عەزیز محەممەد بۆ رووداو: سۆڤیەت لەگەڵ فیدراڵی یان حوكمی زاتی بوو بۆ كورد

06-06-2017
گوڵبەهار ئاڵتاش
نیشانەکردن عەزیز محەممەد
A+ A-

رووداو- هەولێر

چەند رۆژێك بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات، لەگەڵ هاوڕێیەكی حیزبی شیوعی كوردستان، لە ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر سەردانمان كرد، ئەو كە هەمیشە خۆی بەدوورگرتووە لە هەڤپەیڤین و لێدوانی رۆژنامەڤانی، خەریكبوو لە نێوەڕاستی ئەم دیدارەدا پەشیمان ببێتەوە و گوتی من هەمیشە خۆم بەدوور دەگرم لە ریكۆردەر و تەلەفزیۆن، بەڵام دواتر داواكەی ئێمەی قبوڵ كرد كە گفتوگۆكەمان بڵاوبكرێتەوە و نزیكەی چل خولەك قسەی بۆ (رووداو) كرد. 

عەزیز محەممەد كەسایەتی سیاسی دیاری عێراق و كوردستان و سكرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی عێراق كە رۆژی 31/5/2017 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، لەم هەڤپەیڤینەدا باسی تێڕوانیی حیزبی شیوعی عێراق بۆ سەربەخۆیی كوردستان و پەیوەندیی نێوان حیزبی شیوعی و حیزبی بەعس، سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول و دروستكردنی بەرەی كوردستانی و زۆر بابەتی دیكە دەكات.

رووداو: با بەم پرسیارە دەستپێبكەین. مەسەلەی مافی كورد لە پڕۆگرامی حیزبی شیوعی عێراقیدا هەبوو؟

  سۆڤیەتییەكان پێیان ناخۆش بوو كە پەیوەندیمان لەگەڵ بەعس تێكدا

عەزیز محەممەد: ئێمە هەر لە سەرەتاوە دروشمی تێركردنی خواست و ئارەزووی بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردمان بەرزكردبووەوە، چونكە پێمانوابوو وەكو میللەتێك مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆی هەیە. ئێمە بڕوامان بەوە هەبوو كوردستان رۆژێك لە رۆژان سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێ‌، جا لە رێگەی حیزبی شیوعییەوە یان بەهۆی هەلومەرجێك. كێ‌ لەو باوەڕەدا بوو ئێمە لەسایەی چەكوشی ئامادەی ئەمریكا ئەو هەلەمان لە كوردستان بۆ هەڵبكەوێ‌. ئێستا كوردستان لە سەربەخۆیی نزیكە و فیدراڵیمان تێپەڕاندووە. سەركردەكانمان وەكو سەركردەكانی دەوڵەت هەڵسوكەوت دەكەن. كەواتە حیزبی شیوعی لەسەرەتاوە تەبەننی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلانی كردووە. تەنانەت هاوڕێ‌ فەهد كاتی خۆی وتارێكی نووسی و گوتی "گەلی كورد پێویستی بە حیزبی عەمەل هەیە، نەك حیزبی ئەمەل". ئەوكات حیزبی هیوا هەبوو. فەرعی كوردستانی حیزبی شیوعی هەر لەسەر ئەو بنەمایە پێكهات. هەتا ئێمە ئەگەر هەندێكمان لێرەو لەوێ‌ تەحەفوزاتمان لەسەر ئەو بڕیارە هەبووبێ‌، بەڵام بڕیاری حیزب بوو و جێبەجێ‌ كرا. ئامانجی حیزبی شیوعی ئەوە بوو كە گەلی كورد كیانێكی هەبێ‌.

رووداو: ئەی پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ حیزبی بەعس چۆن بوو؟
  نزیكبوونەوەمان لە حیزبی بەعس پەیوەندی بە دۆزی كوردەوە هەبوو

عەزیز محەممەد: بەر لە هەموو شتێك، پەیوەندیی ئەو دواییەمان هەر خوێن بوو. ئێمە دوای بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 لە حیزبی بەعس نزیكبووینەوە. بەدوور لە دۆزی كورد نەبوو. لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق رێككەوتن كرا و ناوچەیەك دیاری كرا. جا بۆیە نزیكبوونەوەمان لە بەعس بەدوور نەبوو لەو بڕیارەی كە لەبارەی دۆزی كورد درا، ئینجا بڕیارەكە شكڵی بوو یان واقیعی، ئاواتەخواز بووین شكڵیی نەبێ‌، بۆیە هەر لێكیشترازاین. قسە هەیە و رەخنە هەیە لەسەر تێكچوونی پەیوەندیی نێوان حیزبی بەعس و حیزبی دیموكراتی كوردستانی عێراق، چونكە پێشكەوتنی دۆزی كورد پەیوەست بوو بە مانەوەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی عێراق و نەدەكرا هێڵێكی بەسەردا بهێنرێ‌، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندیمان لەگەڵ حیزبی بەعس دروستكرد و بە ئاواتی ئەوە بووین كە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ‌ بكرێ‌، بەڵام كە ئێمە نزیككەوتینەوە لە حیزبی بەعس، پارتی لێی دووركەوتەوە. رۆیشتنەكەمان تووشی شەلەل هات. بە تەنیا ئێمە نەماندەتوانی ئەو رۆڵە ببینین.  

رووداو: بگەڕێینەوە بۆ شۆڕشی ئەیلول. كە شەڕ هەڵگیرسا، هەڵوێستی حیزبی شیوعی چی بوو، پشتگیریی شۆڕشتان كرد؟

عەزیز محەممەد: شۆڕشی ئەیلول لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسم بوو. ئێمە و هەندێك لە سەركردەكانی پارتی لەو باوەڕەدا بووین كە هێشتا ماویەتی بۆ شۆڕش، پەیوەندیشمان لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم بەشی ئەوەی بە بەرەوە مابوو. بەڵام پەلەكردنێك هەبوو. جگە لەوەش لە هەندێك ناوچە جووڵەیەك بەدوور لە خواستی قیادەی پارتی دەستیپێكرد، بە تایبەتی لە ناوچەی سوورداش، ئەوەش نیشانەی پرسیاری لەسەر قەزییەكە بە نیسبەت ئێمەوە دروستكرد. پاشان ئەوان لە قەزییەكە دووركەوتنەوە و حیزبی دیموكراتی كوردستان هاتە مەیدان. دواتر ئێمە بەیاننامەیەكمان دەركرد و هاوسۆزیی خۆمان بۆ شۆڕشی ئەیلول نیشاندا. دوای ئەوە كێشە لە نێوان ئێمە و بەعس دەستیپێكرد چووینە ناو شۆڕش.   
  مام جەلال زۆر هەوڵی لەگەڵ مەلا مستەفا دا بەغدا جێنەهێڵێ‌

رووداو: دەڵێن مەلا مستەفاش پێیوابوو كە كاتی دەستپێكردنی شۆڕش نەبووە؟

عەزیز محەممەد: وا دەڵێن، بەڵام من ناتوانم بەناوی مەلا مستەفاوە ئەو قسەیە بكەم. مام جەلال زۆر هەوڵی دا قسە لەگەڵ مەلا مستەفا بكات و قەناعەتی پێ‌ بكات. مەلا مستەفا بەغدای جێهێشت، دیار بوو ناڕازی بوو، سەفەرێكی كرد بۆ یەكێتی سۆڤیەت. رەنگە هەندێك كەس لایان وابێت لەگەڵ یەكێتیی سۆڤیەت رێككەوتووە. من پێموایە ئەوكات سۆڤیەت لەگەڵ جیابوونەوەی كوردستان نەبوو لە عێراق. سۆڤیەت لەگەڵ ئەوە بوو كە میللەتی كورد مافی خۆی هەبێ، بەڵام نەك بە سیغەی جیابوونەوە، بەڵكو فیدراڵی بێ‌ یان حوكمی زاتی. بە پێچەوانەوە، كە ئێمە لەگەڵ بەعس پەیوەندیمان تێكچوو پێیان ناخۆش بوو، سۆڤیەتییەكان پێیانگوتم زۆرمان حەز دەكرد پەیوەندیتان لەگەڵ بەعس نەپچڕێ. ئێمەش پێمانگوتن چۆن لەگەڵیان بمێنینەوە كە 32 كەسی ئێمە بەرەو سێدارە ببەن. سۆڤیەت ئەوكات رێككەوتنیان هەبوو لەگەڵ عێراق، تا حەددێك سیاسەتی حیزب و سیاسەتی دەوڵەتی سۆڤیەت تێكەڵ بووبوون. كە دەوڵەت لەگەڵ عێراق رێككەوت، هەموو قورسایی خۆی بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە بەكارهێنا. بە نیسبەت عێراقیش ئەوە تەكتیك بوو، بە دڵیان نەبوو، قەناعەتیان پێی نەبوو.

رووداو: ئەی پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ مەلا مستەفا چۆن بوو؟

عەزیز محەممەد: پەیوەندیم هەتا كۆتایی لەگەڵ مەلا مستەفا خراپ نەبوو، ئەو لێكترازانە كە جارجار دەبوو، لەڕووی سیاسییەوە دەبوو. تەنانەت مەلا مستەفا لە ئەمریكاوە كەسێكی ناردبوو بۆ لای من كە چی بكرێ‌. من بەشبەحاڵی خۆم هیچ رۆژێك قسەی خراپم لەسەر مەلا مستەفا نەكرد. مەلا مستەفاش زۆر رێگەی لە پێش نەبوو. ئێران پارە و چەك و جبەخانەی نیشان دەدا، بەیاننامەی 11ی ئاداریش هەبوو. بەیاننامەكە بەرەبەرە دەڕۆی، بەڵام جارجار لەسەرخۆ دەڕۆی. ئێران هاوسۆز نەبوو لەگەڵ دۆزی كورد. دژی دۆزی كوردە، ئەگەر وانییە بۆچی لەسەر كوردی ئێران باز دەدات و پاڵپشتی كوردی عێراق دەكات. ئەو دەیویست لە رێگەی كوردی عێراقەوە گوشار لە حكومەتی عێراق بكات بۆ ئەوەی پاشەكشە لەو داواكاریانە بكات كە ئێران دەیویست. واتە كوردی عێراق تەسخیر بكات بۆ بەرژەوەندیی خۆی. كە شا مەلا مستەفای دیت، گوتی یان ئێمە هەڵبژێرن یان ئەوان. 

رووداو: ئەی پەیوەندیتان لەگەڵ كوردی باكوور چۆن بوو؟

عەزیز محەممەد: من باسی رۆڵی خۆمان ناكەم. ئێمە رۆڵمان هەبووە و هەڵەشمان هەبووە. هەموو شتێك وەكو پێویست نەبووە. بزووتنەوەیەك لە مەسیرێكدا پێدەگات، سەرەتاكەی وەكو كۆتاییەكەی نییە. برادەران دەیانویست یادی لەدایكبوونی نەوەت ساڵەم بۆ بكەن. من بۆم نووسین نابێت تەكریمم بكەن، گوتم خۆزگە لەسەرەتاوە ئەوەی ئێستامان بزانیایە. بە گەرموگوڕیی سۆزی ئەوساش ئەوەی ئێستامان جێبەجێ‌ بكردایە. ئەوسا كەممان دەزانی، بەڵام زۆر گەرموگوڕ بووین. ئێستا زۆر دەزانین، بەڵام ساردین.

رووداو: ئەی هۆكاری تێكچوونی پەیوەندیتان لەگەڵ یەكێتی چی بوو؟
 یەكێتی شەڕی بە ئێمە فرۆشت

عەزیز محەممەد: راستییەكەی من ئەو قسەیەم بە مام جەلالیش گوتووە، ئێمە هەڵەمان هەبووە، هێزی سەرەكیی ئێمە لە فیكرەكەمان بوو، لە سیاسەتەكەمان بوو. ئێمە كە چووینە نێو شۆڕش بۆچی چووینە ناو شۆڕش، چونكە هەموو هێزە سیاسییەكان چەكیان هەڵگرتبوو، گوتمان ئێمە بەبێ‌ چەك بچینە نێو شۆڕش ئەو قیمەتەمان نامێنێ‌. ئێمەش دەبێ‌ وەكو ئەوان بین، بەڵام فیكر و سیاسەتمان شتێكی دیكە بێ‌. من ماوەیەكی زۆر درێژ هەوڵم دا پارتی و یەكێتی بگەیەنمە یەك. نەدەبووایە ئێمە ئینحیاز بۆ ئەملا و ئەولا بكەین، نەك لەبەر ئەوەی لە دڵماندا ئینحیاز نییە، مومكینە لە دڵماندا لایەنگری هەبووبێ‌. بە نیسبەت ئێمەوە ئەو ماوەیە تووشی خەلەلێك هات. ئەگینا بۆ دەبێ‌ ئێمە لەگەڵ یەكێتی بكەوینە شەڕ. بەڵام راستییەكەی دوژمنایەتییەكە لەلایەن ئەوانەوە بوو. ئەوان هاتنە سەر ئێمە و ئێمە نەچووینە سەر ئەوان. ئێمە لەو ناوچەیە لە یەكدی نزیك بووین، بە تەلەفۆن لەگەڵ مام جەلال قسەمان دەكرد، جاروباریش یارمەتی یەكدیمان دەدا، هاتوچۆی یەكدیمان دەكرد. دواتر ئێمە ئەوێمان بەجێهێشت نەك بۆئەوەی لە یەكێتی دووربكەوینەوە، ئەوان رەنگە ئەوەیان پێ ناخۆش بووبێ‌ كە ئَێمە دووركەوتینەوە. لەبەرئەوە بوو كە هێرشی ئێران بەرەو ئەوێ‌ دەهات، ئێمەش لەوانە نەبووین بەرەنگاری ئێران ببینەوە. بۆیە خۆمان دوورخستەوە و هاتینە پشتئاشان. بە كورتی و بە كوردی دەڵێم ئێمە لەو قۆناغە هەندێك كەموكورتیمان هەبوو، بەڵام یەكێتی هێزی ناردە سەرمان و كوشتاری كرد.

رووداو: مام جەلال پەشیمان نەبوو كە حیزبەكەی ئەو شەڕی ئێوەیان كرد، بەتایبەتی كە تۆ دەڵێی ئێمە لەبەر ئێران ناوچەكەمان جێهێشت؟

عەزیز محەممەد: نەخێر. مام جەلال هاتە بارەگاكەمان كە ئەوكات لە موفاوەزاتە فاشیلەكەی لە حیزبی بەعس كشابووەوە. هێزیشی ناردبوو شەڕی ئێران بكات. گوتم مام جەلال شەڕی دوو وڵات دەكەی؟ گوتی ئا ئا تەقەتەقێك لەولا و تەقەتەقێكیش لەولا دەكەین. مەبەستم لەوەیە كە ئێمە هەندێكجار بە قووڵی بیر لە هەندێك شت ناكەینەوە.
  مام جەلال دەیگوت چ سەگبابێك دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان نادات؟

رووداو: تۆ لە نەوەتەكاندا نێوبژیوانیت لە نێوان پارتی و یەكێتی كرد، ئەوە چۆن بوو؟

عەزیز محەممەد: ئەوكات كۆمەڵێ شت روویاندا، هەموو لایەنەكانی بزووتنەوەی كوردی مەفرەزەیان پێكهێنابوو. قەتیعەیەكیش هەبوو لە نێوان یەكێتی و پارتی. لەسەر ئەو بنەمایە پارتی چووبوونە ئەودیو. ئێمە قەناعەتێكی قووڵمان هەبوو كە پارتی ئەگەر چووەتە دیوی ئێران لە خۆشی خۆی نەبووە، زروف و زەمانە ئەوانی ناچار كردبوو. ئەوانیش دەیانگوت رێگەخۆش بكەن بێینەوە ئەودیوە، بۆ رێگەیان لێبگرین؟ مام جەلال تەحریمی كردبوو هیچ جۆرە هاوكارییەك لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێ‌. ئێمە لەگەڵ ئەو بۆچوونە نەبووین. پارتی بەدوور لە هەموو شتێك، هێزێكی كوردستانی و عێراقی بوو، بۆ دەبێ‌ خەتیان بەسەردا بهێنین؟ بۆیە كە جەبهەمان پێكهێنا لە دیمەشق و كوردستان، ئێمەیان دەركرد لە جەبهە. خۆشحاڵ نەبووین كە دەرمانبكەن. بەس ئێمە هاوكارییەكمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەبوو، چونكە پارتی هی ئەوە نییە هێڵی بەسەردا بهێنی. نە لەڕووی هێزەوە نە لەڕووی مێژووەوە. ئەوانیش لەژێر بارێكی گراندا بوون. بۆیە ئێمە رەزامەندیمان دا جود و جوقد پێكبێن. ئێمە ماینەوە لە جود و بەرە بەرە دواتر كەوتینە ناویان. پاشان بەرەی كوردستانیمان پێكهێنا لەگەڵ یەكێتی و پارتی و حیزبەكانی دیكە.  

رووداو: ئەی كە پەكەكە هاتە باشووری كوردستان پەیوەندیتان لەگەڵیان چۆن بوو؟
 پەكەكە دەبێ‌ بەخۆیدا بچێتەوە

عەزیز محەممەد: ئێمە بە یەك چاو تەماشای كوردستان دەكەین. بەڵام لەڕووی مێژووییەوە تایبەتمەندییەك لە هەریەك لە چوار پارچەكەی كوردستاندا هەیە، ناتوانی پشتگوێی بخەی. 

كوردستانی باكوور دەمێكە ئەوە بارودۆخەكەیەتی، رۆژهەڵاتی كوردستانیش تەماشا دەكەی جیاوازییەكی هەیە. دواتریش ئەوان لەسایەی نیزامێكی دیكەدان و ئێمەش لەسایەی نیزامێكی دیكە بووین. چۆن دەكرێ‌ سیاسەتێك هەڵبژێرین تجاهولی ئەو واقیعە بكات. بەس لەگەڵ ئەوەش دەكرا ئێمە بەرەیەك پێكبهێنین لە هەموو حیزبە كوردستانییەكان، ئەو تایبەتمەندییەش لەبەرچاو بگرین. با هاوسۆزیمان هەبێ‌ بۆ یەكدی و بەرگری لە یەكدی بكەین، بەڵام دەبێ‌ حیسابی ئەوە بكەین كوردستانی باكوور جیایە لە كوردستانی باشوور. ئەوەی لە كوردستانی باكوور رووبدات، مەرج نییە لە كوردستانی باشووریش رووبدات. بۆیە لەگەڵ پەكەكە ئەو خیلافەمان هەبوو، پەكەكە تەجاوزی ئەو شتانەی دەكرد. كوردستانە!! ئێ‌ تۆ لە كوردستانی خۆت تەبا نیت. دێی لێرە ئەو كارانە دەكەی تەجاهولی هەموو حیزبەكانی كوردستان دەكەی، بۆ؟ واتە تۆ كارەكە لە ئێمە تێكدەدەی. تەنانەت لە ناحیەی شەڕ. من جارێك لە مۆسكۆ لەگەڵیان كۆبوومەوە، برادەرێكی پارتی قسەی دەكرد دیار بوو تووند بوو، گوتم مایكرۆفۆنەكەم بدەرێ‌. گوتم كاكە ئێوە دێنە كوردستانی باشوور، پێڵاوتان سەر سەرمان، بەڵام برا دراوسێی برایە، مافی نییە هێرش بكاتە سەر ماڵی براكەی و ماڵی لێ‌ تێكبدات بە بیانووی ئەوەی كە برایە. ئێمە ئێوەین، ئێوەش ئێمەن، بەڵام ئێمە تایبەتمەندییەكمان هەیە و حیسابی بۆ بكەن. ئێوە ئەو حیسابە ناكەن. پەكەكە هێزێكی گەورەیە و نكۆڵیی لێ ناكرێ‌، بە هەزاران كەسی لە زیندان بووە و لە چەندین چاوپێكەوتنیشم لەدەرەوە باسم كردووە. بەس تووند بوون، نەك لەگەڵ دوژمن، بەڵكو لەگەڵ براكانیان. چونكە ئەوان دەیانویست هەر خۆیان بن. لەگەڵ كاك عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوو سێ‌ جار یەكدیمان بینی. جارێكیان كوڕێكی خەڵكی كوردستانی لای خۆمان لەلای ئەوان رایكرد و پەنای هێنایە لای ئێمە، چەكێكیشی پێبوو. ئەوان ئابڵوقەیان داین، ئێمەش هەوڵمان دەدا پێكدادان نەبێ‌. پاشان رەوانەمان كرد بۆ سەر سنووری توركیا و سووریا، لەگەڵ ئێمە كەوتنە شەڕ لە هیچ و خۆڕایی، پێنج شەش كەسمان لە یەكدی كوشت. ئەو بەسەرهاتەم بۆ كاك عەبدوڵڵا گێڕایەوە، گوتی ئەوە وابووە و وا چووە. گوتم كاك عەبدوڵڵا ئێمە ئەوە نازانین، ئەو كوڕە هانای بۆ ئێمە هێناوە، بە هەموو عورفێك نەدەكرا پاڵی پێوە بنێین. ئێوە ئابڵوقەتان داین. دەتانویست لە باوەشی ئێمە لێی بدەن. خوا هەڵناگرێ‌ هەڵوێستی كاك عەبدوڵڵا لەو بابەتە كەمێك لەسەرخۆ بوو. بە كورتی دەڵێم برادەرانی پەكەكە تووندن لەو مەسەلانە. هەندێك شت هەیە حیسابێكی قووڵی بۆ ناكەن. زۆرجار دەڵێم رەنگە ئەوە زادەی ئەو نیزامە چەپەڵەی توركیا بێ‌. واتە ئیستیبدادی نیزامی توركی، تووندییەكی لەلای ئەوان خەلق كردبێ‌. مەسەلەن لە عێراق وانەبوو، لە سەردەمی مەلەكی لە سلێمانی دیراسە بە كوردی بوو. من تاوەكو پۆلی چواری سەرەتایی بە كوردیم خوێندووە. كۆمەڵێك نوێنەری كورد هەبوون بە جلوبەرگی كوردی دەوامیان دەكرد. ئەو توندوتیژییەی نیزامی عێراقی كە ئێمە مەحسووبمان دەكرد لەسەر ئینگلیز، بەو جۆرە نەبوو. پەكەكە دەبێ‌ بە خۆیدا بچێتەوە. بەڵام ئاواتەخوازین پەكەكە لەگەڵ ئەو كەموكوڕییانەشی سەربكەوێ‌. 

رووداو: هەرێمی كوردستان بەرەو گشتپرسی هەنگاو دەنێ‌، ململانێی حیزبەكان هەیە، تۆ خاوەنی ئەزموونێكی دوور و درێژی لە سیاسەت، ئایندەی كوردستان چۆن دەبینی؟

  رەنگە ئەمریكا بە سەربەخۆیی كوردستان رازی نەبێ‌
عەزیز محەممەد: بەر لە هەموو شتێك، كاتێك تۆ بە رێگایەكدا دەڕۆی، یان بۆ شەڕێك دەچی، دەبێ‌ بیر لە پێداویستییەكانی بكەیتەوە، بە تەقدیری من پێویستی هەرە بنەڕەتی ئەو رێگایە، یەكێتییەكی نێوخۆی كورد و كوردستانە، بەڵام ئێمە واین؟ نەخێر. دەبێ‌ پێكەوە هەوڵ بدەین، نەك من لە جیاتی تۆ، تۆ لە جیاتی من، تۆش سەیرم بكەی. كورد هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە كە یەكێك ببێتە جێگرەوەی هەمووان. من لەگەڵ ریفراندۆمم، لەو هەڵبژاردنە گوتیان دەنگت دا بۆ سەربەخۆیی، گوتم هەزار جار دەنگی بۆ دەدەم. مام جەلال تەعبیرێكی هەیە دەڵێت چ سەگبابێك دەنگ بۆ سەربەخۆیی نادات؟ بەڵام دەبێ‌ پێداویستی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دابین بكەین، بە تەنیا نیەت بەس نییە، بەڵكو بە واقیعیش بۆ ئەوە بڕۆین، دەوروبەری خۆمان دیراسە بكەین. ئێران لەگەڵمان نییە، توركیا لەگەڵمان نییە. توركیا ئێستا دانەدۆزەیەك دەكات و بەرژەوەندیی ئابووری زۆری لێرەیە، بەڵام بگاتە مەسەلەی سەربەخۆیی، دژی دەوەستێتەوە، چونكە ئەوە كێشە بۆ خۆی دروست دەكات. ئەو وڵاتانەی كوردیان تێدا نییە، هێندە گرنگی نادەن بە مەسەلەكە و دەڵێن كەیفی خۆیانە، لە رووی سیاسییەوە یەك دوو لێدوان دەدەن و كۆتایی دێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی كوردیان تێدایە، دەڵێن ئەم نەخۆشییە لێرە بڵاوببێتەوە بۆ توركیا و ئێران و سووریاش دەڕوات، بۆیە شەڕەكەیان كردووەتە شەڕی خۆیان. ئێستا شەڕەكە شەڕی ئەو نییە، بەڵام دەزانێت ئێستا یان سبەی دەبێتە شەڕی خۆی. هەندێك دەڵێن ئەمریكا چاو لەسەربەخۆیی دەپۆشێ‌، رەنگە وانەبێ‌. ئەمریكا رەنگە بەرژەوەندی عێراقێكی یەكگرتووی لەبەرچاوبێ‌. ئەو بۆ چاوی رەشی ئێمە بەرگری لە ئێمە ناكات. ئەو شەڕەی 1991یش لەبەر بەرژەوەندیی ئێمە نەبوو، بەڵام ئێمە سوودمان لێوەرگرت. ئێمە لەگەڵ ریفراندۆمین بەڵام دەبێ‌ رێگەی بۆ خۆشبكرێ‌.

عەزیز محەممەد

- لە 1/7/1924 لە گەڕەكی بێركۆتی شاری هەولێر لەدایك بووە
- لە سەرەتای چلەكان پەیوەندی بە حیزبی هیواوە كردووە.
- ساڵی 1946 پەیوەندی بە حیزبی شیوعی عێراقەوە كردووە.
- ساڵی 1948 زیندانی كراوە و تاوەكوو شۆڕشی 14 تەمموزی 1958 لە زیندان بووە.
- ساڵی 1964 بە سكرتێری حیزبی شیوعی هەڵبژێردراوە و تاوەكو 1993 سكرتێری ئەو حیزبە بووە.
- یەكێكە لەو كەسایەتییە شیوعییانەی، خەڵاتی لینینی وەرگرتووە.
- ساڵی 2007  میدالیای "ئەستێرە گەشە"ی كیشوەری ئاسیا و ئەفریقای لەلایەن رووسیاوە پێ بەخشراوە.
- ساڵی 2015 میدالیای "بارزانیی نەمر"ی پێ بەخشراوە.
- رۆژی 31/5/2017 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە