ئەرگون باباهان: دەمیرتاش لەلایەن ئەنقەرەوە وەكو هەڕەشەك دەبینرێ

17-03-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەرگون باباهان
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەهۆی بەرتەسكبوونەوەی ئازادیی رۆژنامەڤانی لە توركیا، دەگمەنن ئەو قەڵەمانەی راشكاوانە دەنووسن. ئەرگون باباهان، یەكێكە لەو قەڵەمانە. لە نووسینەكانیدا هەست دەكەیت كە ئەو هەموو رەهەندە دەروونییەكانی كێشەی كوردی ناسیوە، دەزانێ توركیا لە كوێ دەیباتەوە و لە كوێ دەدۆڕێ.

ئەرگون باباهان، 56 ساڵ، لە ئیزمیر لەدایك بووە. لەهەردوو زانكۆی ستانفۆرد و مەریلاندی ئەمریكی یاسای خوێندووە. ماوەیەك سەرنووسەری رۆژنامەی سەباح و ماوەیەكیش سەرنووسەری حوڕیەت بووە و لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی توركیادا گۆشەنووس بووە. بەهۆی هەڵوێستە رەخنەییەكانی لەبارەی مەسەلەی جەماعەتی گولەن و كێشەی كورد و دیموكراسی، چەند جارێك لە كارەكەی دوورخراوەتەوە. ئێستا لە رۆژنامەی (ئوزگور دوشنجە) درێژە بە نووسینەكانی دەدات. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییەی حكومەتی توركیا بۆ سەر گرووپی سەرمایەداری بۆیداك، دەستبەسەرداگرتنی رۆژنامەی زەمان و كێشەی كورد دەكات.

رووداو: ئۆپەراسیۆن بۆ سەر گرووپی (بۆیداك) كرا كە گەورەترین گرووپی سەرمایەداریی توركیایە. دوای ئەویش دەست بەسەر رۆژنامەی زەماندا گیرا. چ پەیامێك لە پشت ئەو ئۆپەراسیۆنانەوە هەیە؟

ئەرگون باباهان: لەدوای ئابڕووچوون و گەندەڵییەكانی 2013، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاكپارتی، لەگەڵ دەوڵەتی شاراوە كە بە (ئەرگەنەكۆن) ناسراوە، رێككەوتن. لەدوای ئەمە ئەردۆغان لەسەر بنەمای رقی كەسێتی خۆی و دوژمنایەتی دەوڵەت لەگەڵ جەماعەت (جەماعەتی گولەن) كە تا دوێنێ دەسەڵاتەكەی قەرزاری هێزی بیرۆكراتیی ئەوان بوو، هەڵوێستی وەرگرت. لە دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی بڕیاری لەناوبردنی جەماعەت درا. لە ئەنجامی ئەو بڕیارە، كارمەندان كرانە ئامانج. تا ئەوكاتەی دەوڵەت لە رەشكردنەوەی جەماعەت دڵنیا دەبێت، ئەو ئۆپەراسیۆنانە درێژەیان دەبێ. 

رووداو: بۆ ئەوەی ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە بەڕاستی بخوێنینەوە، پێویستە پشت بەچی ببەستین؟

ئەرگون باباهان: هەواڵ و شرۆڤەكانی رۆژنامەی "ئایدنلیك" و ئەو كەسانەی سەر بە دەوڵەتی شاراوەن، ئامانجەكانیان ئاشكرا دەكات. لە روانگەی دەوڵەتەوە، جەماعەت پێكهاتەیەكی موحافەزەكارە كە ریشەكەی لە دەرەوەیە، بەگوێرەی ئاكپارتیش گرووپێكی ئیسلامییە كە گەندەڵیەكانی ئاشكرا كردووە و لە پشتەوە خەنجەری وەشاندووە. لەم روانگەیەوە ئۆپەراسیۆنەكانی كانوونی یەكەمی 2013 وێستگەی سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بوو بە پەیوەندییەكاندا. 

رووداو: پێتوایە ئەو ئۆپەراسیۆنە پەیوەست بێ بەو ترسەی لەدوای حەوتی حوزەیران بۆ ماوەیەكی كورت ئەردۆغانی داگرت؟ 

ئەرگون باباهان: حەوتی حوزەیران تەنیا بۆ ئەردۆغان نا، بەڵكو هەڵبژاردنێك بوو ترسی لە دڵی دەوڵەتیشدا دروستكرد. ئەردۆغان لە لەدەستدانی هەژموونی لەسەر پەرلەمان، لە مەسەلەی بانگەشەكانی گەندەڵی، لەدەستدانی دەسەڵاتی رەهای لەسەر بیرۆكراسی و دادگا ترسی لێنیشت، دەوڵەتیش لە مۆدێلی پەرلەمانێك ترسا كە كورد تێیدا كاریگەر و بەهێز بێت. لە ئەنجامی ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ مەهەپە كردیان، ئەو مەترسیەیان رەواندەوە. 

ئێستا دەخوازن سیستەمی سەرۆكایەتی جێبەجێ بكەن و رێگا لە سیاسەتی كورد لە توركیا بگرن و لانیكەم 50 ساڵی دیكەش درێژە بە چەوساندنەوەی كورد بدەن. ئەگەر سیستەمی پەرلەمانی بەردەوام بێ، كورد لە دواڕۆژێكی نزیكدا دەبنە شەریكی حكومەت. بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییە دەخوازن سیستەمی سەرۆكایەتی پەیڕەو بكەن. 

رووداو: ئەردۆغان هەوڵ دەدات بەو هەڵمەتەی هەموو ئۆپۆزیسیۆنی موحافەزەكار لەدژی خۆی بخاتە ناو یەك خانەوە و بە پەیوەندییان لەگەڵ جەماعەت تاوانباریان بكات. پێتوایە بتوانێ هەموو دوژمنەكانی بخاتە ناو یەك خانە؟ 

ئەرگون باباهان: ئەردۆغان، جەماعەت و كورد وەكو پارچەیەك لە هەڵمەتی ئەمریكا لەدژی خۆی دەبینێت. ئێستا هەوڵ دەدات هەموو ئۆپۆزیسیۆن، لەژێر ناوی سیخوڕی، كرێگرتەی ئەمریكا و دوژمنی توركیا، وەكو شەیتان نیشان بدات. 

رووداو: رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتووەتە ئامانجەكانی؟

ئەرگون باباهان: ئەمڕۆ بەمشێوەیە دیارە، جگە لە كورد ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز نییە. قوربانییەكانی كوردیش لەم رووەوە دیارن.
 
رووداو: تەنیا لەبەرئەوەی سەر بە جەماعەت بوو دەستیان بەسەر رۆژنامەی زەمان-دا گرت، یان هۆكاری دیكەش هەبوون؟

ئەرگون باباهان: تەنیا لەبەرئەوەی سەر بە جەماعەت بوو. 

رووداو: ئەو هەڵمەتە هیچ پەیوەندییەكی بە بەرەنگاربوونەوەی بزووتنەوەی سیاسی كوردەوە هەبوو؟

ئەرگون باباهان: بۆ ئەوەی جەماعەت نەبێتە بزووتنەوەیەكی توركی، هەوڵ دەدات بە چەمكی ئوممەت كۆمەڵگای توركی هەڵخەڵەتێنێ. لێرەدا دەوڵەت دوو دوژمن دروست دەكات، بەم شێوەیە هەڵدەكوتێتە سەر ئۆپۆزسیۆن كە ئەوانیش كورد و جەماعەتن. 

رووداو: هەڵگرتنی حەسانە لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتارانی هەدەپە بەشێكە لەم هەڵمەتەی دوایی؟ 

ئەرگون باباهان: دوای كۆتاییهێنان بە مەسەلەی ئەرمەنییەكان، تا ئەمڕۆ هەڕەشەی هەرە گەورە لە روانگەی دەوڵەتەوە مەسەلەی كورد بووە. بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد لە سووریا گەورەترین ترسی لە ئەنقەرە پەیدا كردووە. چۆن نەیانتوانی بزووتنەوەی چەكداری لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا لەناو ببەن، بەمەش دەرفەتی دامەزراندنی پێكهاتەیەكی فیدراڵی لە سووریا هاتە ئاراوە. كورد، خۆشەویستیی رای گشتیی جیهانی رۆژئاوای بەدەستهێناوە، لە سووریا راستەوخۆ پشتگیریی ئەمریكا و رووسیایان بەدەست هێناوە. دەمیرتاش لەدوای ئۆجەلانەوە بووەتە ئەو سەركردەیە كە خۆشەویستیی هەمووانی بەدەستهێناوە، بۆیە لەلایەن ئەنقەرەوە وەكو هەڕەشەك دەبینرێ. ئەو هەڵمەتە بڕیار و ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بە رێگای توندوتیژی. 

رووداو: لە نووسینێكتدا دەڵێی چارەسەری كێشەی كورد لە روانگەی دەوڵەتەوە دوو رێگای هەیە: رێككەوتنی دیموكراتی و چارەسەری، لەناوبردن و دابەشبوون. دەوڵەت كامە رێگا دەگرێتەبەر؟  

ئەرگون باباهان: دەوڵەت سیاسەتی كوردكوشتن، دەركردن لە شوێنی خۆیان و وێرانكردنی شارەكان و بەتاڵكردنەوەیان لە كورد دەگرێتەبەر. بەڵام راستییەك هەیە دەبێت بیبینین، كوردی ئەمڕۆ ئەرمەنی ساڵی 1915 نییە. بۆیە ئەو سیاسەتە توركیا بەرەو قۆناغێكی زۆر خوێناوی دەبات. 

رووداو: لە پشت سیاسەتی بەتاڵكردنەوەی ناوچەكە لە كورد چ ئامانجێك خۆی حەشارداوە؟

ئەرگون باباهان: دەتوانین بڵێین لەوانەیە لە پشت ئەو سیاسەتەوە وەكو كۆبانێ بڕیاری جێنشینكردنی عەرەبی سوننە هەبێت. بەمەش بەگوێرەی بارودۆخی ئەمڕۆ دەبینە شایەتی ئەو سیاسەتەی بەسەر ئەرمەنەكاندا جێبەجێ كراوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە