رووداو – شنگال فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ، شەوی 2ی كانوونی دووەمی 2015 ، سێ كچی كوردی ئێزدی كە لەلایەن داعشەوە گیرابوون ، خۆیان رزگاركرد و گەیشتنە هێزەكانی پێشمەرگە لەنێو شاری شنگال . ئاشتی كۆچەر ، یەكێك لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگال ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " شەوی 2ی كانوونی دووەم، سێ كچی كوردی ئێزدی بە ناوەكانی ( ئیخلاس خدر باجۆ ، نازدار كڕۆ سەعدۆ، بەسێ حەسەن خدر) ، كە لەدوای گرتنی شنگالەوە لەلایەن داعشەوە گیرابوون ، توانییان خۆیان لە دەست چەكدارانی داعش رزگار بكەن و بگەنە هێزەكانی پێشمەرگە لەنێو شاری شنگال". ئاشتی كۆچەر روونیكردەوە، كە جەنگاوەرانی كوردی ئێزدی و برای ئەو كچانە چوونەتە شنگال بۆ هێنانی ئەو كچانە بۆ چیای شنگال و لەوێشەوە دەنێردرێنە لای كەسوكاریان . بەپێی راپۆرتێكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان ، كە لە رۆژی 1/12/2014 دراوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان ، 4000 ئافرەتی كوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێندراون و گیراون ، تائێستا 343 لەوانە رزگاركراون و 3657یش لەلای داعش مابوون. دوای گرتنی شنگال لە رۆژی 3ی ئابی 2014دا لەلایەن داعشەوە ، ژمارەیەكی زۆر لە پیاوانی كوردی ئێزدی كۆمەڵكوژکران و بە سەدان كچ و ژنی كوردی ئێزدیش گیران و خرانە زیندان و بازاڕەكانی فرۆشتنەوە.
تورکیا01-07-2026لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باکووری کوردستان و تورکیا بایی 21 ملیۆن دۆلار زێڕی ساختە دەستی بەسەردا گیرا