رووداو- هەولێر
هەولێر و واشنتن تادێت پەیوەندییەکانیان پتەوتر و تۆکمەتر دەبن. بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەمەریکی لەنێو پێشمەرگەکانی میحوەری گوێڕ و مەخموور ئاگری نەورۆز کرایەوە، نوێنەرانی زیاتر لە 24 وڵاتی هاوپەیمان و کونسوڵی وڵاتانی عەرەبی كە زۆربەیان جلی كوردییان لەبەربوو، هەزار و 400 گوڵی سوور لەسەر وێنەی پێشمەرگە شەهیدەکان دانران.
ماتیاز میتمان، کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "نزیکەی ساڵێکە لێرە کاردەکەم، خەڵکی کوردستان زۆر گەرموگوڕ و میواندۆستن، هێزی پێشمەرگە رۆڵی کاریگەری هەیە كە ئێمە لێرە نەورۆز پیرۆزدەکەین و، رێز لە گیانی پێشمەرگە شەهیدەکانی شەڕی داعش دەگرین، کاتی ئەوە هاتووە کوردستان و ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن و پێکەوە رۆڵی زیاتر لە بنبڕکردنی تیرۆر بگێڕن".
لەکاتێکدا ئەمریکا و نوێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمان لە نێوجەرگەی پێشمەرگەکاندا مزگێنی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی داعشیان راگەیاند، بەرپرسانی پێشمەرگە گلەییان لە چەندێتی و چۆنێتی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ هێزی پێشمەرگە هەبوو.
بەرپرسێکی پیشوی کاروباری سەربازی ئەمەریکا کە ئێستا لە پۆستی جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەمریکی هەوڵ بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە واشنتۆن دەدات، جەخت لەسەر پێویستی گوشارخستنەسەر وڵاتانی رۆژئاوا دەکاتەوە.
هاریشوت، جێگری کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەمەریکی بە رووداوی گوت "پیشمەرگە پێویستی بە چەکی زیاتر و قوڕسترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، دەزانم گلەییان هەیە، بەڵام ئەوە بە یەک رۆژو دوو رۆژ چارەسەرنابێت، دەبێت هەموو رۆژێك هەم بۆ ناردنی هاوكاریی سەربازی، هەم هاوكاریی مرۆیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمان بەخەبەربیێنینەوە، ئێمە لێرەوە جەخت لە پارێزگاریکردن لە کوردستان دەکەینەوە، پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی ئێمەش شەڕدەکەن و گرنگە پاڵپشتییان بکەین".
میحوەری گوێڕ- مەخموور بەهۆی بەرفراوانی و نزیکی سنوورەکانی لەگەڵ داعش، بە یەکێک لە میحوەرە هەرە گەرمەکانی شەڕی پێشمەرگە ناسراوە. شوێنێک کە بە نزیکبوونەوەی داعش لێی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پێکهات و وەک سەرپەرشتیاری میحوەرەکە دەڵێت چاوەڕوان دەکرێت هەر لەم میحوەرەوە کۆتایی بە داعش بهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ