چراخان رەفیق: من عاشقی ئاشتی هەورامی بووم نەك پارە و پۆستەكەی

31-08-2015
کوردستان حەسەن
نیشانەکردن چراخان رەفیق ئاشتی هەورامی
A+ A-
رووداو - هەولێر

هەفتەیەك زیاترە مەسەلەی هاوسەرگیریی د.ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ژنە سەرمایەدارێكی كورد بەناوی چراخان رەفیق، باسێكی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە. هەندێك بڵاوكردووەتەوە كە ئاشتی هەورامی تازە ئەو ژنەی هێناوە، بەڵام هاوژینەكەی  دەڵێت چوار ساڵە شووی بە ئاشتی هەورامی كردووە.

چراخان رەفیق، هاوژینی ئاشتی هەورامی لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی پەیوەندیی خۆی و ئاشتی هەورامی و چۆنیەتی شووكردنی دەكات. چراخان هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە دوای شووكردنی بە ئاشتی هەورامی دەوڵەمەند بووبێت و دەڵێت ئەو بەرلەوەی شوو بەو وەزیرە بكات، سەرمایەدار بووە و سەرمایەیەكی زۆری لە باوكییەوە بۆ ماوەتەوە.


رووداو: حەز دەكەین خوێنەرانی رووداو لە زاری خۆتەوە بتناسن؟

چراخان رەفیق: من لە دایكبووی شاری سلێمانیم، بەڵام لە زووەوە لەگەڵ خێزانەكەم لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووم. هەر لەوێ‌ كۆلێژی یاسام تەواو كردووە. زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و ئەڵمانی بە باشی دەزانم. خێزاندارم. ماوەی چوار ساڵە شووم بە ئاشتی هەورامی كردووە كە وەزیری سامانە سروشتییەكانە.

رووداو: تۆ وەك ژنێكی بزنسمان ناسراویت، بە هەوڵی خۆت بوویتە سەرمایەدار، یان بە میرات بۆت ماوەتەوە؟

10 ساڵ لە ئەڵمانیا كاری بزنسم كردووە
  
چراخان رەفیق: من زیاتر لە 10 ساڵ  لە ئەڵمانیا كاری بزنسم كردووە. باوكی رەحمەتیم خاوەنی سێ‌ كۆمپانیا بوو، لە ساڵی 2007 ئەو سەرمایەی لە باوكم بۆم بەجێمابوو، هێنامەوە كوردستان و بەگەڕمخست. لێرە گرووپی كۆمپانیاكانی چراخان رەفیقم هەیە كە پێكدێت لە كۆمپانیای بیناسازی، هاوردە و پاككردنەوە. من پێشتر لە ئێران

 سێ‌ كۆمپانیام لە باوكمەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە
 
بەنزینم بۆ سلێمانی هاوردە دەكرد. بەڵام هەموو ئەوانەی باسیان دەكەم بەر لە شووكردنم بە ئاشتی هەورامی بووە.

رووداو: بەڵام دەگوترێ‌ كە گەڕایتەوە كوردستان خاوەنی تەنیا 10 هەزار دۆلار بوویت؟

 بە 50 ملیۆن دۆلارەوە لە ئەڵمانیاوە گەڕامەوە كوردستان
 
چراخان رەفیق: كە من بڕیارم دا بەیەكجاری بگەڕێمەوە كوردستان بەدەستی خاڵی نەهاتمەوە، بە 10 هەزار دۆلاریشەوە نەهاتمەوە، بەڵكو 50 ملیۆن دۆلارم لەگەڵ خۆم هێنا، ئەمە جگە لە داهاتی كۆمپانیاكانی باوكم، بۆ ئەو قسانەشم بەڕێز رێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان شایەتە.
    رێباز حەملان شایەتە كە من بەرلەوەی شوو بكەم سەرمایەدار بووم


رووداو: كە گەڕایتەوە كوردستان سەرمایەدارە پیاوەكان خۆیان لێ‌ نزیك نەدەكردییەوە؟

چراخان رەفیق: بەڵێ‌. زۆر كەس چاوی بڕیبووە سەروەت و سامانەكەم، بەڵام دواجار من ئاشتی هەورامیم هەڵبژارد تاوەكو شووی پێ بكەم.

رووداو: ئاشتی هەورامی ژنی هەیە، چۆن رازی بوویت سەر بە هەوێ‌ شوو بكەی؟

چراخان رەفیق: نەخێر كە من شووم پێكرد لە ژنەكەی جیابووبووەوە؟

رووداو: منداڵتان هەیە؟

چراخان رەفیق: داوای لێبوردن دەكەم ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارەتان بدەمەوە.

رووداو: بۆچی شووكردنت بە ئاشتی هەورامی بە نهێنی بوو؟

شووكردنم بە ئاشتی هەورامی بە نهێنی نەبوو، حیزب و حكومەت ئاگادار بوون
 
چراخان رەفیق: نەخێر بە نهێنی نەبووە، بنەماڵەی هەردوولامان ئاگادار بوون، تەنانەت حیزب و حكومەتیش ئاگادار بوون، خۆ من مایك هەڵناگرم و هاوار بكەم بڵێم شووم بە وەزیری سامانە سروشتییەكان كردووە.

رووداو: عاشقی ئاشتی هەورامی بوویت، یان پلە و پۆستەكەی؟

چراخان رەفیق: من عاشقی ئاشتی بووم، نەك پارە و پۆستەكەی، چونكە وەك باسمكرد من بەر لەوەی شوو بە ئاشتی هەورامی بكەم، سەرمایەدار بووم. ئێستاش عاشقی ئەوم، تا كۆتاییش هەروا دەبم و ئەوم دەوێت.

رووداو: لە كاری بزنسدا ئاشتی هەورامی تا چەند هاوكاریت دەكات؟

چراخان رەفیق: هیچ هاوكارم نییە و نەبووە، زۆرجار گلەییشی لێ دەكەم كە هاوكاریم ناكات.
ئاشتی هەورامی هیچ هاوكاری نەكردووم و گلەییم لێی هەیە
 


رووداو: سەرمایەكەت چەندە؟

چراخان رەفیق: ببوورن ناتوانم ئاشكرای بكەم.

رووداو: ئەی تۆ دەوڵەمەندتری یان ئاشتی هەورامی؟

چراخان رەفیق: ئاشتی هیچی نییە، تەنیا خاوەنی خانوویەكە لە بەریتانیا.
ئاشتی هەورامی لە خانوویەك زیاتر لە بەریتانیا هیچی دیكەی نییە
 


رووداو: دەخیلەتان یەكە یان جیایە؟

چراخان رەفیق: من سەرمایەدارم و پێویستم بە پارەی ئاشتی هەورامی نییە.

رووداو: زۆر گلەیی لە مێردەكەت دەكرێ‌ كە كەسێكی ناشەفافە و تەنیا خۆی دەزانێت نەوتی كوردستان چۆن دەردەهێنرێت و چۆن دەفرۆشرێ‌ و بە كێ‌ دەفرۆشرێ‌ و داهاتەكەی چەندە؟

هەتا ئاشتی هەورامی نەڕوات نازانن چی بۆ كوردستان كردووە
 
چراخان رەفیق: بەدەر لە سۆزی هاوژینیم بۆ ئاشتی هەورامی. مەلەفی نەوت زۆر روون و ئاشكرایە، هیچ شتێك بەبێ گەڕانەوە بۆ پرس و رای ئەندامانی لیژنەی باڵای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان نەكراوە كە ئەندامانی حیزبەكانی تێدایە. من دەڵێم ئەوەی دەگوترێ بێ بنەمایە و تەنیا بەهۆی ململانێی سیاسییە، دەنا پرسیارێك دەكەم: ئەگەر وەزیری سامانە سروشتییەكان بە چەپ و راست دەدزێ، ئەی خێرە حیزبەكان بەگیرفانی بەتاڵەوە سەیری ئاشتی دەكەن بدزێ؟ ئەی ئەو حیزبانە بەچی بەڕێوەدەچن، ئەوە چەواشەكردنی خەڵكە. من پێتان دەڵێم هەتا ئاشتی نەڕوات، نازانن چی بۆ كوردستان كردووە.

رووداو: دەڵێن ئاشتی هەورامی بەبێ‌ پرسكردن بە تۆ هیچ بڕیارێك لە وەزارەتەكەی نادات؟

 من لە پشت شیكپۆشییەكەی ئاشتی هەورامیم
 
چراخان رەفیق: ئەوە دوورە لە راستی، ئاشتی كەسێكی ژیر و جددیە لە كاری خۆیدا. بەڵێ من هەمیشە پشت و پەنای ئاشتیم نەك بڕیاری من پیادە بكات. من لە پشت ئەو شیكپۆشییە و رێكوپێكییەی ئاشتیم، خۆم جلوبەرگ و بۆنەكانی بۆ ئامادە دەكەم.

رووداو: دەتوانی وەسفێكی ئاشتی هەورامی بكەیت؟

چراخان رەفیق: كەسێكی عینادە، زوو تووڕە دەبێ‌ و بڕیار تەنیا بڕیاری خۆیەتی، بەڵام لە مامەڵەكردندا كەسێكی تا بڵێی بەڕێزە، لە كاركردنیشدا زۆر جدییە.

رووداو: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاوكراوەتەوە كە تۆ خاوەنی دوو كۆمپانیای "وەهمی" بیت، بەناوەكانی زیپۆ و لاناز، ئاشتی هەورامی مانگانە 50 هەزار تۆن نەوتی رەش بە "نایاسایی" دەداتە ئەو دوو كۆمپانیایە، گوایە كارگەی قیڕیان هەیە. ئەو دوو كۆمپانیایە هی تۆن؟

تەحەددا دەكەم كە من خاوەنی كۆمپانیای زیپۆ و لاناز بم
 
چراخان رەفیق: بە تەحەدداوە دەڵێم من خاوەنی ئەو دوو كۆمپانیایە نیم، هەر كەسێك بەڵگەی هەیە كە من خاوەنی ئەو دوو كۆمپانیایەم با بڵاوی بكاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاگادارم ئەو دوو كۆمپانیایە خزمەتی باشیان بە خەڵكی كوردستان كردووە.
 
رووداو: ئەی پاڵاوگەی نەوتت هەیە؟

خاوەنی هیچ پاڵاوگەیەك نیم
  
چراخان رەفیق: نەخێر، بەهیچ شێوەیەك پاڵاوگەی نەوتم نییە، ئەوەی دەگوترێت پڕوپاگەندەی حیزبێكە كە داوایان لە وەزیری سامانە سروشتییەكان كردبوو پاڵاوگە دابنێن، بەڵام وەزیر رازی نەبوو.

رووداو: دەڵێن وازت لە كاری بزنس هێناوە، بۆچی؟

چراخان رەفیق: بەڵێ‌ ئێستا خۆم وازم هێناوە، بەڵام گرووپی كۆمپانیاكانم ئیشی خۆیان دەكەن و سەرپەرشتیاریان هەیە. راستییەكەی لەبەر خاتری ئاشتی هەورامی ئێستا كار ناكەم.

رووداو: ئەی رۆژانە خۆت بە چی سەرقاڵ دەكەی؟

ئێستا بەرهەمەكانی فۆكۆیاما و یۆستاین گاردەر و عەلی وەردی دەخوێنمەوە
 
چراخان رەفیق: وەرزش دەكەم، جگە لەوەش سەرقاڵی خوێندنەوەی بەرهەمەكانی فۆكۆیاما و یۆستاین گاردەر و عەلی وەردیم. لێت ناشارمەوە حەز دەكەم  سەفەری حەج بكەم، لە خودا دەپاڕێمەوە حەجم بە قسمەت بكات.

رووداو: بەردەوام تەسبیحێكت بەدەستەوەیە، نهێنی ئەمە چییە؟

چراخان رەفیق: راستە، بەردەوام زیكری خودا دەكەم و نوێژیش دەكەم.

 رووداو: دەڵێن سەرقاڵی كاری خێرخوازیشیت؟

چراخان رەفیق: بەڵێ‌، تاوەكو ئێستا 10 ملیۆن دۆلارم لە كاری خێرخوازیدا بەخشیوە. لە شەڕی داعشدا ملیۆنێك دۆلارم داوە بۆ چارەسەركردنی ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕدا بریندار بوون و بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی كوردستان كراون. بەردەوامیش دەبم لەسەر یارمەتیدانی پێشمەرگە بریندارەكان، چونكە هەرچییەك بۆ پێشمەرگە بكەی هەر كەمە.

بەڵام لێرە داوایەكم لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە تا بۆیان دەكرێت پێشمەرگە بریندارەكان پشتگوێ‌ نەخەن.

رووداو: بۆچی كارە خێرخوازییەكانت دوور لە چاوی میدیا دەكەی؟

چراخان رەفیق: ئەوەی بۆ من گرنگە خەڵكانێك هەن پێویستیان بە هاوكارییە و من هاوكارییان بكەم، نەك بە خەڵك رابگەیەنم كە من هاوكاریی خەڵك دەكەم. بەڵام هەندێكجار گرنگە كارەكانت بە ئاگاداری میدیا بێت، بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێك بۆ سەرمایەدارەكان.

رووداو: یەكێتییەك هەیە بەنێوی یەكێتی ژنانی خاوەنكار، پەیوەندیت لەگەڵیان هەیە؟

چراخان رەفیق: نەخێر هیچ پەیوەندییەكم پێیانەوە نییە.
یەكێتی ژنانی خاوەنكار ناناسم
 


رووداو: بەنیاز نیت دەست بە كاری بزنس بكەیتەوە؟

چراخان رەفیق: جارێ نەخێر، بەڵكو لە بەرنامەمدایە كارە خێرخوازییەكانم فراوانتر بكەم و هاریكاریی زیاتری خێزانی شەهیدان و برا پێشمەرگەكان بكەم، چونكە بەڕاستی ئەو كارە زۆر ئاسوودەم دەكات.
 
رووداو: قسەیەك هەیە دەڵێت دۆڕان لە بەرامبەر كەسێكی ژیردا باشترە، لەوەی لە كەسێكی گەمژە ببەیتەوە، ئەم قسەیەت پێ چۆنە؟

چراخان رەفیق: دۆڕان بەرامبەر كەسێكی ژیر زۆر باشترە لە خەڵەتاندنی گەمژەیەك بۆ ئەوەی سەركەوتووبیت. مرۆڤ بۆ ئەوەی سەرمایەیەكی زۆر بەدەست بهێنێ، خۆ دەبێت ژیر بێت، بەواتای عاقڵ بێت و بە عەقڵ كار بكات و پلانی هەبێت بۆ سەركەوتن. سەروەت و سامان ئازادیت پێ نابەخشێ، عیشق و ئازادی بە پارە ناكڕدرێت، ناشتوانی بیانخەیتە ژێر ركێفی خۆتەوە. پەندێك هەیە دەڵێت زەحمەت و هەوڵەكان كاسەی شادی و خۆشبەختی قووڵتر دەكات. دوژمنەكەت عاقڵ بێت، چاكترە لەوەی نەزان بێت.

رووداو: هەر كەسێك فەلسەفەیەكی هەیە بۆ ژیان. فەلسەفەی تۆ بۆ ژیان چییە؟

چراخان رەفیق: فەلسەفەی ژیانی من خێرخوازییە، مادام دەتوانم و خوداش هاوكارمە، هەمیشە بیركردنەوەكانم بە ئاراستەی هاوكاریی ئەوانی دیكە بووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە