان لەسەر ئیسلام بوون، دەیانگوت بەیعەت بەئیسلام بدەن و سوپا و پێشمەرگە کافرن مەهێڵن یاری بە مێشکتان بکەن".

هێشتا ترس لە شەڕ و دەنگی تەقە و لێدان لە دڵی ئەم منداڵانەدا ماوە، چونکە هەر بە بەرچاوی ئەمانەوە گەورەکان سزای جۆراوجۆر دراون. منداڵەکان زۆربەی رێسا و یاساکانیان پێ لەبەرکراون.
 
منداڵێکی دیکەیان باس لەوە دەکات " منداڵان دەبوو لەماڵ دابنیشن، نەدەبوو بچینە دەرەوە چونکە بۆمبی چێنراوی لێبوو. نەماندەتوانی یاری بکەین، ئەگەر دوو منداڵ شەڕیان بکردبایە لێیان دەدان و دەبوو بچینە مزگەوت، دەبوو جلەکانمان کورت بن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە