نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكات

01-05-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-

رووداو – هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئایاری 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە یوسف محەممەد سادق، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كرد.

بەپێی راگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیران، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نێچیرڤان بارزانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجو‌ومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی وەك هەنگاوێكی سەركەوتوو لە قەڵەمدا و هیوای خواست كە عێراق و پارێزگاكانی كوردستان لە داهاتوودا هەنگاوی گەورەتر بنێن بەرەو خزمەتی زیاتری گەل و نیشتمان.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "سەرۆك وەزیران جەختی لە پاراستنی دەستكەوتە دیموكراتییەكانی هەرێمی كوردستان و لێكنزیكبوونەوەی زیاتری لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان كردەوە تا ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە گەشەی بەردەوامدا بێت و ئازادیی ئابووریی كوردستان سەقامگیرتر ببێت، تا گەشەی ئابووری، ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم ئاسوودەتر بكات و خەڵكی كوردستان هەست بە بوونی سیاسەتی هەماهەنگ بكەن بۆ پاراستنی دەسكەوتە هاوبەش‌ و نیشتمانییەكانی تا ئێستای هەرێمی كوردستان".

نێچیرڤان بارزانی هیوای خواستووە چوار ساڵی داهاتوو ببێتە نموونەیەكی نوێ بۆ كاری پێكەوەیی لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش، "چونكە پێدەچێت لەو ماوەیەدا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گەلێك پرسی چارەنووسساز ببێتەوە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە یوسف محەممەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سوپاسی خۆی بۆ ئەم پیرۆزباییەی سەرۆك وەزیران دەربڕیوە و هیوای خواست قۆناغی داهاتوو لە سایەی كاری هاوبەش و پێكەوەیی هەموو لایەنەكاندا، قۆناغی سەركەوتن و خزمەتی زیاتر بێت.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە