موراد ئۆزچەلیك: پەیەدە كورد لە تیرۆری داعش دەپارێزێ

27-10-2014
بێستون عوسمان
نیشانەکردن موراد ئۆزچەلیک CHP پەیەدە
A+ A-

هەڤپەیڤین: بێستوون عوسمان
رووداو- ئەنقەرە

موراد ئۆزچەلیك، گەورە راوێژكاری پارتی گەلی كۆماری CHP  لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) كە لە نووسینگەكەی خۆی لە ئەنقەرە سازكرا، دەڵێت ئەگەر پارتەكەی ئەوان لە دەسەڵات بووایە "هاوكاریی سەربازی" هەرێمی كوردستانی دەكرد ئەوكاتەی داعش لە هەولێر نزیك بوونەوە. ئۆزچەلیك پێشتر نێردراوی تایبەتی توركیا بۆ عێراق و دواتریش باڵیۆزی وڵاتەكەی لە عێراق. لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، سەرۆكی دەزگای راوێژكاری ئاسایشی گشتی بوو كە بەرپرسیاری رێكخستنی پرۆسەكە بووە، دەڵێت "میتۆدی پرۆسەی چارەسەری هەڵەیە".

رووداو: داعش لە ماوەیەكی كەمدا پێشڕەوییەكی زۆریان كرد و ئێستا نزیكەی سێیەكی خاكی عێراقیان لەبن دەستە. چاوەڕێتان دەكرد؟ یان داعش موفاجەئە بوو بۆ ئێوەش؟

پڕۆژە یاساكەی AKP بۆ لابردنی بەشار ئەسەدە، نەك لەناوبردنی داعش


موراد ئۆزچەلیك: ئێمە كە لە نزیكەوە چاودێری رەوشی عێراق دەكەین، ئاگاداری ئەو ناڕەزاییەین كە ماوەیەكی زۆرە لە ناوچە سوننەكاندا هەیە. لەو كاتەی كە خۆپێشاندانەكانی رۆژانی هەینی دەستیپێكرد هەتا ئێستا. 

هەڵوێستی هێزە ئەمنییەكانیش بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان كاریگەرییان هەبوو. زۆر بە روونیش دیارە كە ماوەیەكی درێژە قاعیدە لەناو عێراقدا هەیە. هێزە نزیكەكانی دیكەش لە قاعیدە هەر هەبوون. كەوابوو ژێرخانێك بۆ شتێكی وەك داعش هەبوو، بەڵام لەو باوەڕەدا نەبووم بەم خێراییە داعش بە چەند هێرشێك موسڵ كۆنترۆڵ بكات و دوای ئەوە بگەڕێتەوە بۆ تەلەعفەر و دوای ئەویش شنگال. پاشان لەوە زیاتر بڕوات و رووبكاتە هەولێر.

كاتێك كە هەموو ئەم شتانە بەو خێراییە روویاندا دانیشتم و بیرم كردەوە و گوتم دیارە هەموو ئەو ژێرخانەی كە پێشتر هەبوون بوون بە هۆكاری بەهێزبوونی ئەم گرووپە بەم خێراییە. ئەگەر بیرتان بێت، كاتی خۆی كەسانێكی زۆر لە عێراقەوە كۆچیان كرد بۆ سووریا. لەوێش كۆمەڵێك پێكهاتە هەبوون. هەموو ئەمانە یەكدییان تەواوكرد. داعش سەركەوتووانە توانی سوود لە ناڕەزاییەكانی خەڵك وەربگرێت، بەڵام من لەو باوەڕەدام دواجار نە دانیشتووانی عێراق و نە دانیشتووانی سووریا ئامادە نابن تیرۆری ئەم گرووپە قبوڵ بكەن.

رووداو: هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی پێكهاتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. توركیا لە كوێی ئەم هاوكێشەیەدایە؟ چ ئەركێكی لەسەر شانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەبێت چی بكات؟

موراد ئۆزچەلیك: ئێمە وەك پارتی گەلی كۆماری، چاودێریی دۆخەكە دەكەین و ئەوەی كە هەتا ئێستا بینیومانە ئەوەیە كە سەرەتا پڕۆژە یاسایەك بۆ ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور لە پەرلەمانی توركیاوە تێپەڕێنرا. كاتێك ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەم پڕۆژەیە كرد، بینیمان كە چوارچێوەكەی زۆر فراوانە، تەنانەت فراوانترە لەو پڕۆژە یاسایەی ساڵی 2003 هاتە پەرلەمان و دەنگی پێنەدرا و قبوڵ نەكرا. لەو حاڵەتەدا ئێمە گوتمان ئەگەر ئامانجەكە داعشە، واتە سنووردارە بە بەشداریكردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆچی ئامانجەكە بەڕوونی دیاری نەكراوە كە داعشە؟ بەڕوونی بینیمان كە مەبەست لەم یاسایە، كۆمەڵێك ئامانجی سیاسی جیاواز بوو لەناو سووریا. پڕۆژە یاساكەی AKP بۆ لابردنی بەشار ئەسەدە، نەك لەناوبردنی داعش.





رووداو: بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش نەبوو؟

دەبووایە سوپای توركیا كۆبانێ بپارێزێ


موراد ئۆزچەلیك: نەخێر، ئەو پڕۆژە یاسایە بۆ ئەوە بوو سوپای توركیا بچێتە سووریا و بەشار ئەسەد لابدات و سیاسەتی ئەو وڵاتە سەرلەنوێ سازبكاتەوە. راستە باسی داعشیشی كردووە، بەڵام بەڕوونی بەشار ئەسەدی بە سەرچاوەی سەرجەم بارە خراپەكانی ناو سووریا ناوبردووە. ئێمەش وەك CHP ئەوە قبوڵ دەكەین كە بەشار ئەسەد چەند خراپەی گەورەی كردووە. ئاگاداری ئازاری ئەو خەڵكەشین كە لە دەستی ئەسەد دەیچێژن. بەڵام دەبێت مافی ئەوەش بدەین كە ئەم هەنگاوەی توركیا دەبێتە هۆی ئەوەی بێجگە لە داعش كۆمەڵێك پێكهاتەی دیكەی ناو سووریا، بۆ نموونە كەمینەكان تووشی ترس ببن و لە ئەنجامدا بەشار ئەسەد و رژێمەكەی بە چەتری خۆیان ببینن.

لەم حاڵەتەدا ئێمە گوتمان دەبێت تەنیا تەركیزمان لەسەر داعش بێت، تەنیا داعش. گوتمان دەبێت رووبەڕووی داعش ببینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. نابێت رێگە بدەین بە حكومەت ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی فراوان بكات لە وڵاتێكی دیكە بۆ ئامانجی جیاواز. ئەمە دەستێوەردانی سەربازییە لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و دەبێتە هۆی راگەیاندنی جەنگ. ئێمە بەهیچ شێوەیەك نامانەوێت ئەم دیمەنە ببینین. لەگەڵ ئەوەش نین سەربازی بیانی خاكی توركیا بەكاربهێنێ.

رووداو: CHP پێشنیازێكی هێنا بۆ هاوكاریی كۆبانێ. بەدەر لەمە، لەم رۆژانەدا لە هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری سەربازی و پێشمەرگە دەنێردرێت بۆ كۆبانێ. هەموو ئەمانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

موراد ئۆزچەلیك: كورد لە كۆبانێ رووبەڕووی كۆمەڵكوژی دەبنەوە. راستە توركیا دەرگاكانی كردەوە، ئێمە وەك تورك ئەو خەڵكە لەسەر سەرمان دادەنێین، ئەمە هیچ دوودڵییەكی تێدا نییە. بەڵام هەڵوێستی حكومەت بەرامبەر بەمە چۆن بوو؟ هەستا گوتی "چ پەیوەندییەك هەیە لە نێوان كۆبانێ و بینگۆل؟ بۆ خۆپێشاندان بۆ كۆبانێ دەكەن و توندوتیژی دەنێنەوە؟" ئێمە چۆن ئەم مەسەلەیە دەبینین؟ پێش ئەوەی خۆپیشاندانەكان توندوتیژییان تێبكەوێ، هاووڵاتیانی كوردی ئێمە گوتیان كاتی خۆی ئەم سنوورە بەمشێوەیە كێشرا لە نێوانماندا. بەڵام كەسانی ئەودیوی سنوورەكەش هەر ئێمەین، هاووڵاتیانی كوردن، ئەودیوی سنوورەكەش خزمانی ئێمەن. هاووڵاتیانی خۆمان پێمان دەڵێن: تكایە شتێك بكەن بۆ ئەوەی ئەم خزمانەمان نەكوژرێن.

رووداو: توركیا دەبووایە چی بكردایە؟ ئەگەر ئێوە لەسەر دەسەڵات بوونایە چیتان دەكرد؟

موراد ئۆزچەلیك: ئێمە پارتێكی سۆسیال دیموكراتین. بە بۆچوونی ئێمە هەموو هاووڵاتیانمان بە كورد و توركەوە لە بەرامبەر یاسادا یەكسانن. هەر بۆیە ئێمە گوتمان، دەبووایە وەكو توركیا هەموو رێوشوێنێكمان بگرتایەبەر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی خۆمان. هەر بۆیە بە حكومەتمان گوت وەرە، ئێمە لەگەڵ ئەم پڕۆژە یاسا گشتییەی تۆ نین. پێمان باش نییە و پێیدەڵێین نەخێر. بەڵام لە كۆبانێ، خزمانی هاووڵاتیانی خۆمان دەكوژرێن. دەبێت ئێمە خۆمان چارەیەك بۆ ئەمە بدۆزینەوە. وەك چۆن پێشتر، كاتێك PKK لە قەندیلەوە دەهاتە ناو توركیا و چالاكیی دەكرد، ئێمە بەرامبەر PKK ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیمان دەكرد، هەندێكجاریش ئۆپەراسیۆنی بچووكی وشكانیمان ئەنجامدەدا.

ئەگەر CHP لە دەسەڵات بووایە هاوكاری سەربازیی كوردستانی دەكرد


ئەو كاتە ئامانجمان وا بوو كە بە هیچ شێوەیەك زیان بە ناوچە كوردییەكان نەگات، رەنگە هەڵەش كرابێت، بەڵام ئامانجە گشتییەكە ئەوە بوو كە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئۆپەراسیۆن لە دژی ئەوانە بكرێت كە راستەوخۆ لە ناو توركیا هێرشیان ئەنجامداوە. ئێمە گوتمان كە توركیا دەتوانێت بە هەمانشێوە لە كۆبانێ ئۆپەراسیۆن لەدژی داعش بكات، لەڕێگەی فڕۆكەكانی خۆمانەوە هێرش بكەینە سەر هێڵەكانی داعش. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە هەر وەك ئەوەی پێشتر كردوومانە، ئۆپەراسیۆپنی وشكانیش ئەنجام بدەین و بەمشێوەیە پارێزگاری لە خەڵكی كورد بكەین.

رووداو: پێشنیازەكەتان ئەوەیە كە بە هەماهەنگیی لەگەڵ PYD ئەمە بكەن؟

موراد ئۆزچەلیك: سەرۆكی CHPش ئەمەی گوت. ئێمە دەڵێین، PYD لە حاڵی حازردا هێزێكە پارێزگاری لە خەڵكی كورد دەكات لەدژی تیرۆری داعش.





رووداو: واتە نوێنەرایەتی تێكۆشانی گەلی ئەو ناوچەیە دەكات؟

موراد ئۆزچەلیك: ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە كە تێدەكۆشێت بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچەیە لەسەر دەستی تیرۆریستان نەكوژرێن.

رووداو: ئێوە دەڵێن دەبووایە سوپای توركیا لەگەڵ پەیەدە لە هەمان بەرەدا بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە؟

موراد ئۆزچەلیك: ئەمە خۆی بە تەبیعی دروست دەبوو. دەزانی.. ئێوە باش من دەناسن. خەڵكی هەرێمی كوردستان باش من دەناسن. قەت قسە ناخۆمەوە، راستییەكان دەڵێم. لە توركیا خەڵك دڵەڕاوكێ و ترسی جددی هەیە لەوەی كە PKK و PYD پەیوەندیی نزیكیان هەبێت. كاتێك كە ئەمە دەزانیت، ناتوانیت هەندێك شت بڵێیت. راستەكەشی ئەوەیە نەیڵێیت. هەر بۆیە گوتمان چی؟ گوتمان: كۆماری توركیا بە بەكارهێنانی هێزی خۆی دەتوانێت پارێزگاری لە دانیشتووانی كۆبانێ بكات. ئەگەر ئەمە ببووایە چی دەبوو؟

رووداو: چی دەبوو؟

عێراق هیچ چارەسەرێكی نەماوە جگە لە دابەشبوون;


موراد ئۆزچەلیك: ئەنجامەكە ئەمە دەبوو، كوردەكانی ئەو ناوچەیە، یەپەگە بێت یان هەر یەكێكی دیكە، باوەڕبكەن وەك موجاهیدەكانی دیكەی ئێمە بەرەنگاری داعش دەبوونەوە. ئەوەی كە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە.

رووداو: داعش هەڕەشەی لە هەولێر كرد و نزیكیش بووەوە لە هەولێر. سەبارەت بە هەڵوێستی توركیا لە هاوكاریكردن و ناردنی چەك بۆ كوردستان لە ماوەی رابردوودا رەخنەی زۆر لە توركیا گیرا. ئەگەر پارتەكەی ئێوە لە دەسەڵات بووایە، ئەو شەوە پێش ئێران، توركیا بەدەم داوای كوردستانەوە دەهات؟

موراد ئۆزچەلیك: من كەسێكم كە لە رابردوودا هەوڵێكی زۆرم داوە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و گەیاندنی بە ئاستێكی زۆرباش. وەك پارتی گەلی كۆماریش، كاتێك سەرنجی ناوچەكە دەدەین، ویست و هەوڵێكی زۆرمان هەیە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان. پێویست دەكات هەموو لایەك دڵنیا بێت لەمە. لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا بۆچوونێك هەبوو لەسەر CHP، وا پێشان دەدرا كە پێچەوانەی ئەمە لە خەڵك بگەیەندرێت. دەمانەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە ئەو بۆچوونە هەڵەیە.

لەمدیو سنوورەكەشەوە هاووڵاتیانی ئێمە دەژین. تۆ دەڵێیت: ئەو هاووڵاتیانەی ئێمە دڵخۆش بن بەوەی خزمەكانیان لە كوردستانی عێراق رووبەڕووی ناڕەحەتی ببنەوە؟. بێگومان نەخێر. راستە ئێمە دەخوازین هەموو شتێك لە باری ئاسایی خۆیدا بڕوات. خواستمان ئەوەیە حكومەتی بەغدا هەڵسوكەوتی نائاسایی بەرامبەر حكومەتی ئێوە نەكات. دەمانەوێت لەناو ئەو سیستەمەدا پێكەوە بە خۆشی بژین. 

حەز دەكەین ئێوە وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە ناو عێراق بە ئارامی بژین. لەو كاتەدا بەغداش لەگەڵ ئێوە داوای هاوكاری لێدەكردین. بەڵام لەو كاتەدا كەشێكی لەو جۆرە لە عێراقدا نەبوو، حكومەتیش تازە پێكهێنرابوو. لە پڕێكدا ئێوە رووبەڕووی هێرشی داعش بوونەوە. بەڵام دڵنیا بن لەگەڵ هەموو ئەمانە، لە حاڵەتێكی ئاواشدا ئەگەر ئێمە لەسەر دەسەڵات بووینایە، هاوكاریمان دەنارد. لەمە دڵنیا بن. هیچ دوودڵ مەبن.





رووداو: یەكەم شەو توركیا بەرامبەر هەڕەشەی داعش لەگەڵ كوردستان دەبوو؟

میتۆدی پرۆسەی ئاشتی هەڵەبوو


موراد ئۆزچەلیك: بەڵێ دەبوو. لێرە رەنگە رێكخستنی هەندێك شت زۆر ئاسان نەبێت. بەڵام لە ئەنجامدا بەڕێز بارزانی ئاشكرای كرد كە "توركیاش لەو ناوەدا جۆرێك لە هاوكاری كردین". بەڵام من وەك CHP دەڵێم "بەڵێ ئێمە هاوكاریمان دەكردن".

رووداو: كاتێك پرۆسەی چارەسەری لە توركیا دەستیپێكرد، ئێوە سەرۆكی دەزگای راوێژكاری ئاسایشی گشتی بوون كە بەرپرسی پرۆسەكە بوو. بە كورتی دەمەوێت بڵێم كاتێك ئەم پرۆسەیە دەستیپێكرد "ئێوە لەوێ بوون". گەیشتینە ئەمڕۆ، چی گۆڕا لەم ماوەیەدا؟ رازین لەم ئاستەی پرۆسەكە؟

موراد ئۆزچەلیك: بە داخەوە، ئێمە باوەڕمان وایە، پرۆسەكە باش ناڕوات. لە سەرەتاشەوە، ئێمە دڵنیا بووین لەوەی ئەو رێگەیەی هەڵبژێردرا، ناتوانێت ئامانجی خوازراو بپێكێت. میتۆدەكە هەڵە بوو. كاتێكیش میتۆد هەڵە بێت، ناگەنە ئامانج. 

ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان گوت: دەبێت وەك وڵاتێكی دیموكراتیك. لە سیستمە دیموكراسییەكاندا دەبێت بواری كاری سیاسی فراوان بكەن. كاتێك هاووڵاتییە كوردەكانمان كێشەیان هەبێت سەبارەت بە مافەكانیان، دەبێت لە رێگەی فراوانكردنی بواری كاری سیاسییەوە چارەسەری ئەم كێشەیە بكرێت. لە ئەنجامی ئەمەدا دیموكراسی گەشە دەكات لە وڵاتدا. چۆن دەكرا ئەم هەنگاوە بنرایە؟ پێش هەموو شتێك دەتوانرا رێژەی لەسەدا 10ی كۆتای هەڵبژاردن دابەزێنرایە. دەكرا لە رێگەی پەرلەمانەوە ئەو یاسایانە گۆڕانكارییان تێدا كرابایە كە هاووڵاتیانی خۆت پێت دەڵێن ناوەڕۆكی ئەم یاسایانە لەگەڵ مافە گەردوونییەكان ناگونجێن.

نەدەبووایە لەم بوارەدا دەستی بە دەستی بە هاووڵاتیان بكرێ. نەدەبووایە ئەم گۆڕانكاریانە وەكو لوتفێك پێشان بدرێ. كاتێك كە بواری كاری سیاسیتان فراوان كرد، لە ئەنجامدا دەبینن كە لەناو پەرلەماندا دەكرێت بە راشكاوانە هەندێك بابەت باس بكرێن. دەمەوێت بڵێم دۆخەكە دەگۆڕدرێت بۆ ئاستێكی دیكە وەك لە كۆمەڵێك پەیمان كە لە پشت دەرگا داخراوەكانەوە دەدرێن. لەو حاڵەتەدا گەل بە چاوی خۆی دەیبینێت، هاووڵاتیانی كورد چییان دەوێت. 

لە سیاسەتدا دانوستاندنی هاوبەرامبەر و قایلكردنی یەكدی هەیە


ئێمەش دەتوانین چییان بدەینێ. كاتێك بابەتەكە گواسترایەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسەت. كارەكە راستتر دەڕوات. لە سیاسەتدا دانوستاندنی هاوبەرامبەر و قایلكردنی یەكدی هەیە. رەنگە هەندێكجار ئەوەی دەتەوێت دەستتنەكەوێت. بەڵام دەزانیت كە جارێكی دیكە دەتوانیت هەمان بابەت بهێنیتەوە ناو باسوخواس و هاوپەیمانی فراوانتری بۆ دروست بكەیت. ئەمە پرۆسەیەكە. بەڵام ئێمە دەڵێین: ئەگەر خەڵك ببینێت كە ئەم پرۆسەیە لەناو پەرلەماندا و لەسەر بنەمای بەها گەردوونییەكان بەڕێوەدەچێت و رەهەندێكیشی بەستراوەتەوە بە مەرجەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ بەهێزكردنی ئیدارە خۆجێییەكان، لەو حاڵەتەدا نە لایەنی توركی و نە لایەنی كوردی هیچ گومانێكی لە دڵدا نامێنێت. راستە ئێمەش دەزانین كە ئۆجەلان یەكێكە لە كەسایەتییەكان. بەڵام دەڵێین لە ئەنجامدا ئۆجەلان یەكێكە لە كەسایەتییەكان، یەكێكە لە ئاكتەرەكان.

پارتی داد و گەشەپێدان یەكەم جاری نییە لەگەڵ ئۆجەلان قسە دەكات. پێشتریش لەڕێگەی میتەوە قسەیان لەگەڵ دەكرد. ئەمانە هەر هەبوون. بەڵام ئەوەی كە بۆ ئێمە گرنگە، مافەكانی هاووڵاتییە كوردەكانمانە. ئەولەویەت بۆ ئێمە PKK نییە. ئەولەویەت بۆ ئێمە مافی هاووڵاتییە كوردەكانمانە.





رووداو: بە كورتییەكەی دەڵێن با رێژەی 10%ی بەربەستی هەڵبژاردن دابەزێت، رێژەی نوێنەرایەتی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا زیاد بكات؟

موراد ئۆزچەلیك: بەڵێ! نوێنەرایەتیكردنی كورد زۆر زیاتر دەبێت. دەمەوێت لە ناخی دڵیشمەوە ئەوە بڵێم، بۆ نموونە بەڕێز سەڵاحەددین دەمیرتاش لە "هەدەپە"وە، خۆی كاندیدكرد بۆ سەرۆك كۆماری و ئاستی پشتگیری لە پارتەكەی بەرزكردەوە بۆ  10%. ئەگەر بەربەرستی هەڵبژاردن دابەزێنرێت، نوێنەرایەتی كورد زیاتر دەبێت.

جا تو ویژدانتان پێمبڵێن، سەڵاحەددین دەمیرتاش یان "هەدەپە" پێویستی بەوە هەیە پرسیار لە یەكێكی دیكە بكات بۆ تێگەیشتن لە كێشەی كورد؟! ئۆكەی، من باش لەوە تێدەگەم كە گرووپێك خەڵك لەسەر شاخن و پێویستە بێنە خوارەوە.

بەڵام من پێموایە راستترین و ئاسانترین رێگە ئەوەیە بواری كاری سیاسی فراوان بكرێت و ئەو كەسانە قایل بكرێن بۆ هاتنە خوارەوە لە شاخ. رەنگە ئەمە وردەكاری زۆری هەبێت، دەتوانم بۆتان باس بكەم، بەڵام بنەمای سەرەكی ئەمەیە. لە وڵاتانی دیموكراتیدا بنەما فراوانكردنی دیموكراسییە. بۆ نموونە لە كاك مەسعود بپرسن "ئەگەر وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە توركیا هەیە، كاتی خۆی بەغدا بواری بۆ بكردنایەتەوە بۆ كاری سیاسی، ئێوەش بیرتان لەوە نەدەكردەوە ببنە بەشێك لە پرۆسەی سیاسی؟". لەو باوەڕەدام كە وەڵامی ئەویش هاوتەریب دەبێت لەگەڵ قسەكانی من. چونكە ئەویش گوتی كە كاتی چەك نەماوە.

هەولێكی ئەمریكییەكان هەبوو بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان


رووداو: لەگەڵ هاتنی داعش بۆ عێراق، دۆخێكی نوێ دروست بوو لەناو وڵات و ئێستا هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین كوردستان سنووری لەگەڵ عێراق نەماوە. 10 بۆ 15 كیلۆمەتر سنوورمان ماوە لەگەڵ عێراق. داعش بووە بە هاوسێی نوێمان. كاتێك تەماشای عێراق دەكەیت وڵاتێكی دابەشبوو دەبینیت. ئێوە راتان چییە؟

موراد ئۆزچەلیك: من لەم گۆشەنیگایەوە دەیبینم. سەرنجی شەڕە مەزهەبییەكانی ساڵانی 2006 و 2007 بدەن. دواتر سەرنجی ئەو پرۆسەیە بدەن كە تا حەددێك كۆتایی بە شەڕەكە هێنا و عێراقی تا ئاستێك ئاسایی كردەوە. سەرەتا هەولێكی ئەمریكییەكان هەبوو بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان. 

لەگەڵ ئەمەدا هەوڵێك هەبوو بۆ جیاكردنەوەی هۆزە سوننەكان لە قاعیدە. لەگەڵ ئەمەدا پلانێك هەبوو بۆ بەشداركردنی سوننە لە پرۆسەی سیاسیدا. بەشداركردنیان لە هێزە ئەمنییەكاندا. بەڵام! لە هەمووی گرنگتر، هێزێك، هێزێكی وشكانی بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق پیشانی قاعیدەی دا كە ناهێڵن لەوێ رەگ دابكوتن. بەوەش دۆخەكە تا ئاستێك هێور بووەوە. كاتێك كە دێینە سەر ئەمڕۆ، ئێستا ئەمریكا لە عێراق نەماوە. ئەوەش روون بووەوە بۆ هەموو لایەك كە سوپای عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەی داعشی نییە. لەولاوە هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بەبێ هێزی وشكانی پێیوایە تەنیا بە هێرشی ئاسمانی دەتوانێت كۆتایی بە داعش بهێنێت.





رووداو: ناتوانێت كۆتایی پێ بهێنێت؟

موراد ئۆزچەلیك: من تۆزێك لەم ئیشانە دەزانم. ئەم داعشە قەت بەو شێوەیە تەواو ناكرێت. لەبەر ئەوە من دەڵێم، بە داخەوە لە ماوەی داهاتوودا ئێمە دەبێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بەرەنگاری ئەم شتە ببینەوە كە لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە دەوڵەت.

رووداو: لەم قۆناغەدا ئەگەری دابەشبوونی عێراق هەیە؟

 داعش عێراق بەرەو دابەشبوون دەبات


موراد ئۆزچەلیك: پێدەچێت ئەنجامە سیاسییەكانی ئەم قۆناغە بەرەو ئەوە بڕوات. دەڕوات بەرەو دابەشبوون! دەڕوات! دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی تێبگات كە عێراق هیچ چارەسەرێكی نەماوە بێ لە دابەشبوون.

رووداو: ئەی ئەگەر عێراق بەرەو دابەشبوون چوو، هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی ریفراندۆمێك دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، توركیا دان بە كوردستاندا دەنێت؟ یان پێتوایە پێویستە دانی پێدا بنێت؟

موراد ئۆزچەلیك: لە راستیدا قورسترین شت قسەكردنە لەسەر گریمانە. بەڵام با بەمشێوەیە وەڵامتان بدەمەوە. دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، نەك تەنیا توركیا، لەوە تێبگات كە لە عێراق چارەسەرێكی دیكە نەماوە. بەڵام دەبێت بیر لەوەش بكرێتەوە كە ئایا ناتوانرێت لەگەڵ هۆزە سوننەكان رێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە بۆ دوورخستنەوەی داعش لەو ناوچانە؟ لەلایەكی دیكەشەوە بە یەكخستنی تواناكانی كورد و شیعە دەكرێت رێگە لە هەڕەشەیەكی گەورە بگیرێت یان نا؟ ئەم 2 پرسیارە بۆ وڵاتە زلهێزەكان و توركیاش زۆر گرنگن.

رووداو: با پرسیارەكەم جارێكی دیكە بكەمەوە. هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی ریفراندۆمێك سەربەخۆیی راگەیاند، با بڵێین فەرەنسا دانی پێدا نا، ئایا توركیا دوای فەرەنسا یان ئەمریكا بۆ نموونە دان بە كوردستاندا دەنێت یان بە ڕای ئێوە دەبێت زووبكات لە دانپێدانانی؟ تەنیا رای شەخسی بەڕێزتانم دەوێت.

موراد ئۆزچەلیك: خۆت دەزانی كە لە رای شەخسی دەرچووین ئیدی! با بەم شێوەیە وەڵامت بدەمەوە، لە سەرەتاشەوە گوتم ئێمە قەت نامانەوێت ئێوە رووبەڕووی كوشتن و بڕین ببنەوە. نامانەوێت لە دۆخی ناهەموار و نائارامدا بژین، ئومێد دەكەین ئەو فاكتەرانەی پاڵتان پێوە دەنێن بۆ ئەوەی ناچار ببن بۆ سەربەخۆیی، نەمێنن و بە ئەنجامێكی باشتر لە عێراقدا بژین. بەڵام ئەگەر ئیللا بگەین بەو ئەنجامە، ئەوكات هەموو پێكەوە دادەنیشین و قسەی لێدەكەین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە