رووداو - هەولێر
سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان - عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "گەلی كوردستان بە پشتبەستن بە میكانیزمی ئاشتیانە خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ و هیچ هەڕەشە و گوشارێك لە بڕیاری 25-9-2017 پاشگەزی ناكاتەوە".
رۆژی یەكشەممە 1-10-2017، لە سەلاحەددین سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق یەکەم کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و حەوت بڕیار لە کۆبوونەوەکەدا دەرکران.
لە کۆبوونەوەکدا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق ، یەكڕیزی و یەكگوتاری هێز و لایەنە سیاسییەكانی بە كلیلی پاراستنی سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان زانی و، جەختیشی لە رەوایەتیی بڕیاری گەلی كوردستان و پارێزگاری لەو بڕیار و دەستكەوتەكان كردەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق، كۆبوونەوەكە دووپاتیكردەوە كە گەلی كوردستان خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ، بە پشتبەستن بە میكانیزمی ئاشتیانە و هیچ هەڕەشە و گوشارێك لە بڕیاری 25-9-2017 پاشگەزی ناكاتەوە.
دەقی بڕیارەکانی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان _ عێراق
یەكەم: كۆبوونەوەكە سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و لایەنە سیاسییەكانی كرد كە بە یەكڕیزی و هاودەنگی و بە شێوەیەكی ئاشتیانە و مەدەنی بەشداریی پرۆسەی ریفراندۆمیان كرد و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە مێژووییەی لە گەلی كوردستان كرد.
دووەم: كۆبوونەوەكە سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم دەكات كە پاش راپەڕاندنی پرۆسەی ریفراندۆم كۆتایی بە ئەركەكانی هێناوە.
سێیەم: كۆبوونەوەكە جەخت لە بەردەوامیی زمانی حیوار لەگەڵ بەغدا و هەڵوێست و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان بۆ عێراق و دراوسێكان دەكاتەوە و پێشوازی لە بانگەوازی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی لەمەڕ گرتنەبەری دیالۆگ دەكات و بە شێوەیەكی فەرمیش وەڵامی ئەو بانگەوازەی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی دەداتەوە.
چوارەم: كۆبوونەوەكە جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات و هەر جۆرە هەڕەشە و سەپاندنی سزای بە كۆمەڵ لەسەر خەڵكی كوردستان رەت دەكاتەوە و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ وەڵامی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر بڕیار و رێوشوێنە خێراكانی بەغدا لەدژی خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە.
پێنجەم: كۆبوونەوەكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە دڵنیا دەكاتەوە كە ریفراندۆم و دەنگی ئاشتیانەی گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك هەڕەشەی لەسەر سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەكە دروست نەكردەوە و ویستی سەرەكیی گەلی كوردستان ئاشتی و پێكەوەژیانە و داوای كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێز لە ئیرادە و دەنگی ئاشتیی گەلی كوردستان بگرێت.
شەشەم: كۆبوونەوەكە وێڕای دەربڕینی دەستخۆشی و پێزانین بۆ رۆڵی دەزگەكانی راگەیاندن كە رۆڵێكی باشیان لە پڕۆسەی ریفراندۆمدا هەبووە، تەئكیدی لەوە كردەوە كە پێویستە رۆڵی راگەیاندنی ناوخۆ لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بێت و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە لە چوارچێوەیەی یاسا سنوورێك بۆ ئەو هەوڵانە دابنرێت كە بە ئاراستەی دژایەتیكردنی مافی گەل و بەرپاكردنی شەڕی دەروونی و پێشێلكردنی سەركەوتنی گەلی كوردستان كار دەكەن.
حەوتەم: كۆبوونەوەكە یەكڕیزی و یەكوتاریی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بە كلیلی پاراستنی سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان زانی و، جەختیشی لە رەوایەتیی بڕیاری گەلی كوردستان و پارێزگاری لەو بڕیار و دەستكەوتەكان كردەوە. كۆبوونەوەكە دووپاتیكردەوە كە گەلی كوردستان خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ، بە پشتبەستن بە میكانیزمی ئاشتیانە و هیچ هەڕەشە و گوشارێك لە بڕیاری 25ـی 9ـی 2017 پاشگەزی ناكاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ