عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) قسە لەسەر شكستەكەی یەكێتی دەكات و دەڵێت لە كۆنگرە تۆڵە لەو كەسانە دەكاتەوە كە بەرپرسیاری ئەو شكستەی یەكێتین "ماڵ بە ماڵی ئەندامانی كۆنگرە دەگەڕێم و دەڵێم دەنگیان مەدەنێ". هێرشی توندیش دەكاتە سەر ئەو بەرپرسە سەربازیانەی یەكێتی كە دەنگیان داوەتە گۆڕان و دەڵێت "نەقڵیان دەكەین بۆ مووسڵ و زاخۆ". هەروەها دەڵێت "ئەو یەكێتییەی دەنگی داوەتە گۆڕان هەقە نەك نانبڕاو بكرێت، بەڵكو دەبێت سەری لەلاشەی جیابكرێتەوە".
هەڤپەیڤین: بەهرۆز فەرەیدوون
رووداو: ئەو دۆخەی ئێستا یەكێتی تێدایە ناوی دەنێین چی؟
عەتا سەراوی: ئەو دۆخەی یەكێتی تێدایە پاشەكشەیە لەدەنگ، یەكێك لەو كێشانەی ئێمە لەكۆمەڵگای رۆژهەڵاتیدا هەمانە ئەوەیە ئەو پرۆسەیەی ناوی دەبەین بە دیموكراتی لای من هێشتا نەچووەتە ژمارە یەك و هێشتا لە سفرداین و سفریش ژمارەیە. یەكێك لە بنچینە سەرەكییەكانی دیموكراسی كە پرۆسەی هەڵبژاردنە وەك شەڕ لێی تێدەگەین و وەك كێبڕكێ تەماشای ناكەین، سەركردە سیاسییەكانیش وەك ململانێ ناوی دەبەن، ئەگەر ململانێ شیبكەینەوە واتە ملشكاندن، یەكێتی بووە پێشبڕكێكەری سێیەم، ئەگەر بە ویژدانەوە باس لەهۆكاری ئەم پاشەكشەیەی یەكێتی بكەین دەبێت بڵێین پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان لەژێر پرسیاردایە، تۆماری دەنگدەری پاكمان نییە و ناوی دووبارەی زۆری تێدایە، من بۆ خۆم لێپرسراوی كۆمیسیۆنی چاودێریی هەڵبژاردنەكانم لەئەنجوومەنی ناوەند، لەكاتێكدا من كە كابرایەكی پرۆفیشناڵ نیم دەتوانم 150 هەزار بۆ 200 هەزار دەنگ ناوی مردوو ئیسپات بكەم كە لەهەڵبژاردندا ناوی هەبووە، جگە لەوە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تووشی دوولەتبوون بووە، هۆكار زۆرن كە یەكێتی لەم كێبڕكێیەدا كردە ژمارە 3.
رووداو: بەڵام لەناو خەڵكدا وا باس لەیەكێتی دەكرێت كە ژمارەیەكی كەمی دەنگەكانی هێناوە بۆیە دەڵێت تەزویر كراوە، بۆ پێشتر نەیدەگوت تەزویر كراوە؟
لە كۆنگرە ناوی ئەوانە ئاشكرا دەكەم كە كار بۆ گۆڕان دەكەن
عەتا سەراوی: قسەكراوە، بەڵام ئێمە وەك یەكێتی ئەنجامەكانمان قبووڵ كرد، جگە لە توركیا و ئیسرائیل، ئەمە یەكەمینجارە لە ناوچەكەدا هەڵبژاردن بكرێت و هێزێك خاوەنی پێگەیەكی جوگرافی، سیاسی، ئابووری و عەسكەری بێت و دان بە پاشەكشەی خۆیدا بنێت، پارتی كە 38 كورسی هەبوو ئەنجامەكەی قبووڵ نەكردبوو، بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەنجامەكەی قبووڵ كرد.
رووداو: كەواتە ئێوە وەك یەكێتی هەر دەنگێك بەدەست بهێنن ئەنجامەكەیتان قبووڵە؟
عەتا سەراوی: بەشێك لە پاشەكشەی ئێمە هۆكارەكەی تەزویرە، بەشێكی دیكەی جیابوونەوەی باڵێكی بەهێزی یەكێتییە، بەڵام بەشە سەرەكییەكەی خۆمانین، مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە پلینیۆمی 10ی مانگ بەڕەسمی دانمان بەوەدا نا.
رووداو: ئێوە هەمووتان لەو شكستە بەرپرسن و كەسێكتان لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكراوە، ئێستا ئەندامانی خوارەوەتان داوای لابردنی هەندێك لەئەندامانی سەركردایەتی حیزبەكە دەكەن، ئەگەر چەند كەسێك لاببرێن ئەو كەسانە كێن؟
ئەوەی لە ئەلبیسەكەی سلێمانی روویدا ئیشی پاراستنی پارتی بوو
عەتا سەراوی: ناوی كەس ناهێنم، بەڵام چەند كارێكی جەوهەری هەیە دەبێت لەكۆنگرە جێبەجێیان بكەین، هەرەمەكەی یەكێتی سەرێكی نییە و دەبێت سەرێكی بۆ دروست بكەین.
رووداو: كێ بكرێتە سەری هەرەمی یەكێتی؟
عەتا سەراوی: من لەگەڵ سیستمی هاوسەرۆكیم، ئێستا خەڵك باس لە چوار پێنج كەس دەكەن لە سەركردایەتی یەكێتی، بەڵام پێموایە دەبێت خەڵكی گەنجتریش بهێنرێتە پێشەوە، من پێمباشە قوباد تاڵەبانی بكرێتە سكرتێری یەكێتی، لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و د.بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ یەكێكیان هەڵبژێرین.
رووداو: ئەی كارەكانی دیكەی كۆنگرە كە بە بڕوای تۆ دەبێت ئەنجام بدرێ؟
عەتا سەراوی: لە كۆنگرە ئەگەر نیوەی سەركردایەتی یەكێتی نەگۆڕین، یەك لەسەر سێی ئەندامانی سەركردایەتی دەگۆڕین، دواتر دەبێت رێككەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەموار بكرێتەوە، ئەو كەسانەی لەحكومەت بەشداربوون لە بەڕێوەبەرێكەوە تا جێگری سەرۆكی حكومەت كەسیان نەچنەوە ناو حكومەت، چونكە بەبێ جیاوازی هەموویان شكستیانخوارد، دەبێت رێككەوتننامەی دەباشان بە گرنگییەوە تەماشا بكرێت و نابێت پشتگوێ بخرێت، چونكە لە رێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی گرنگتر نەبێت كەمتر نییە، یەكێك لە هۆكارەكانی شكستی یەكێتی لەسەر رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستانە كە دەبێت ئەو رەشنووسە سەرلەبەری بگۆڕدرێت و سیستمێكی پەرلەمانی لەم وڵاتە هەبێت نەك تێكەڵەیەك بێت لە نیمچە سەرۆكایەتی و نیمچە پەرلەمانی، سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.
رووداو: بەڵام درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان بوو، ئێوە كاتێك باستان لەدەستوور كرد هەر لەو كاتەدا لە پەرلەمان دەنگتان بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دا؟
عەتا سەراوی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پاركی شانەدەر لەبەرچاوی هەموو دنیا گوتی ئەو دەستوورە دەخەمە راپرسی، یەكێتی گوتی نەخێر ناخرێتە راپرسی و دەبێت سازانی لەسەر بكرێت، نە ئەوەی بەڕێز كاك مەسعود، نە ئەوەی ئێمەش كە دەڵێین سەرلەبەری پڕۆژەكە بگۆڕدرێت، هەر بۆیە لەبەرامبەر درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم، یەكێتی نەیهێشت رەشنووسی دەستوور راپرسی لەسەر بكرێت.
ئەو ئامر لیوایانەی دەنگیان داوەتە گۆڕان نەقڵیان دەكەین بۆ زاخۆ و مووسڵ
رووداو: بەڵام دەشڵێن پارتی بڕێك پارەی لەبەرامبەر درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی داوەتە یەكێتی؟
عەتا سەراوی: ئاخر یەكێتی چ پێویستی بەپارەی پارتی هەیە؟ ئێمە لەم وڵاتە شەریكین، بودجەی ئەم وڵاتە 57% پارتی دەیبات و %43ش یەكێتی، ئێمە تا ئێستا دوو ئیدارەین، ئەگەر واقعی بین، تەنیا لەسەرەوە یەك حكومەتە، ئەگینا لەخوارەوە دوو ئیدارەیە، زۆنی سەوز و زەردە و ئەوە نیللیشی هاتەپاڵ، لەبەر ئەوە حەق نییە بڵێین دوو ئیدارەیی نییە، چونكە خەڵك دەزانێت درۆ دەكەین، بەرپرسێكی پارتی شەش ئۆتۆمبێل زیاتری لەگەڵ بێت بیەوێت لە دێگەڵە بێت بەمدیوا دەبێت رووخسەت لەئێمە وەربگرێت، هی ئێمەش هەر وایە، نە ئاسایشمان یەكە، نە پێشمەرگەمان یەكە، ئێستاش ئەو لیوایانەی رێكخراون ئامر لیواكە یەكێتییە و جێگرەكەی پارتییە یان بە پێچەوانەوە، لە نان خواردن و پاسەوانی و خەوتندا لەیەكدی جیادەبنەوە، داواكارییەكەت لە فایلێكی زەرد نەبێت لە هەولێر و دهۆك دەیدڕێنن، لای ئێمەش بزانن پارتیت یان لایەنێكی دیكەی ئیشەكەت بۆ ناكرێت.
رووداو: حیزبەكەی ئێوە دەڵێت حیزبێكی سۆسیال دیموكراتم، ئەم كێشانەی باستكرد بۆ ئێوە لای خۆتانەوە دەستپێشخەر نەبوون لە چارەسەركردنی؟
عەتا سەراوی: شانزە ساڵە هاتوچۆی سوید دەكەم و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەم هەیە، ئەو سۆسیال دیموكراتەی ئێمە باسی دەكەین ئەو سۆسیال دیموكراتە نییە كە لێرە هەیە.
رووداو: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەپێشمانە، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكەدا لە شاری سلێمانی گۆڕان پلەی یەكەمی بەدەستهێنا ئێوە وەك یەكێتی ئامادەن سلێمانی رادەستی گۆڕان بكەن؟
عەتا سەراوی: من دڵنیام ئەو هەڵبژاردنە ناكرێت.
رووداو: دەڵێن یەكێتی بەنیازە ناوی كاندیداكانی خۆی پێشكەشی كۆمسیۆن نەكات؟
عەتا سەراوی: نەیكردووەو ناشیكات، هەڵبژاردنەكە ناكرێت، ئیدی بۆچی لیست پێشكەش بكات، بەو هەموو تەزویرەی لە هەولێر و دهۆك كرا، خێرە ئێمە ئەوە قبووڵ بكەین، بەو تۆمارەی 200 هەزار دەنگی تەزویری تێدایە بچینە هەڵبژاردن؟ پارتی لە هەولێر و دهۆك ئیدارەی بەدەستەوە بمێنێت، بەڵام ئێمە ئیدارەی سلێمانی لەدەستبدەین؟
هەر یەكێتییەك دەنگی دابێتە گۆڕان لەگەڵ خیانەتی ژن و كچەكەیدا هیچ جیاوازییەكی نییە
رووداو: بەڵام ئەگەر بەقسەی ئێوەبێت خۆ لە سلێمانی تەزویر نەكراوە، بۆچی لە سلێمانی دەنگتان نەهێنا؟
عەتا سەراوی: ئەگەر بڕیارە سلێمانی و هەولێر و دهۆك یەك هەرێم بێت، دەبێت هەمووی وەك یەك بێت، بەڵام ئەگەر بڕیاربێت هەر پارێزگایەك بكرێتە هەرێمێك، ئەوە بەسەرچاو با هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە شاری سلێمانی بكرێت و لە هەولێر و دهۆك دوابخرێت تا ئەوكاتەی تۆماری دەنگدەران لەو دوو شارە پاك دەكرێتەوە، لە ساڵی 1992 بەدواوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێمی كوردستان نەكراوە.
رووداو: ئێوە وەك یەكێتی دەستتان كردووەتەوە بە نانبڕینی كادیرەكانتان، ئەو كەسانەی گومانیان لێدەكرێت دەنگیان داوەتە گۆڕان مووچەیان دەبڕن و رەوانەی ماڵەوەیان دەكەن، ئەوە كارێكی باشە؟
عەتا سەراوی: هەر كەسێك لەسەر میلاكی هەر حیزبێك هەر پۆستێكی ئیداری و حیزبی هەبێت، یان مووچەخۆری هەر حیزبێك بێت دەنگ بەو حیزبە نەدات ئەوە خیانەتێكی گەورە دەكات، خیانەتیش لە هەموو دنیا ئیجرائاتی توندی لەگەڵ دەكرێت، من لەگەڵ ئەوەم نەك نانی ببڕیت، بەڵكو سەری ببڕیت، ئەگەر گۆڕانیت بڕۆ بۆ لای گۆڕان، من دەڵێم پێویست ناكات نانی ئەو كەسانە ببڕدرێت كە خەتمایل و جاسوسن، بەڵكو دەبێت گەردنیان ببڕین و بە ئاشكرا ئەم بانگەوازە دەكەم.
رووداو: دوای ئەم قسانەت ئەگەر بەرپرسێكی یەكێتی وەڵامت بداتەوە لەسەر ئەم قسەیەت چی دەڵێیت؟
عەتا سەراوی: من قسەی زەرد و سوور ناكەم، هەر یەكێتییەك لەهەر پۆستێكدا بێت، ئەگەر ژنەكەی خیانەتی لێبكات ئایا قبووڵی دەكات؟ من قەناعەتم وایە هەركەسێكی یەكێتی دەنگ بداتە بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ خیانەتی ژن و كچەكەیدا هیچ جیاوازییەكی نییە، من هەتا سەرئێسقان لەگەڵ هاوپەیمانیم لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام هەركەسێكی یەكێتی لەهەرئاستێك بێت و دەنگی بەگۆڕان دابێت دەبێت سەری لەلاشەی جیابكرێتەوە، برادەرانی پارتی لە سنووری سلێمانی 120 هەزار مووچەخۆریان هەیە، 30 هەزار لەو مووچەخۆرانە دەنگیان نەداوەتە پارتی، من ئەم دەنگنەدانە ناو دەنێم گەورەترین خیانەت.
رێككەوتننامەی دەباشان لە رێككەوتننامەی ستراتیژی كەمتر نییە
رووداو: دەڵێن تۆ كەسێكی زۆر نزیكی نەوشیروان مستەفایت، ئەگەر نەوشیروان مستەفا داوات لێبكات بچیتە ناو گۆڕان دەچیت؟
عەتا سەراوی: هەرگیز ناچم، من لەنێوان یەكێتی و گۆڕان، یەكێتیم هەڵبژاردووە، بەڵام لەنێوان دۆستایەتی و برادەرایەتی كاك نەوشیروان و كاكێكی دیكە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی خۆمە، دۆستایەتی كاك نەوشیروانم پێخۆشترە، تەنیا كەسم كە بەئاشكرا دەچمە گردەكە و ماڵی كاك نەوشیروان، بەڵام وەك یەكێتییەك دەچم، دەبێت حیزبەكان واز لە جاسووسیكردن بەسەر یەكەوە بهێنن، ئەم كولتوورە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ بەعسیبوون نییە.
رووداو: ئەم "جاسووسیكردنە" لەكۆنگرە باس دەكەن؟
عەتا سەراوی: بەدڵنیاییەوە، گومان لەهەركەسێك بكەم ناوی دەهێنم و هەركەسێكیش گومانی لە من هەیە با باسی بكات، هەندێك كادری ناوەندیی یەكێتی هەیە كار بۆ گۆڕان دەكەن و لە كۆنگرە ناویان دەهێنم، خەڵك هەیە ئامر لیوایە، نەقڵی دەكەین بۆ زاخۆ بۆ مووسڵ.
رووداو: هێزی پێشمەرگە موڵكی حكومەتە، ئێوە چۆن دەتوانن وەك یەكێتی ئامر لیوایەك بگوازنەوە؟
عەتا سەراوی: تەنیا یەك كادر لەناو پارتی گومانی لێبكەن دەنگی بەلایەنێك داوە جگە لە پارتی، نەك نان، بەڵكو سەری دەبڕن، ئیدی ئێمە بۆ نەقڵی نەكەین؟
رووداو: ئێوە وەك یەكێتی زۆر باس لەوە دەكەن كە بزووتنەوەی گۆڕان كار لەسەر یەكێتی دەكات و دەنگدەر و لایەنگرەكانی بۆ لای خۆی دەبات؟
یەكێتی لیستی كاندیداكانی ئەنجوومەنی پارێزگای پێشكەش نەكردووە و ناشیكات
عەتا سەراوی: بزووتنەوەی گۆڕان حەقی خۆیەتی و ئەو سیاسەت و حیزبایەتی دەكات، نابێت بڵێم بۆ ئیش لەسەر یەكێتی دەكات، یان پارتی ئیش لەسەر ئێمە دەكات، ئێمەش ئیش لەسەر ئەوان دەكەین و ئێمە ركابەری یەكین، قەت گلەیی لە گۆڕان یان پارتی ناكەم یەكێتییەك بكەنە گۆڕان یان پارتی، ئیشی منیش ئەوەیە پارتییەك یان گۆڕانێك بكەمە یەكێتی، ئەو سەركردانەی ئێمە كە وا دەڵێن پیاوی دەستەپاچەن، من لێرەوە داوا لە جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەم بێنەوە ناو یەكێتی، چونكە یەكێتی خانەی خەباتی ئەوانە، لەبەر ئەوە گلەیی كردن بیانووی پیاوی بەزیوە.
رووداو: قسەی تۆ چییە لەسەر مەسەلەی ئەلبیسەكە، لە كاتی جیاكردنەوەی دەنگەكان زوومی كامێرا و میدیاكان ئەوەندەی باسی ئەلبیسەكەیان دەكرد ئەوەندە باسی جێگەیەكی دیكەیان نەدەكرد؟
عەتا سەراوی: ئەلبیسەكە خزمەتی هەولێر و دهۆكی كرد، ئەوەی لە سلێمانی كرا بە دەستی پارتی و پاراستنی دەزانم، ئەگەر یەكێتییەك كردبێتی ئەوا بە فەرمانی پارتی و پاراستن كردوویەتی، بە پێچەوانەوە یەكێتی وەك قیادە بەرنامەی تەزویری نەبووە.
رووداو: بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی، ئەندامی ئەو لیژنەیە بوو كە راپۆرتێكیان لەسەر بارودۆخی یەكێتی ئامادەكرد و پێشكەشی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كرا، قسەت چییە لەسەر ئەو؟
پێمباشە قوباد تاڵەبانی بكرێتە سكرتێری یەكێتی
عەتا سەراوی: لە كۆنگرە باجەكەی دەدەن، سێ مانگی دیكە چاوەڕێ بكە، ناهێڵین زۆربەیان دەربچنەوە، من لە ئێستاوە بانگەشە دەكەم كێ بە بەرپرس دەزانن لەو دۆخەی یەكێتی دەنگی نەدەنێ لە كۆنگرە، چۆن ماڵ بەماڵ گەڕام بۆ ئەوەی خەڵك دەنگ بە یەكێتی بدات، ماڵی كادر بەكادری كۆنگرە دەگەڕێم و پێیاندەڵێم كێ بەرپرسیاری ئەم دۆخەی یەكێتی بووە دەنگی نەدەنێ، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی یەكێكە لەو كەسانە و ئەو بەتەنیا هەر خۆی نییە و چەند كەسێكی دیكەشن، ئەو 150 سەركردەیەی یەكێتی بەرپرسی یەكەمی ئەو دۆخەین كە ئێستا تێیكەوتووە.
رووداو: ئەگەر لەسەر ئەم قسانەت سەركردایەتی یەكێتی تۆ دوور بخەنەوە چی دەكەیت؟
عەتا سەراوی: ناتوانن، هیچ كەس ناتوانێت ئەوە لەگەڵ من بكات، پێشتر مام جەلال دەیتوانی و ئێستاش كۆنگرە دەتوانێت، ئەگەر فایلم هەیە یان جاسووسی حیزبێكم یان دزو شەرواڵ پیسم سەرچاو، بەڵام بەپێچەوانەوە هیچ كەسێك ناتوانێت.
رووداو: ئەی كوڕەكەی مام جەلال؟
عەتا سەراوی: ئەویش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەتوانێت، بەپێچەوانەوە وەك پێگە هیچ كەسێك ناتوانێت من لە یەكێتی دوور بخاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ