کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

پێشمەرگەیەك لە بەرەكانی شەڕ

پێشمەرگەیەك لە بەرەكانی شەڕ

kurdistan

%95 ی باشووری كوردستان بەدەست پێشمەرگەوەیە

هێڤیدار ئەحمەد

هێڤیدار ئەحمەد

01-07-2014
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
هێڤیدار ئەحمەد
هێڤیدار ئەحمەد01-07-2014

بابەتی پەیوەندیدار

دهۆک چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە و هاندەران ئامادەدەبن
وەرزش29-11-2026

دهۆک چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە و هاندەران ئامادەدەبن

هەولێر دەیەوێت رێگای بردنەوە بدۆزێتەوە
وەرزش29-11-2026

هەولێر دەیەوێت رێگای بردنەوە بدۆزێتەوە

بووڵتەنی وەرزش؛ رۆژێکی مێژوویی بۆ وەرزشی کوردستان
بووڵتەنی وەرزش29-11-2026

بووڵتەنی وەرزش؛ رۆژێکی مێژوویی بۆ وەرزشی کوردستان

رووداو – هەولێر

ئەو ناوچە دابڕاوانەی لە شۆڕشەكانی كوردستاندا خاڵی سەرەكیی ناكۆكیی نێوان سەركردایەتیی كوردستان و حكومەتی عێراق بوون، تەنیا پێنج لەسەدیان ماوە بكەونە دەست هەولێر.  واتە ئێستا 95%ی خاكی باشووری كوردستان، بەبێ دانوستاندن و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، گەڕاوەتەوە. لە رابردوودا دوو جار سەركردایەتیی كوردستان هەلی گەڕاندنەوەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی بۆ رەخساوە، بەڵام هەردوو هەلەكە لەكیس چوون. جاری یەكەم لەكاتی راپەڕینەكەی ساڵی ١٩٩١ بوو و جاری دووەمیش لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو، كە رژێمی سەدام حوسێن رووخا. بۆیە بەرپرسێكی باڵای یەكێتی دەڵێت ئەگەر ئەمجارە سەركردایەتیی كوردستان دەست لە كەركووك هەڵبگرێت، ئەوە "گەورەترین شكستە". 

رۆژی 26/6/2014 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی كەركووكی كرد و رایگەیاند ماددەی 140 "نەما". مەبەستیشی ئەوەبوو كە تازە كەركووك گەڕایەوە سەر ئیدارەی خۆماڵیی باشووری كوردستان و پێشمەرگەش لەو ناوچانە ناكشێتەوە. ئەو پەیامەی بارزانی لە كەركووك، ئاراستەكەی رووی لە حكومەتی عێراق بوو، كە ماوەی 10 ساڵە بۆ جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ كە تایبەتە بە چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان لەگەڵ هەولێر، لە بێنە و بەردەدان لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە. 

بەشێك لە جەلەولا و سەعدییە ماون

دەستوور مانای ماوە؟

راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەڵێ بەپێی دیباجەی دەستووری عێراق مادەی 140 تەواوبووە و لەمەودوا كەركووك بەشێكە لە هەرێمی كوردستان. ئەو دیباجەیە دەڵێت: "پابەندبوون بەو دەستوورە یەكێتیی ئازادانەی گەل و خاك و سەروەریی عێراق دەپارێزێ". دڵشاد عەبدولڕەحمان پێیوایە ئێستا دەستووری عێراق لەسەر بنەمای دێباجەكەی هەڵوەشاوەتەوە، چونكە "10 ساڵە ئەو دەستوورە هەیە و 7 ساڵیش بەسەر جێبەجێنەكردنی مادەی 140دا تێدەپەڕێت". 

دڵشاد عەبدولڕەحمان هۆشداری دەداتە سەركردایەتیی كوردستان و دەڵێت: "ئەمجارە كشانەوەمان لە كەركووك گەورەترین شكست دەبێ و چیدیكە خەڵك متمانەی بە سەركردایەتی كوردستان نامێنێت. بگرە كشانەوە لە كەركووك ریسكێكە كورد بە چارەنووسی خۆی دەكات".

ساڵی 1991، كاتێك ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هاتنە نێو عێراق، جگە لەو سێ پارێزگای باشووری كوردستان كە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن، كەركووكیش كەوتە دەست هێزی پێشمەرگە. بەڵام سوپاكەی سەدام، دوای كشانەوەی لە كوێت، رووی چەكەكانی لە كوردستان كرد و ئەو ناوچانەی گرتنەوە كە دواتر بوونە (ناوچەی دابڕاو). هەروەها پێشڕەویشی كرد بۆ سێ پارێزگاكەی دیكەی باشووری كوردستان، بەڵام دواتر لەژێر فشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تەنیا لە كەركووك نەكشایەوە و ناوچەكانی دیكەی چۆڵكرد.

ماددەی ١٤٠ چی بوو؟
چوونی نەجمەدین كەریم بۆ توركیا زۆر باش بوو

لە ساڵی 2003ش، كە دیسان ئەمریكییەكان و هاوپەیمانەكانی لەژێر ناوی “پرۆسەی ئازادكردنی عێراق” هاتنەوە ئەو وڵاتە، بەهەمانشێوە كەركووك بەتەواوەتی كەوتەوە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی كوردستان، بەڵام ئەمجارە ئەوەی ناچاركرا مل بۆ فشاری نێودەوڵەتی بدات، سەركردایەتیی كوردستان بوو و بە بڕیاردان لەسەر رەوشێكی ئاوارتە بۆ كەركووك و ناوچەكانی دیكە رازی بوو. كاتێك دوای ئەو رووداوانە ئیدارەیەكی كاتی لە عێراق پێكهات، نوێنەرانی كوردستان  پێداگیرییان لەسەر گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەكان دەكرد، كاتێكیش دەستووری كاتیی عێراق نووسرایەوە، چارەنووسی ئەو ناوچانە سپێدردرا بە مادەی 58. دوای ئەوەش، كاتێك دەستووری هەمیشەیی عێراق نووسرایەوە، مادەی 58 بەدەستكارییەوە خرایە نێو دەستوور و ناوی لێنرا مادەی 140. بەپێی ئەو ماددەیە دەبووایە تاوەكو 31/12/2007 قۆناخەكانی ئەو ماددەیە (ئاساییكردنەوە "قەرەبووی ئاوارە و هاوردەكان"، سەرژمێری و راپرسی) بكرێت، بەڵام جگە لە قەرەبووكردنەوەی ژمارەیەك كوردی ئاوارە و عەرەبی هاوردە، بڕگەكانی دیكەی ماددەكە جێبەجێنەكران.

مەرجی كورد بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ

كورد لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە كۆی 12ی كورسیی بەشی كەركووك لە پەرلەمانی عێراق، 8 كورسیی بەدەستهێنا (یەكێتی 6 كورسیی هێنا و پارتیش 2 كورسیی دەستكەوت). راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت دەبێ مەرجی كورد بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ئەوەبێ كە "دەستوورێكی نوێ بنووسرێتەوە و تێیدا سنووری نوێ بۆ هەرێمی كوردستان دەستنیشانبكرێ، كە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای موسڵی بەتەواوەتی تێدابن”، ئەگەر نا، وەك دڵشاد عەبدولرەحمان دەڵێت، “نابێ كورد بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بكەن". نێوبراو پێیوایە “دەستوور بە تەرازووی هێز دەنووسرێتەوە” و “ئێستا كورد هێزی زیاتر بووە، سووننەش هێزی هەیە، لەبەرامبەردا هێزی شیعەش وەكو جاران نەماوە". 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی باسی رۆڵی توركیا دەكات بۆ گەڕاندنەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دەڵێت "نابێ رۆڵی توركیا بۆ ئەم هەنگاوە لەبیر بكەین و سەردانی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك بۆ توركیا هەنگاوێكی زۆر باش بوو". دڵشاد عەبدولڕەحمان زۆر دوودڵ نییە لەوەی كە بڵێت كەركووكیش، دوای گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە، لەلایەن بەغداوە سزادەدرێت و مووچە و بودجەكەی وەكو هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت: ”بە دووری نازانم بەغدا ئەوە بكات”. بۆیە، وەك ئەو دەڵێت، دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان "فراوانتر بكرێ و نوێنەرانی ناوچە گەڕاوەكانیش تێیدا بەشداربن، لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش پشكیان هەبێت. هەروەها دەبێ رێگەیەك ببیندرێتەوە بۆئەوەی نوێنەری ئەو ناوچانە لە پەرلەمانی كوردستان هەبن".
بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و كەركووك تەواوبووە

“كورد لە كەركووك 70%ی دانیشتووانن”

ئێستا جگە لە بەشێك لە سەعدییە و جەلەولا، كە دوو شاری كوردستانین لە پارێزگای دیالە، هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندان. ئاوات محەممەدئەمین، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت: "95%ی خاكی كوردستانی عێراق لەدەست كورددایە و تەنیا جەلەولا و سەعدییە ماون”. هەروەها گوتیشی: "ئێستا كە كەركووك كەوتووەتە سەر هەرێمی كوردستان بەو دۆخەی ئێستاوە كە هەیەتی، رێژەی دانیشتووانی پارێزگاكە بەمشێوەیەی لێدێت: كورد 70%، توركمان 15%، عەرەب 15%، چونكە هەریەكە لە حەویجە، رەشاد، ریاز و هەندێ شاری دیكە لە كەركووك جیادەبنەوە و بەشێك نین لە كوردستان. رێژەی دانیشتووانی ئەو شارە عەرەبنشینانەش 260 هەزار كەس دەبێت”. بەڵام ئاوات محەممەدئەمین دەڵێت، “بەو ناوچانەوە رێژەی دانیشتووانی كورد لە پارێزگای كەركووك لەنێوان 50 بۆ 51% دەبێت”.

كەركووك 40 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە

بە گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، مەسەلەی فرۆشتنی نەوتی ئەو شارە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە گەرمی باسیدەكرێت. بەپێی مەزەندەی شارەزایانیش كەركووك یەكێك لە هەرە دەوڵەمەندترین شارە نەوتییەكانی جیهانە. 

بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1927 نەوت لە كەركووك دۆزرایەوە و یەكەم شوێن بووە لە جیهان كە نەوتەكەی لەژێر خاك زیاد بووە و بەبێئەوەی هیچ بیرێك لێبدرێت، نەوتەكەی لەژێر زەوی هاتووەتە دەرەوە. لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بەپێی خەمڵاندنێكی حكومەتی عێراق، یەدەگی نەوتی كەركووك 24 ملیار بەرمیل بووە، كە تاوەكو ئێستا 14 بۆ 15 ملیار بەرمیلی لێ فرۆشراوە. بەڵام فەرهاد هەمزە، شارەزا لە بواری نەوتی كەركووك، باسی لێكۆڵینەوەیەكی كۆمپانیای شێڵ-ی هۆڵەندی دەكات لەسەر نەوتی كەركووك و دەڵێت: "نەوتی یەدەگی كەركووك 40 ملیار بەرمیلە، بەڵام ئەوەی دەكرێ دەربهێندرێت 10 ملیار بەرمیلی یەدەگە".
دەكرێ 17%ی داهاتی نەوتی كەركووك بۆ هەرێمی كوردستان بێت

كەركووك چوار كێڵگەی گەورەی نەوتی هەیە كە پێكدێن لە كەركووك، بای حەسەن، عەباس و جەمبوور و بە هەر چوار كێڵگە هەزار و پێنج بیری نەوتی هەیە، بەڵام هەموو بیرەكان كار ناكەن. ئێستا بەرهەمی رۆژانەی ئەو چوار كێڵگەیە پێكەوە  550 هەزار بەرمیلە. نرخی فرۆشتنی نەوتی كەركووك لە چوارچێوەی نرخی دانراو لەلایەن ئۆپێكەوەیە، بەڵام لە مانگی نیسانەوە تاوەكو ئێستا لەبەر تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كەركووك، كە بە بەندەری جیهانەوە دەبەسترێتەوە، هەناردەكردنی نەوتەكە راگیراوە.

بۆڕیی نێوان كەركووك و هەرێمی كوردستان

تەها زەنگەنە، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (رووداو)ی ئاشكراكرد كە "بۆڕییەكی نەوت لە نێوان كەركووك و هەرێمی كوردستان راكێشراوە و كارەكانی كۆتاییپێهاتووە، بۆئەوەی نەوتی كەركووك لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە بفرۆشرێت”. بەگوتەی زەنگەنە "ئەو بۆڕییە درێژییەكەی 35 كیلۆمەترە و نەوتی كەركووك بە هێڵی بۆڕی نەوتی خورمەڵەوە دەبەستێتەوە". فەرهاد هەمزە باسی قەبارە و توانای ئەو بۆڕییە نەوتە دەكات و دەڵێت "35 ئینجە و توانای هەناردەكردنی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێكدا".

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق پێش راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك، مانگانە 7 تاوەكو 9 میلۆن بەرمیل لە نەوتی كەركووك بۆ بازاڕەكانی جیهان هەناردەكراوە. رۆژانەش دەكاتە 200 تاوەكو 250 هەزار بەرمیل لە نەوتی كەركووك بۆ پاڵاوگەی بێجی نێردراوە بۆئەوەی بەرهەمە نەوتییەكانی لێ دروست بكرێ. ئێستا كۆمپانیای BPی بەریتانی لێكۆڵینەوەیەك لەسەر كەرتی نەوتی كەركووك سازدەكات بۆئەوەی 300 هەزار بەرمیلی دیكەی نەوت لە رۆژێكدا لە كەركووك زیادبكرێ. دڵشاد پیرۆت، كە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە، باسی بڕیاری فرۆشتنی نەوتی كەركووك دەكات لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە و دەڵێت "ئەگەر بڕیارەكەمان بۆ بێت، بەبێ دوودڵی دەنگی لەسەر دەدەین".
كەركووك 40 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە

بەرپرسە باڵاكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش باسی داهاتی فرۆشتنی نەوتی كەركووك لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەكات و دەڵێت "داهاتەكە خەرجیی كەركووك و پەترۆدۆلاری لێ هەڵدەگیرێت. ئەگەر زیادیشیكرد بۆ حكومەتی عێراق دەگەڕێندرێتەوە". ئاوات محەممەد ئەمینیش لەڕووی یاساییەوە باسی داهاتی نەوتی كەركووك دەكات و دەڵێت "هەرێمی كوردستان دەتوانێ 17%ی بەشە بودجەكەی لە داهاتی نەوتی كەركووك بۆ خۆی هەڵبگرێ، چونكە نەوت موڵكی هەموو عێراقە، بە نەوتی كوردستانیشەوە".

رێژەی كورد لە كەركووك 

بەبێ ناوچە عەرەبییەكان: ٧٠٪

بە ناوچە عەرەبییەكانەوە: ٥١٪

گرنگترین ناوچە عەرەبییەكان: حەویجە، رەشاد، ریاز 

بۆڕییە نەوتەكەی نێوان كەركووك و هەرێمی كوردستان

درێژییەكەی ٣٥ كیلۆمەترە

قەبارەكەی ٣٥ ئینجە

لە رۆژێكدا یەك ملیۆن بەرمیل نەوت دەگوازێتەوە 

بابەتی پەیوەندیدار

دهۆک چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە و هاندەران ئامادەدەبن
وەرزش29-11-2026

دهۆک چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە و هاندەران ئامادەدەبن

هەولێر دەیەوێت رێگای بردنەوە بدۆزێتەوە
وەرزش29-11-2026

هەولێر دەیەوێت رێگای بردنەوە بدۆزێتەوە

بووڵتەنی وەرزش؛ رۆژێکی مێژوویی بۆ وەرزشی کوردستان
بووڵتەنی وەرزش29-11-2026

بووڵتەنی وەرزش؛ رۆژێکی مێژوویی بۆ وەرزشی کوردستان

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە