هەڤپەیڤین: رەنج سەنگاوی
رووداو – كەركووك
دكتۆری مێشك و دەمارە، ئێستا دەیەوێ بە ئایدیایەكی نوێ ببێتە دكتۆری كێشە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەكانی پارێزگای كەركووك. ئایدیای دكتۆر نەجمەددین كەریم، پارێزگاری كەركووك، بەهەرێمكردنی پارێزگای كەركووكە بۆ ماوەی سێ تاوەكو چوار ساڵ. پاساویشی بۆ ئەو ئایدیایە ئەوەیە كە ئەو پشتیوانییەی بۆ بەهەرێمكردنی كەركووك هەیە، بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان نییە.
پارێزگاری كەركووك دەڵێت بۆچوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لەوبارەیەوە وەرگرتووە. ئەویش پێیگوتووە گرنگ نییە كێ و چۆن حوكمی كەركووك دەكرێت، گرنگ ئەوەیە ناسنامە كوردستانییەكەی لەدەست نەدات.
رووداو: ئێستا دۆخی ئابووریی كەركووك چۆنە؟
نەجمەددین كەریم: بەر لە دۆخی ئابووری پێویستە باسی دۆخی ئەمنی بكەین. لە رووی ئەمنییەوە نێو شاری كەركووك لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە بە باشی پارێزراوە. دەوروبەرەكەشی پێشمەرگە پاراستوویەتی. هەماهەنگییەكی باش هەیە لە نێوان ئیدارەی كەركووك و هێزی پێشمەرگە.
رووداو: كەركووك پێشمەرگە پاراستوویەتی یان حەشدی شەعبیش؟
نەجمەددین كەریم: نەخێر، پێشمەرگە پاراستوویەتی. حەشدی شەعبی لە كەركووك خەڵكی ناوچەی تازە و بەشیر و ئەو برا شیعانەن كە لە داقوقن و پارێزگاری لە ناوچەكانی خۆیان دەكەن.
رووداو: دەڵێن باری ئابووری شاری كەركووك زۆر خراپە؟
نەجمەددین كەریم: لە ساڵی 2014ەوە باری ئابووریمان بەرەو خراپی رۆیشتووە، چونكە لە 2014 لە عێراق بودجە دەنگی بۆ نەدرا، دواتریش داعش هات. ئێمە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاوەكو ئێستا یەك دینارمان لە بەغداوە بۆ نەهاتووە. جگە لەوەی دووجار 200 ملیۆن دینار بۆ پاككردنەوەی شارەكە هاتووە.
رووداو: هەرێمی كوردستان هیچ یارمەتیتان دەدەن؟
نەجمەددین كەریم: بەڵێ، ئەو پێشمەرگانەی لە كەركووكن، مووچە لە هەرێمی كوردستان وەردەگرن. زۆربەی مووچەخۆری كورد لە كەركووك مووچەكەی لە هەرێمی كوردستانە. زیاد لە 8000 كارمەندی خوێندنی كوردی لە كەركووك مووچە لە هەرێمی كوردستان وەردەگرن. ئاسایشی كەركووك مووچەی لە هەرێمی كوردستانە. شەهید و پێشمەرگەی دێرین مووچەكەیان لە هەرێمی كوردستانە.
رووداو: بەرامبەر بەمە هەرێمی كوردستان چی لە كەركووك دەستكەوتووە؟
نەجمەددین كەریم: هەرێمی كوردستان لە مانگی حەوتی 2014ەوە سەرپەرشتی 60%ی نەوتی كەركووك دەكات لە رێگەی كۆمپانیای كارەوە. ئەم نەوتە دەنێردرێتە دەرەوە و دەدرێت بە پاڵاوگەكان، هەرێمی كوردستان لەو رووەوە سوودمەند بووە. ئێمە لەو نەوتە پارەی پترۆدۆلارمان وەرگرتووە، بەڵام لە مانگی چوارەوە وەرماننەگرتووە.
رووداو: بۆ ئێوە نەوتی كەركووك لە رێی بۆڕی كوردستانەوە بڕوات باشترە یان لەڕێی بەغداوە؟
نەجمەددین كەریم: لە ساڵی 2014ەوە هیچ پارەیەكی پترۆدۆلارمان لە بەغدا وەرنەگرتووە. لە هەرێمی كوردستان كە ئەو رێككەوتنەمان كردووە، هەرێمی كوردستان لە مانگی حەوتی 2015ەوە هەتاوەكو مانگی چواری ئەمساڵیش 100%ی نەوتی كەركووكی دەناردە دەرەوە.
ئێمە رێككەوتووین پترۆدۆلار وەربگرین، بەڵام لە مانگی سێوە بەغدا ئەو 40%ەی راگرت كە لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرا، بەبیانووی ئەوەی رێككەوتن لە نێوانیاندا هەیە كە هەرێمی كوردستان دەبێ پارەی ئەو نەوتەی لە رێگەی سۆمۆوە دەینێرێ، تەسلیمی بەغدای بكات.
رووداو: بەغدا لەسەر حەقە؟
نەجمەددین كەریم: نەخێر، نەدەبووایە بەغدا ئەو كارە بكات. ئەوە لە سێ لاوە زەرەری هەیە. یەكەم: كەركووك پترۆدۆلاری نەما. دووەم: هەندێك نەوت دەردەهێنرێ بۆ ئەوەی غازیشی لەگەڵ دەربێت و دواتر نەوتەكە دەخرێتەوە نێو بیرەكان، ئەوەش زەرەر بە بیرە نەوتەكان دەگەیێنێ. سێیەم: بەغدا دەزانێت ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان قەیرانی دارایی هەیە كە ئەوەش دەكات گوشارێكی زیاترە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەمەش پەیوەندییەكان خراپتر دەكات.
رووداو: باشە كەركووك لە رێگەی كێ نەوتەكە بنێرێ قازانج دەكات، هەولێر یان بەغدا؟
نەجمەددین كەریم: كەركووك قازانج دەكات نەوتەكەی دەربهێنرێت و بنێردرێتە دەرەوە و بفرۆشرێ، جا هەر كەسێك بیكات. بەغدا ناتوانێت بیكات. بەغدا لە مانگی سێی 2014ەوە نەیتوانیوە نەوتی كەركووك بنێرێتە دەرەوە. چونكە تیرۆریستان پێش داعش لە سەلاحەددین بۆڕی نەوتی كەركووكیان دەتەقاندەوە. لەدوای داعشیشەوە تەنیا رێگا بۆ ناردنی نەوتی كەركووك لە رێگای هەرێمی كوردستانەوەیە.
رووداو: ئەزموونت لەگەڵ هەردوولا هەیە، كامیان شەفافترن. پرۆسەكە لەلای كامیان رێكوپێكترە.
نەجمەددین كەریم: باسی نەوتی هەرێمی كوردستان لە میدیاكان زۆر دەكرێ، بە نیسبەت بەغداشەوە، لەوێش گەندەڵی زۆرە، ئێمە بینیمان چی لەبارەی كۆمپانیای یونائۆیل بڵاوكرایەوە كە چۆن پارە دزراوە و ئیشەكان چۆن كراون. بەڵام ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە ئەو رێككەوتنامەیەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەمانە پێوەی پابەندبن.
دڵنیا كراوینەتەوە لە ئاستی باڵا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئێمە دەزانین كێشەی دارایی هەیە، ئەگەر مانگێكیش دوا بكەوێت تێدەگەین، بەڵام لە عێراق دوو ساڵ و نیو زیاترە پارەی پترۆدۆلارمان وەرنەگرتووە.
رووداو: پێكهاتەی كەركووك پێی باشە مامەڵەی كەركووك لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێزتر بێت، یان وابەستەی بەغدا بێت؟
نەجمەددین كەریم: لە رووی ئیدارییەوە كێشەیەكی زۆرمان لەگەڵ بەغدا هەیە. خەڵكی كەركووك پێیخۆشە پەیوەندی لەگەڵ بەغداش هەبێت، ئێمەش دەمانەوێت. لە هەمانكاتدا هەموو پێكهاتەكانی كەركووكیش ئەو قەناعەتەیان لەلا دروست بووە كە پێویستە پەیوەندی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبێت، چونكە ئێستا پێشمەرگە كەركووك دەپارێزێ.
رووداو: بەڵام پێدەچێت بێ ئومێدبووبی لە بەغدا، بۆیە ماوەیەكە باسی هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ كەركووك دەكەی؟
نەجمەددین كەریم: من باوەڕم بەوە هەیە لامەركەزیەت هەبێ، پارێزگاكان خۆیان ئیدارەی خۆیان بكەن، جگە لە چەند شتێكی سیادی.
رووداو: بەڵام تۆ زیاتر لە لامەركەزی داوا دەكەی؟
نەجمەددین كەریم: بەغدا ئێستاش بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی قیادەی شۆڕشی سەردەمی بەعس كاردەكات. هەشت وەزارەت لە بەغدا بڕیاریان داوە دەسەڵاتەكانیان بگوازرێتەوە بۆ كەركووك، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بەبیانووی ئەوەی لە كەركووك هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا نەكراوە، نایكات. دامەزراندن لە كەركووك بە تایبەتی بۆ پێكهاتەی كورد تەقریبەن نییە.
ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیارێكمان هەیە ئەوەی ناوی لە سەرژمێریی 1957دا نەبێت لە كەركووك دانەمەزرێ، ئێمە كە رێگە لە دامەزراندنی ئەو كەسانە دەگرین، بەغدا یەكسەر بەڕێوەبەرەكان بانگ دەكات و سزایان دەدات. بۆ نموونە ساڵی 2013 نزیكەی 1000 مامۆستا دامەزرێنران كورد و توركمانی تێدا نەبوو. بۆ بودجە و پارە ئێمە لەژێر رەحمەتی بەغداین، ئەمساڵ دینارێكمان لە بەغداوە بۆ نەهاتووە. ئێمە ناتوانین بەو شێوەیە بەردەوام بین.
رووداو: كەواتە پرۆژەكەی تۆ كاردانەوەیە یان بەدوای چارەسەرێكی ریشەیی بۆ ئەو كێشانە دەگەڕێی كە بەدرێژایی مێژوو كورد لە كەركووك هەیبووە؟
نەجمەددین كەریم: نەخێر كاردانەوە نییە، ئەوە بە ئەزموونە. كورد كە چووەتە بەغدا و بەشداری لە داڕشتنی دەستوور كردووە بۆ ئەوەی سیستمێكی فیدراڵی دروست ببێ. بەسرە داوای هەرێمی سەربەخۆ دەكات، رێگەی پێنادات. سەلاحەددین و ئەنبار و مووسڵ داوایان كرد رێگەی پێنەدان.
رووداو: ئومێدت بە چی هەیە كە پێشنیازێكی وا دەكەی، بە خەڵكی كەركووك، پێكهاتەكانی كەركووك، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، یان بە حیزبەكان؟
نەجمەددین كەریم: ئێمە پشت بە خەڵكی كەركووك دەبەستین، چونكە ئەگەر خەڵكی كەركووك دەنگی لەسەر نەدات، هەرچی حیزب و لایەن و هەرێمت لەگەڵ بێت ناكرێت. با باسی واقیعەكەش بكەین، 12 ساڵە ماددەی 140 هەیە جێبەجێ نەكراوە، ئەو خەڵكەی گەڕاوەتەوە 200 مەتر زەوییەكەی لەسەر تاپۆ نەكراوە، ئەوەی لێرە بووە دوو بە قەدەر ئاوارەكە پارەی وەرگرتووە و نەگەڕاوەتەوە. ئەو زەویانەی پێویست بوو بۆ كورد و توركمان بگەڕێتەوە كاری لەسەر نەكراوە.
رووداو: كەواتە هەرێمە سەربەخۆكە چارەسەرە؟
نەجمەددین كەریم: بەبڕوای من دوورخستنەوەی بەغدا لە كەركووك، كەركووك نزیكتر دەكاتەوە لە هەرێمی كوردستان.
رووداو: بۆ ئەو هەوڵەت لەوەدا خەرج ناكەی كەركووك بگەڕێنیتەوە سەر هەرێمی كوردستان، كە ئەوەندە دڵنیای پێكهاتەكانی كەركووك لەگەڵتن و توركمان و عەرەب هەستیارییەكەی جارانیان نەماوە؟
نەجمەددین كەریم: لەلای من كەركووك كوردستانە. من حەز دەكەم ئەمڕۆ كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام دەكرێت؟
رووداو: هەوڵی خۆت داوە؟
نەجمەددین كەریم: زۆر قسەم لەگەڵ لایەنەكان كردووە. قسەم لەگەڵ برادەرانی خۆمان كردووە، لەگەڵ ئەمریكا، یوئێن، یەكێتیی ئەوروپا، توركیا، تەنانەت لەگەڵ ئێرانیش.
رووداو: بۆ ئەوەی كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان؟
نەجمەددین كەریم: ئەگەر ئەمڕۆ تۆ بتەوێت كەركووك بگەڕێنیتەوە سەر هەرێمی كوردستان، پشتیوانیت نییە.
رووداو: ئەی هەرێمی سەربەخۆ پشتیوانی هەیە؟
نەجمەددین كەریم: بەڵێ پشتیوانی دەبێت.
رووداو: پێتوایە بارزانی، مەكتەبی سیاسی حیزبەكەت، خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، كاك كۆسرەت، تا چەند پشتیوانتن؟
نەجمەددین كەریم: ئەگەر ئەو راستییە تێبگەن كە ئەمڕۆ كەركووك بە چ شێوەیەك بەناوی دەستوور و یاساوە دیمۆگرافییەكەی دەگۆڕێت، ئەو مامەڵەی بەغدا لەگەڵ كەركووك دەیكات. قەناعەت دەهێنن كەركووك دووربخرێتەوە لە بەغدا.
رووداو: تا ئێستا بۆ قەناعەتت پێ نەهێناون؟
نەجمەددین كەریم: قەناعەتم پێهێناون، بەڵام ناوی هەموو خەڵك نابەم.
رووداو: بۆچی هەندێك لە بەرپرسانی حیزبەكەت دژی ئەو پێشنیازەی تۆن؟
نەجمەددین كەریم: تۆ ناتوانی قەناعەت بە هەموو كەسێك بێنی، گرنگ ئەوەیە زۆربەی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانت لەگەڵ بێ. خەڵكیش هەیە دەیەوێ تۆ هەر لەگەڵ بەغدا بمێنیتەوە. خەڵك هەیە حەز دەكات بە یەكجاری بیكەیتە هەرێمێكی سەربەخۆ. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە بتوانین خزمەتی خەڵكی كەركووك بكەین، بتوانین بودجەی بۆ دابین بكەین. بتوانین خەڵكەكەی دابمەزرێنین. بەو شێوەیەی كە لەگەڵ بەغداین، رێگەمان لێگیراوە.
ئێستا لەنێو پێكهاتەكانی كەركووك بۆچوونێكی بەهێز هەیە كە ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ. رای ئێمە ئەوەیە ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ ماوەی سێ یان چوار ساڵ، لەو چوار ساڵەدا تۆ نموونەیەكی باش نیشانی خەڵكی شاری كەركووك بدەی.
لە هەمانكاتیشدا با هەرێمی كوردستانیش بۆچوونی خۆی بخاتە روو، كە بیەوێ كەركووك بێتە نێو هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان وەزعی عەرەب، توركمان و كلدۆئاشووری چۆن دەبێ؟ بەشدارییان لە حكومەت چۆن دەبێت؟ ئەوانە بكات بە یاسایەك. دوای ئەو چوار ساڵە ریفراندۆم بۆ خەڵكی كەركووك دەكەی: دەتەوێ بمێنیتەوە وەك هەرێمێكی سەربەخۆ، یان ببی بە بەشێك لە هەرێمی كوردستان؟ بوونی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەبێت حاڵەتێكی تایبەتی بدرێتێ.
رووداو: كێ پشتیوانتە؟
نەجمەددین كەریم: ئێمە تازە دەستمان بە پرۆژەكە كردووە، ئێمە لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، پەرلەمان و حیزبەكان قسە دەكەین.
رووداو: بەڵام گوتت لەگەڵ ئەمریكا و توركیا و ئێران قسەت كردووە، ئەوان هەستیارییان بەرامبەر بە هەرێمێكی سەربەخۆ كەمترە؟
نەجمەددین كەریم: ئێمە لە توركیا بووین، كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك قوبادیش لەوێ بوون، لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد داودئۆغڵو كۆبوونەوەمان هەبوو، دواتر لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان، ئەوان بە ئاشكرا داوایان دەكرد كە كەركووك ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ. سەبارەت بە ئەمریكا و یوئێن و یەكێتیی ئەوروپا هەتا بەغداش ناڕازیبوونم لەسەر ئەو تەرحە نەبینیوە. باسیش كراوە كەسیش نەبووە دژی بێت.
رووداو: بۆچی داوات نەكرد كە كەركووك سەر بە هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام تایبەتمەندییەكەی لەبەرچاو بگیرێت؟
نەجمەددین كەریم: داوام كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
رووداو: كێ خاوەنی ئەو بیرۆكەیەیە، بۆ مێژوو لەسەر كێی تاپۆ بكەین؟
نەجمەددین كەریم: ئایدیای بە هەرێمكردنی كەركووك بۆ 3-4 ساڵ، ئایدیای خۆمە و هیوادارم بیفرۆشم بە خەڵكی كەركووك، بە ئەنجوومەنی پارێزگا و حیزبەكان لە كوردستان. چونكە ئەوە تاكە رێگەیە تۆ بتوانی مافی خەڵكی كەركووك بپارێزی و بتوانی خزمەتیان بكەی.
رووداو: پێتوایە موشتەریت هەبێت؟
نەجمەددین كەریم: بەڵێ.
رووداو: دەنگی كاك مەسعود بارزانی بەدەست دێنی؟
نەجمەددین كەریم: كاك مەسعود من كە قسەم لەگەڵی كردووە، دەڵێت چۆن حوكمی دەكرێ، كێ حوكمی دەكات، ئەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ناسنامە كوردستانییەكەی كەركووك بمێنێ.
رووداو: كەواتە ئەو قسەیە راست نییە كە دەڵێت لەبەر ئەوەی یەكێتی لە كەركووك بەهێزە، پارتی كەركووكی بەلاوە گرنگ نییە؟
نەجمەددین كەریم: ئەوە قسەی ململانێی نێو حیزبەكانە و باوەڕ ناكەم لەنێو سەركردایەتی سیاسی كوردستان بۆچوونێكی وا هەبێت.
رووداو: ئەو راوەستانەی تووشی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بووە، ئەگەر بڕیاری لێ بدەی داوا دەكەی لە رێگەی بۆڕی كوردستانەوە بڕوات یان رێككەوتنێكی تازە لەگەڵ بەغدا دەكەی؟
نەجمەددین كەریم: یەكلا ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات، ئێمە دەبێ لەگەڵ بەغدا و هەرێمی كوردستان هەوڵ بدەین لەیەكدی نزیك ببنەوە. بەداخەوە ئەوان ئەگەر كێشەیەكیان هەبێت دێن داوا لە ئێمە دەكەن یارمەتییان بدەین، جا چ هەرێمی كوردستان یان بەغدا، زیاتر بەغداش. بەڵام كە كێشە نییە تەماشا دەكەی بەغدا بە ئارەزووی خۆی خەڵك دەنێرێ. هەر لەو ماوەیەدا 550 كەسی دامەزراندبوو هەر خەڵكی كەركووكی تێدا نەبوو. ئەوان كە كێشەیان نەبێ لە هیچ شتێك بەشداریمان پێناكەن.
رووداو: دەنگۆیەك هەیە كە نەوتی كەركووك لە رێگەی ئێرانەوە بنێردرێتە دەرەوە؟
نەجمەددین كەریم: كوا بۆڕی لە كوێ هەیە؟
رووداو: دەڵێن بۆ ئایندە ئیشی بۆ دەكرێ، ئەمە راستە؟
نەجمەددین كەریم: قسە هەیە، بەڵام من ئاگام لە وردەكارییەكان نییە.لە رووی عەمەلییەوە تاوەكو بۆڕی دروست دەكەی دوو ساڵت دەوێت.
رووداو: بیرۆكەكە هەیە؟
نەجمەددین كەریم: وا بزانم خەڵك هەیە باسی كردووە. من بە عەمەلی نابینم.
رووداو: ئەوە تەرحی حكومەتە یان خەڵكی ناو یەكێتییە؟
نەجمەددین كەریم: تەرحی خەڵكی نێو یەكێتی و خەڵکی دیکەیشە.
رووداو: ئەگەر ئەوە بوو بە عەمەلی و یەكێتی بڕیارێكی وای دا وەكو دكتۆر نەجمەدین كەریم پێت باشە؟
نەجمەددین كەریم: یەكێك لە هەڵەكانی كوردستان ئەوەیە كە زۆر شت كراوە بە شتی حیزب. بۆچی حیزب بڕیار لەسەر نەوت بدات؟ دەبێ ئەم بڕیارانە حكومەت بیدات.
رووداو: بەڵام ئەگەر حیزب بڕیاری دا، تۆ وەكو سیاسەتمەدارێك بە تەرحێكی ماقوڵی دەزانی؟
نەجمەددین كەریم: جارێ حیزب بڕیاریش بدات ناتوانێت جێبەجێی بكات. نەوتی كەركووك سێ چوار لایەن دەیەوێ مامەڵەی لەگەڵ بكات. تۆ ئەوە یەكێتیشت هێنایە نێو بابەتەكە، هەرچەندە بە ئینسافەوە دەیڵێم قەت لە نێو یەكێتیدا باسی ئەو بابەتە نەكراوە، بەڵام ئەو قسانە لە نێو خەڵكدا دەكرێت. لەلایەك تۆ بەغدات هەیە، لەلایەك هەرێمت هەیە، دەبێ ئەمە بەرێكەوتن بكرێ. بەڵام من لێرەدا یەك شت دەڵێم، هەر بڕیارێك لەبارەی هەناردەی نەوتی كەركووك لە رێگەی ئێرانەوە بدرێ، دەبێ رەچاوی دوو شت بكرێ، یەكەم: لایەنی ئەمنی بپارێزرێت، دووەم: جەدوا ئابوورییەكەی چەندە. ئەگەر ئەم دوو لایەنە دەكرێ، با بكرێ.
رووداو: دوو بۆریمان هەبێت یان یەك بۆری؟
نەجمەددین كەریم: زۆر ئاساییە دووانیشت هەبێ. بەڵام ئەمڕۆ تۆ یەكێكت هەیە، تۆ تا بۆڕییەكی دیكە دروست دەكەی ئەم نەوتەی كەركووك نەڕواتە دەرەوە لەبەر ئەوەی چاوەڕێی دروستكردنی بۆڕیی ئێران دەكەین، ئەمە نابێت. عەمەلیش نییە، ئەمە هەمووی قسەیە، كاردانەوەیە و لە كێشە حیزبییەكانەوە هاتووە.
رووداو: لەو ماوەیەدا هیچ هەوڵێكت داوە بۆ ئەوەی دەستبكرێتەوە بە فرۆشتنی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕی كوردستانەوە؟
نەجمەددین كەریم: تازە جەماعەتێك لە وەزارەتی نەوتی عێراق لێرە بوون، چووبوونە هەرێمی كوردستانیش. قسەیەك هەیە بەشێوەیەك رێكبكەون دەست بە هەناردەكردنی نەوتەكە بكەنەوە.



