رووداو- هەولێر
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) كە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و لەڕێی ئیمەیلەوە كراوە، وا پێشان دەدات كە ئەوان كە ئەوان ئامادەن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بگەنە لێكگەیشتن بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێ لە پارێزگای سلێمانی. قسەكانی لەبارەی هەڤاڵ ئەبوبەكر، كاندیدای بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار وا دەردەخات كە لە تۆمەتباركردنی پاشگەز بووبنەوەو ئامادەبن وەك پارێزگاری نوێ مامەڵەی لەگەڵ بكەن ئەگەر پۆستەكە دەستی ئەوان. حاكم قادر ئەوەش رەتدەكاتەوە كە لەگەڵ هەندێ بەرپرسی سەربازیی نێو یەكێتی شتێكیان بەناوی كوتلە دروستكردبێت.
رووداو: هۆكاری هەستانەوەی یەكێتی بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
حاكم قادر: بەخۆداچوونەوە، وەرگرتنی رەخنەكان، ئاراستەكردنی واقیعیانە و گەڕانەوە بۆ بنەما و پرەنسیپە راستەقینەكان و روونكردنەوەی بیروبۆچوون و سەربەخۆیی بڕیاری یەكێتی لەگەڵ هۆكارە بابەتییەكان و سوودوەرگرتن لە هەڵە سیاسییەكان، سەرجەمیان هۆكار و فاكتەری هەستانەوەكە بوون.
رووداو: وا دەردەكەوێ لە گفتوگۆكانتان لەگەڵ پارتی دەستبەرداری زمانە نەرمەكەی جاران بوون و لەسەر هەموو شتێك بەدەنگی بەرز قسەیان لەگەڵ دەكەن، تەنانەت رەخنەی توندتان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرتووە بۆ سەردانی ئوردن كە هیچ یەكێتییەكی لەگەڵ خۆی نەبردبوو؟
حاكم قادر: ئێمە بەزمانێك قسەمان كردووە كە لەسەر بناغەی رەخنە و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەكان بووە و هەردوولامان زۆر بە ئازادانە لەگەڵ یەكتر دواوین. بۆ مەسەلەی سەردانیكردنی ئوردن، بەڵێ بۆ ئەوەی فراوانتر بێت دەبووایە ئەو وەفدە هەمەڕەنگ بووایە.
پێكەوەكاركردن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بەپێویست دەزانم
رووداو: تێڕوانینتان بۆ كابینەی هەشت لە رووی هەماهەنگیی نێوان لایەنە بەشداربووەكانیەوە چۆنە؟
حاكم قادر: ئەركێكی گەورەیە، بەڵام سەرەتایەكی باش دەبێت بۆ خزمەتی خەڵك و لەدەرگادانی شەفافیەت و هاووڵاتیبوون. ئەمجارە كابینەی یەكڕیزی نیشتمانییە كە زۆرترین بیروبۆچوون و ئاراستە لەخۆدەگرێت، ئێمە ئەم یەكڕیزییە بەپرۆژەی خۆمان دەزانین و لەو روانگەیەوە وێڕای پشتیوانی قووڵ، چاوەڕێی سەركەوتن و خزمەتی زۆری هاووڵاتیانی لێدەكەین بەمەبەستی چارەسەری كێشە و داواكارییەكانی خەڵك، بەتایبەت خواستە رەواكانی گەنجان و لاوان.
رووداو: ئەم كابینەیە دەتوانێت لەئاست بەڵێنی حیزبە بەشداربووەكانی حكومەتدا بێت، بەتایبەتی مەسەلەی بنەبڕكردنی گەندەڵی و شەفافیەت لە داهات و سیاسەتی نەوتی حكومەتی هەرێم؟
حاكم قادر: دەبێ وابێت و هەوڵدەدەین لەو مەسەلانەدا بڕیاری بوێرانە بدات. هەروەك بەرنامەكەشی دەبێت خاڵ بخاتە سەر پیتەكان بۆ چارەسەری ئەو بابەتانە و كۆدەنگییەكی تەواوی لەسەر هەبێت و رەزامەندی هەموو لایەنە بەشداربووەكانی لەسەر بێت، هەمووان باش دەزانین چەندە گەندەڵی هەیە و چۆن موڵكی گشتی بەهەدەر دەدرێ كە پێویستە بۆ خزمەتی گشتی و بەرژەوەندی گشتی بەكاربهێنرێت.
رووداو: ئەم كابینەیە سەركەوتوو دەبێت لە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ وەك ئەوەی لە میدیاكان و گفتوگۆكان و بانگەشەی هەڵبژاردن باس كراوە؟
حاكم قادر: رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ بەكردەوە لە كابینەی شەشەمەوە دەستیپێكردەوە و هەنگاوی باشیشی بڕیوە، بەڵام گەورەیی و كاریگەریی ئاسەواری شەڕی ناوخۆ رەنگە وای كردبێت ماوەیەكی زۆری پێویست بێت بۆ سڕینەوەی ئاسەوارە خراپەكانی و گێڕانەوەی هەرێمی كوردستان و سەرجەم دامودەزگاكان بۆ سەردەمی یەك ئیدارەی یەكگرتوو و تۆكمە، نیەتیش بۆ ئەو كارە پیرۆزە لەلای لایەنە سیاسییەكان هەیە بەتایبەتی لەلای یەكێتی و پارتی كە باوەڕی تەواویان پێیەتی، بۆیە ئومێد دەكرێت لە كابینەی نوێدا هەنگاوی گەورەی دیكە بەو ئاراستەیەدا بنرێت، چونكە خەڵك چاوەڕوان دەكەن.
رووداو: بۆچی كێشەی كورد لە بەغدا وەك ئەوەی یەكێتی و پارتی بەڵێنیان بە خەڵكی كوردستان دابوو چارەسەر نەبوو، بگرە ئاڵۆزتریش بووە؟
هەمووان باش دەزانین چەندە گەندەڵی هەیە و چۆن موڵكی گشتی بەهەدەر دەدرێ
حاكم قادر: كێشەكانی نێوان بەغدا هۆكار و پاڵنەری زۆریان هەیە لەسەروو هەموویانەوە كارنەكردن و پەیڕەونەكردنی ئەو دەستوورە هەمیشەییەی كە گەلانی عێراق دەنگیان پێداوە و پەسەندیان كردووە و چارەسەری بۆ زۆربەی هەرە زۆری گرفت و ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم و پارێزگاكان داناوە. بەڕای من كێشەكە لە سیستمی دەوڵەتدا نییە بەڵكو لەو عەقڵیەت و كەسانەدایە كە سیستمەكە بەڕێوەدەبەن، هەركات لایەنەكان گەڕانەوە بۆ رۆحی دەستوور و ناكۆكییەكانیان لەسەر ئەو بنەمایە چارەسەركرد، ئەو كاتە باوەڕ ناكەم ئەم ناكۆكییانەی ئێستا هەن دووبارە ببنەوە. هۆكارێكی دیكەی ناكۆكییەكانیش خۆی لە درەنگ كەوتنی داڕشتنی زۆر یاسای گرنگدا دەبینێتەوە كە پەیوەندی و مامەڵەی نێوان ناوەند و هەرێم دیاری دەكەن، بە تەواوكردنی ئەو یاسایانە و پەسەندكردنیشیان زۆر لە كێشەكان بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی چارەسەر دەبن. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت كۆدەنگی و یەكهەڵوێستی لە سیاسەت و تاكتیك و ستراتیجدا هەبێت لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا.
رووداو: ئێوە چانسێكی زۆر باشتان هەبوو بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت چ بەهۆی رابردووی ئیداری و پۆستی سیاسی، چ وەك نوێنەری خەڵكی سلێمانی كە هەمیشە یەكێتی پاراستووە، بۆچی ئێوە هەڵنەبژێردران؟ ئایا ڤیتۆی پارتی بوو یان رای ناوخۆی یەكێتی، یان دەستێوەردانی دەرەكی؟
حاكم قادر: وەك پێشتریش رامگەیاندبوو من خەباتم بۆ پۆست و پلە و پایە نەكردووە بەڵكو لەپێناو مافی رەوای گەل و نەتەوەكەم تێكۆشاوم و پێشمەرگایەتی و خزمەتكردنم هەڵبژاردووە و هەرگیز داوای پۆست و پلەشم نەكردووە. هیچ كاتێكیش هەڵپەی پلە و پایە و پۆستم نەبووە، هەر ئەوەندە دەڵێم.
رووداو: دەگوترێت باڵێكی نوێ ئەگەرچی ناوێكی دیاریكراویشی نەبێت، لەنێو یەكێتیدا دروست بووە، ئەویش باڵی سەربازیی ئەو حیزبەیە كە ئێوەو مەحمود سەنگاوی و شێخ جەعفەر و چەند سەركردەیەكی دیكەن، ئایا دەتوانن ململانێی باڵەكانی دیكە بكەن یان ئەوە هەڵچوونێكی كاتییە؟
حاكم قادر: ئەوەی باسی دەكەیت بەو جۆرە نییە، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە شانازی بەوەوە دەكات كە بیروبۆچوون و رای جیاوازی تێدایە بەتایبەتی لەنێو سەركردایەتییەكەیدا، بۆ هەموو بڕیار و بابەتێكیش ئازادانە و بێ هیچ سانسۆرێك بۆچوونەكان خراونەتەڕوو و پاشان بە دەنگی زۆرینە پەسەندكراون. ئەمە ناونانرێت باڵباڵێن بەڵكو ئەمە فەراهەمكردنی ئازادییە كە ئەوەش جێگای دەستخۆشی و پێزانینی هەموو لایەكە لەگەڵ ئەوەی چەند هەڤاڵێك زۆر بە ئازادانە راوبۆچوونی خۆیان بوێرانە دەردەبڕن.
رووداو: نەیارەكانتان زۆر باسی رۆڵی ئێران دەكەن لە گۆڕینی نەتیجەكانی هەڵبژاردن و دەڵێن هەمان ئەو تیمەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئێرانی گۆڕی بە قازانجی ئەحمەدی نەژاد، هەمان ئەو تیمە سەرپەرشتی ئیشەكەی ئێرەی كردووە؟
حاكم قادر: ئەم قسانە پاساو و بیانوویەكن بەهیچ جۆرێك مایەی قسە لەسەركردن نین، چونكە مەنتیق ئەوەیە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان توانیویەتی لە هەڵبژاردندا كێرڤی دەنگەكانی بەشێوەیەكی باش بەرزبكاتەوەو ئەم هاوكێشەیەش بەسەر هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكانیشدا جێبەجێ دەبێت، ئیتر چۆن دەتوانن سەركەوتنی یەكێتی تەنیا لە سلێمانیدا بچووك بكەنەوە و باس لە تەزویر لەو شارە بكرێت لە كاتێكدا ئەوەی لە كەركووك و ناوچەكانی دیالە بەدەستهاتووە بە روونی هەستانەوەی یەكێتی دەردەخات. هەروەك لەهەولێر و دهۆكیش بەهەمان شێوەیە.
رووداو: ئێستا هەست بە جۆرێك لە نەرمی لەنێوان گۆڕان و یەكێتی دەكرێت، ئایا دەتوانن پێكەوە رێككەوتن بكەن بۆ پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی؟
حاكم قادر: سیاسەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە دوای هەڵبژاردن ئەوەیە كاری پێكەوەیی لایەنەكان بكرێتە بنەما بۆ هەموو هەنگاوێك، بێگومان بەر لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانیش یەكێتی بوو كە تەئكیدی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی یەكڕیزیی نیشتمانی و پەراوێزنەخستنی هیچ لایەنێك دەكردەوە. هاوكاری و هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكانیش بۆ خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك پێویستە و لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە، بۆ شاری سلێمانیش كە تایبەتمەندی خۆی هەیە دەتوانم بڵێم زیادكردنی ئەو هەماهەنگی و هاوكارییە لە هەموو ناوچەیەكی دیكە پێویستترە و یەكێتیش تەواو باوەڕی بە جێبەجێكردنی ئەو بنەمایە هەیە. بۆ پارێزگای سلێمانیش پێكەوەكاركردن لەگەڵ لایەنەكان و بەتایبەت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بەپێویست دەزانم.
پێشنیاز دەكەم هەرچی زووە لەگەڵ برایانی گۆڕان بگەینە ئەنجامێكی گونجاو
رووداو: یەكێتی رازی دەبێت پارێزگار لە گۆڕان بێت كە بەپێی ژمارەی كورسییەكان براوەی یەكەمە؟
حاكم قادر: وەك گوتم هاوكاری و هەماهەنگی بۆ داهاتووە، ئێمە پێویستە پێكبێین لەسەر بەڕێوەبردنی شارەكە، پێكهاتنیش پاش دانیشتن و دانوستاندن دەكرێت. بۆ ئەو مەبەستە من پێشنیاز دەكەم هەرچی زووە لەگەڵ برایانی گۆڕان دابنیشین تا بگەینە ئەنجامێكی گونجاو، چونكە هەردوولامان ژمارەی كورسیەكانمان زۆر نزیكە و لەلایەكی تریشەوە هیچ لایەكمان لەڕووی یاساییەوە رێژەی سەربەخۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی شارەكە و دیاریكردنی پارێزگار بەدەستنەهێناوە، لەروانگەی ئەو راستییەشەوە ناڕاستە هیچ لایەكمان لەهاوكێشەكە بچینە دەرەوە. هەربۆیە دانیشتن تاكە رێگایە بۆ گەیشتن بەبڕیارێكی تەوافوق لەسەركراو بۆ هەردوولامان و بۆ بەرژەوەندی شارەكە بەگشتی.
رووداو: رای تۆ چییە لەسەر هەڤاڵ ئەبوبەكر، ئایا هیچ جۆرە ڤیتۆیەكت هەیە لەسەری؟
حاكم قادر: وەك خۆم ئەو مافە بەكەس نادەم بەبێ بنەما و بەڵگەی یاسایی ڤیتۆ لەسەر كەس دابنێ، بابەتەكە نابێ بكرێتە كێشەیەك كە خەڵك زەرەرمەند بێت، بەڵكو دەبێ لەڕووی تەوافوق و پرۆژە و بەرنامە و پێكهاتنەوە خزمەتی خەڵكی شارو شارۆچكە و گوندەكان لە سنووری ئەم پارێزگایە لەبەرچاو بگیرێت.
رووداو: بەڕای ئێوە پارتی بەشداری بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكات؟ ئەگەر كردی، ئێوەش داوای بەشداری دەكەن لە هەولێر و دهۆك؟
حاكم قادر: بێگومان لەبەر ئەوەی سەردەمی پەنجا بە پەنجا بەسەرچووە، لەمەودوا ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بڕیاردەدات، ئێمە لەسلێمانی و كەركووك و ناوچەكانی دیكە و لەهەولێر و دهۆكیش دەنگمان هەیەو بەشبەحاڵی خۆم بەپێویستی دەزانم لەهەموو ئەو ناوچانەی دەنگمان هێناوە بەشی خۆمان پۆستی بەڕێوەبردن وەربگرین. بە تەئكید داوای بەشداربوون لە شارەكان دەكەین كە پێویستە هەموو لایەنەكان پێكبێن لەسەر بەڕێوەبردنی شارەكان.
رووداو: دەگوترێت وردە گفتوگۆ هەیە بۆ لێك نزیكبوونەوەی ئێوە و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێر و دهۆك، هۆكارەكەی چییە؟
حاكم قادر: ئێمە سەربەخۆین لەهەڵبژاردنی دۆستایەتی و پەیوەندیدا، لەناوخۆی كوردستان پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەكان باشە، ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە كوردستانییەكان هەوڵدەدەین باشترو شیاوتر بۆ یەكێتی گوتار و نزیككردنەوەی بۆچوونەكان تێبكۆشین. لای ئێمە ئەم یەكخستنەی گوتارو بەرنامەی سیاسی كوردستانی زۆر پێویستە بۆ داهاتوو، لێك نزیكبوونەوەكەشمان لەهەمان روانگە و ستراتیژەوەیە لەگەڵ هەموو لایەنەكان. بەپێویستی دەزانین لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكان و گەشەپێدانیاندا كار بكەین بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان.



.png&w=3840&q=75)
