بروسك نووری شاوەیس: ئەگەر لە سلێمانی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنمان لەبەرچاو نەگرن دەبینە ئۆپۆزیسیۆن

03-06-2014
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن بروسک نووری شاوەیس
A+ A-

هەڤپەیڤین: نەوزاد مەحموود
رووداو- سلێمانی

بروسك نووری شاوەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی، باسی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای سلێمانی دەكات و دەڵێ پێشبینی دەكرد دەنگەكانی پارتی زۆر لەوە كەمتر بێت كە بەدەستیانهێناوە. بروسك نووری شاوەیس لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) پێچەوانەی ئەوانە قسە دەكات كە قسەیان لەسەر دەنگەكانی پارتی هەبوو.

رووداو: نزیكەی دووساڵ لەمەوبەر كە تۆ بەشێوەی كاتی هاتبوویتە سلێمانی، هەڤپەیڤینێكمان كرد و تۆ گوتت كار و پرۆژەی باشمان هەیە بۆ هەستانەوەی پارتی لەسلێمانی، چی كرا؟  

بروسك نووری شاوەیس: لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا گۆڕانكاری زۆر روویدا لە سلێمانی، هەندێك رووداوی نەخوازراو هاتنە پێشەوە و بوونە رێگر لەبەردەم كارەكانی پارتی لە سلێمانی، لەهەمانكاتدا ئێمە لە رێككەوتنی ستراتیژیداین لەگەڵ یەكێتی و دەبێ هەندێك لە خاڵەكانی كە بەسەرچوون، هەموار بكرێنەوە، هەموو ئەوانە وایان كرد ئێمە نەتوانین ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەین كە داماننابوو. 

رووداو: بەڵام خۆ یەكێتیش هەروا دەڵێ ئێمە لە هەولێر و دهۆك هیچ بەدەست نین و ناتوانین كار بۆ خەڵكی خۆمان بكەین، كەچی دەنگی باشیان لە هەولێر هێنا؟

10%ی پۆستەكانی سلێمانیمان دەكەوێ

بروسك نووری شاوەیس: جیاوازی هەیە، ئەوان نیوەی وەزارەتەكانیان لە هەولێر بەدەستەوە بووەو بەو هۆیەوە دەسەڵاتیان شكاوە بەسەر زۆربەی فەرمانگەكاندا، چونكە كە وەزیری هەبووە زۆربەی فەرمانگەكان لە ژێر دەسەڵاتی وەزیردایە، بەڵام لێرە هیچ فەرمانگەیەك لە ژێر دەسەڵاتی پارتی نییە لە دوور و نزیك. بۆیە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا پەیامی ئێمە بۆ دەنگدەرانمان ئەوەبوو كە دروستكردنی حكومەتی خۆجێیی لە سلێمانی بەبێ پارتی لەنگ دەبێ.  

رووداو: واتە ئەمجارە لە سلێمانی دەسەڵاتتان دەبێت؟

بروسك نووری شاوەیس: ئێستا جیاوازی هەیە، ئەگەر بەپێی ئیستیحقاقی خۆت نەچیتە حكومەتەوە، دەتوانی ببیتە ئۆپۆزیسیۆنێكی ئیجابی، دەتوانی ئەوكات قسەی خۆت بكەیت لەسەر پرۆسەی ئیدارە. لایەنێكی دیكەش كە دەمەوێ بیزانن، لەو ماوەیە كە من وەك چاودێرێك سەیری بارودۆخی پارتیم دەكرد لە سلێمانی، دەزگاكانی راگەیاندن لەم شارە، رەنگە لە 100 تاوەكو 120 رۆژنامە و رادیۆ و تەلەڤزیۆن و گۆڤار بە بەردەوامی، 95%یان دژی پارتی قسەیان كردووە و نووسینیان بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر دەروونی خەڵك و دەنگدەر. ئینجا تۆ هاووڵاتیەكیت و خۆت ماندوو كردووە و چاوەڕوانی حیزبەكەت یان حكومەت دەكەیت دابمەزرێیت، كە تەنیا لەبەر ئینتیمای سیاسی دانەمەزرێی، تووشی نائومێدی دەبیت و پەنا بۆ حیزبەكەت دەبەیت. ئەوكات من پێی بڵێم چی؟  
 
رووداو: حاڵەتی لەو جۆرە زۆر بووە تا ببێتە هۆی دووركەوتنەوەی خەڵك لە ئێوە؟ 

بروسك نووری شاوەیس: بەڵێ زۆر بووە، بە لیست لەلامە 2 تا 3 هەزار دەرچووی زانكۆ كە پارتین لە سلێمانی زیاتر لە سێ ساڵ چاوەڕوانی دامەزراندنیان كردووە، ئێ خۆ بە بەراورد لەگەڵ ئەو دۆخە هێشتا حاڵی پارتی لە سلێمانی خراپ نییە.
یەكێتی لە هەولێر دەسەڵاتی هەیە، بەڵام ئێمە لە سلێمانی بێدەسەڵاتین

رووداو: لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا پارتی كارتی بەهێزی بەدەستەوە بوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی كرد، لەلایەكی دیكە زۆربەی پارتەكانی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی ئەو شەڕەی دژی بەغدا تەنیا بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە و گرەوی فرۆشتنی نەوتیشی بردە سەر، كەچی هەموو ئەو كارتانە دەستگیرۆیی نەكردن بۆ بەرزبوونەوەی دەنگەكانتان؟ 

بروسك نووری شاوەیس: جارێ دەمەوێ پێت بڵێم پارتی خۆشی دەیزانی كارتی بەهێزی هەیە، بەڵام بڕیارماندابوو باسی مەسەلەی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە نەكەین و وەك منەت بە خەڵكی نەفرۆشینەوە، لەزەمانی بەرەی كوردستانییەوە بەڵێن درابوو هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا. تۆ شتێكی ئاساییت پێشكەشی خەڵكی هەڵەبجە كردووە و عەیبە بیكەین بە منەت. بۆ مەسەلەی ململانێ لەگەڵ بەغدا، مەسەلە مالیكی نییە و هەركەس لە شوێنی مالیكی بێت و وا هەڵسوكەوت بكات، كێشەمان لەگەڵی دەبێت. كێشەكە جێبەجێ نەكردنی دەستوورە و ئێستاش مالیكی بەنیسبەت ئێمە هێڵی سوور نییە. مەسەلەی نەوت فرۆشتنیش، دوای هەڵبژاردن بڕیاردرا.  
 
رووداو: بەڵام لە هەڵبژاردنی تایبەت دەنگەكانتان لە سلێمانی كەم بوون، لە كاتێكدا لیوای هاوبەشتان هەیە لەم پارێزگایە؟

بروسك نووری شاوەیس: ئەو دەنگانەی لە لیوا هاوبەشەكان هاتوون لای خۆشمان پێمانوابوو هەر ئەو دەنگانە دەهێنین. ئێمە لە پارێزگای سلێمانی یەك پۆلیسمان نییە، مەگەر پۆلیسێك خۆی بە دزییەوە پارتی بێت یان دەنگ بداتە پارتی. ئەو دەنگانەی كە هاتوون دەنگی لیوا تایبەتەكانن. چونكە یەك پۆلیسمان بۆ دانەمەزرێنراوە. 

رووداو: ئەی بۆ دەنگدانی گشتی؟
حكومەتی لۆكاڵی لە سلێمانی بەبێ پارتی لەنگ دەبێ

بروسك نووری شاوەیس: ئەسڵەن من وەك خۆم پێموابوو لە 80 هەزار دەنگ كەمتر دێنین، كابرا پارتییە و پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان بووە و لەو كاتەوە نەیتوانیوە هیچ بۆ منداڵەكانی بكات، ئێستا منداڵەكانی دەنگ بە پارتی نادەن، بەڵام خۆشبەختانە دەنگەكان زیادبوون و ئەمجارە خەڵكانێكی خاوەن فكر لە سلێمانی دەنگیان بە پارتی دابوو، دەڵێ من بۆیە دەنگم بە پارتی داوە، چونكە كاری باش دەكات و نایكاتە منەت بەسەر خەڵكەوە. 

رووداو: ئێستا بۆچوونێك هەیە لە نێو پارتیدا كە دروستكردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگاكان كارێكی باش نەبوو؟

بروسك نووری شاوەیس: ناتوانی بڵێی هەڵە بوو، خۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگاكان بە بڕیاری كەسێك یان دووان دروست نەبووە، ئەوە بڕیاری كۆنگرەیە و دیراسە كراوە ئینجا بڕیاری لەسەر دراوە. هەر شارێك لەم شارانە تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێ بەرنامەی بۆ دابنێی. ئەو برادەرانەی لێرەن من باش لێیان تێدەگەم و پڕبەپڕێتی و باش لە سلێمانی تێدەگەن. ئەم سەركردایەتییەی ئێرە بەپێچەوانەی هەموو هەڵبژاردنەكانی رابردوو خۆی بەرنامەی داناوە و خۆشی سەرپەرشتی كردووە. هەڵبژاردنی پێشوو جەنابی سەرۆك هاتە سلێمانی، بەڵام ئەمجارە خۆمان سەرپەرشتی هەڵبژاردنمان كرد و تەنانەت نەمانهێشت بەرپرسە سەربازییەكانیشمان بەشداری بكەن.    

بەدەر لەوانە، نزیكەی 60 هەزار دەنگدەری پارتیی خەڵكی سلێمانی لە هەولێر و دهۆك دەنگیان داوە، چونكە بەهۆی زرووفێكەوە ئاوارەی هەولێر بوون و لەوێ ماونەتەوە و ناكرێ تۆ بیاننێریتەوە بەبێ ئەوەی كارێكیان بۆ بدۆزیتەوە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆچی 5 كەس لە سلێمانی دەرچوون، چونكە یەك دائیرە بووە هەڵبژاردنەكە و ئەوانەی هەولێر و دهۆك دەنگیان داوە بە كاندیدی سلێمانی.  

رووداو: با بچینەوە بۆ لای ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگاكان، ئێستا بڕیار هەیە هەڵبوەشێنرێنەوە؟

بروسك نووری شاوەیس: ئەگەر مەبەست لە لامەركەزی بێت من پشتگیری دەكەم بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر بیرۆكراتیەت بێت من دژی دەوەستمەوە. ئێستا راستە بیرۆكراتیەتی تێدایە، بەڵام جۆرێك لە لامەركەزیەتیشی تێدایە. كۆنگرەش بڕیار دەدات بمێنێتەوە یان نا.

رووداو: بۆچی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا سەرۆكی پارتی و جێگرەكەی نەهاتنە سلێمانی؟  
60 هەزار دەنگدەری پارتیی خەڵكی سلێمانی لە هەولێر و دهۆك دەنگ دەدەن

بروسك نووری شاوەیس: هەمووكات پێیانگوتووین ئامادەین بێین ئەگەر ئێوە بتانەوێ، بەڵام ئێمە گوتمان با خۆمان هێزی خۆمان تاقیبكەینەوە بزانین چیمان پێدەكرێت، تەنانەت بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیشمان نەگوتووە.  

رووداو: پارتی لەگەڵ سروشتی سلێمانی راهاتووەتەوە؟

بروسك نووری شاوەیس: پارتی هەرگیز دانەبڕاوە لە سلێمانی، ئەگەر بە جەستەش دوور بووبێت، بە رۆح لەگەڵی بووە، سلێمانیش لەگەڵ پارتی بووە. پارتی خوێندنەوەیەكی تایبەتمەندی هەیە بۆ سلێمانی كە زۆرجار لەسەر هەندێ شت ئیلحاح ناكات و تایبەتمەندی شاری سلێمانی دەزانێ. بەرژەوەندی گشتی دەخاتە پێش بەرژەوەندی تایبەت. لای من گرنگ نییە تەنیا لەسەر دەستی پارتی سلێمانی ئاوەدان بكرێتەوە، گرنگ ئەوەیە سلێمانی ئاوەدان ببێتەوە و من ببمە هۆكاری یارمەتیدەر.

رووداو: كاتێك كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەكەن لە هەولێر، كە قسە دێتە سەر سلێمانی سەرۆكی پارتی لەبارەی ئیشوكاری پارتی لە سلێمانی چی دەڵێ؟ 

بروسك نووری شاوەیس: ئەوان فەخر دەكەن بە هەموو كادیرێكی پارتی لە سلێمانی، پارتی دیموكراتی كوردستان باشترین و چاكترین كادیری هەیە لە سلێمانی.

رووداو: ئەمە رای ئەوانە؟

بروسك نووری شاوەیس: رای هەموو سەركردایەتی پارتیشە.

رووداو: سەركردەیەكی یەكێتی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن گوتی ئەگەر سلێمانی وەكو مۆزێكی پاككراو بدەیتە دەست پارتی نایەوێت؟
3 هەزار دەرچووی زانكۆ لە سلێمانی لەبەرئەوەی پارتین دانامەزرێن

بروسك نووری شاوەیس: نەخێر راست نییە و ئەوە بۆچوونی خۆیەتی، ئەوە شەكری شكاندووە و ئەسڵ و ئەساسی نییە، پارتی فەخر بە سلێمانییەوە دەكات، چەند رۆژێكی دیكە 9ی حوزەیرانە، با ئەو كەسەی ئەو قسەیەی كردووە بیر لەو رۆژە بكاتەوە كە ئەو خەڵكە لەسەر كێ وای لێهات، ئەوەتا لە پاركی ئازادی ناوەكانیان دانراوە و مۆنۆمێنتێكیان بۆ كراوە، ئەوە لەسەر كێ بوو؟ لەسەر پارتی وایان لێهات، پێیانگوتن جنێو بدەن بە بارزانی ئەوان قبوڵیان نەكرد، تاوەكو خودی بارزانی هاتە ئێزگەیەك لە ساڵی 1963  خۆی هات قسەی كرد گوتی بارزانی نە پێغەمبەرە و نە خوایە قسەی پێبڵێن كوفر بێت، ئەگەر ژیانی ئێوە بەوە رزگار دەبێت قسەی پێبڵێن، ئینجا ئەوەشیان قبوڵ نەكرد و رازی نەبوون قسەی پێبڵێن.

رووداو: دوای ئەو هەموو ساڵە پارتی لە هەڵەبجە 700 دەنگ زیادی كردووە پێتوایە ئەوە سەركەوتنە؟ 

بروسك نووری شاوەیس: ئێرە وەكو ئەوروپا نییە، تۆ كۆمەڵێك كار بكەیت و كاردانەوەی خەڵك وەربگیرێ لەسەری، خەڵك پێشوەخت بڕیاری داوە دەنگ بە كێ بدات، دەبێ كارێكی وا بێتە پێشەوە كاریگەری لەسەر دەروونی بكات. لە 16/3 بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دراوە و چەند رۆژێكی كەم پێش هەڵبژاردن ئیمزا كراوە و لەوكاتەدا باسی هەرچی بۆ بكەیت نازانێ چی روویداوە و هیچی نەبینیوە. 

ئەو هەڵوێستانە خەریكە وردە وردە لای خەڵك دەچەسپێ. ماوەی چەند ساڵێك حەملەیەكی قورس هەبوو لەسەر نەوت، شەفاف نییە و دەدزرێ و وای لێدەكرێ، تەنانەت برادەرانی یەكێتیش، لەكاتێكدا ئەو لیژنەیەی سەرپەرشتی گرێبەستی نەوت دەكات، 2 یان بەهەمیشەیی یەكێتین، لە كۆتاییدا هەموو هاتنە سەر ئەو باوەڕەی شتەكان وانین، خەڵك درەنگ لەو شتانە تێدەگەن. 

رووداو: پێشبینیتان دەكرد ئەمجارە دەنگەكانی یەكێتی بەرز ببنەوە؟

بروسك نووری شاوەیس: یەكێتی و گۆڕان یەك قاعیدەی جەماوەرییان هەیە، جارێك یەكێتی زیاتر بۆلای خۆی رادەكێشێ و جارێك گۆڕان. یەكێتی حەملەیەكی مونەززەمیان كرد. توانی جەماوەری نیگەرانی خۆی ئاشت بكاتەوە. خەڵك نیسكێنە نییە ئاگر بخەیتە ژێری هەڵبچێ و دواتر دامركێتەوە.
 
یەكێتی ئەمجارە پلانی هەڵبژاردنی بەهێز بوو

رووداو: خۆ یەكێتی لە هەولێریش زیادی كردووە؟

بروسك نووری شاوەیس: یەكێتی لە هەولێر جەماوەری هەیە، لە هەڵبژاردنی 1992 ئێمە و یەكێتی بە پۆینت جیاوازیمان هەبووە، راستە ئێمە شتێك لە پێشیانەوە بووین، ئێمە لە 2010 پلانێكی شارەزایانەمان هەبوو كە وامان كرد یەك كەسی یەكێتی دەرنەچوو، لە كاتێكدا 15 هەزارێك لەو دەنگانەی ئێستایان كەمتر هێنابوو لە هەولێر، بەو دەنگانەی یەكێتی دەتوانرا 4 یان 5 كەس دەربچن، بەڵام پلانی ئێمە وای كرد كەس دەرنەچوو. ئەمجارە ئەوان پلانی هەڵبژاردنیان بەهێز بوو، ئەمجارە ئێمە لە هەولێر دەنگەكانمان زۆرە، بەڵام پلانی هەڵبژاردنمان لاوازە و كورسییەكانمان كەمن. 

رووداو: ئێستا كێشەی پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگاكان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی هەیە، یەكلابوونەتەوە لە سلێمانی چی بكەن؟

بروسك نووری شاوەیس: پارتی تێگەیشتووە ئەم چوار ساڵە دەبێ كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكەینەوە، بۆیە هەر لە حكومەتەوە دەستمانپێكرد و بڕوامان وایە دەبێ یەكڕیزیی كورد بەهێزبێت و هەموو بەشداریی بكەن. لە بانگەشەی هەڵبژاردن ئێمە لەبەرچاومان بوو كەس ناتوانێ بە تەنیا ئیدارەی سلێمانی پێكبێنێ، بۆیە نامانەوێ لە سلێمانی ببینە ئۆپۆزسیۆن و دەمانەوێ بەشداربین لە ئیدارەكەدا. 
دەبێ ئەنجامی سكاڵاكان یەكلایی ببنەوە

رووداو: چاوەڕوانی چین؟

بروسك نووری شاوەیس: دەبێ ئەنجامی سكاڵاكان یەكلایی ببنەوە، بزانین كورسییەكان 12 بە 11 دەبێ یان 12 بە 12 یان 13 بە 10 دەبێ، ئەگەر لایەنی براوە هەبوو بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان لایەنی براوە رادەسپێردرێت ئەنجوومەنی پارێزگا پێكبهێنێت. ئەوكات ئەویش لەگەڵ لایەنەكان دەست بە وتووێژ دەكات. ئێمە بەباشی نازانین لایەنی براوە لایەنی دووەم پشتگوێ بخات، چونكە لایەنی دووەم وەزعەكە تێكدەدات و كە دۆخی سلێمانی تێكچوو، دۆخی هەموو كوردستان تێكدەچێ. ئێمە دەبینە هاوكاری یارمەتیدەر بۆ ئەوەی كێشە لە سلێمانی دروستنەبێت.

رووداو: ئیستیحقاقی خۆتان بەچی دەزانن لە سلێمانی؟

بروسك نووری شاوەیس: نزیكەی 40 پۆستی ئیداری هەیە لە سلێمانی، دەبێ 10%ی ئەو پۆستانەمان بدەنێ، ئەو پۆستە ئیدارییانە ئەنجوومەنی پارێزگا دیارییان دەكات. خەڵك لە هات و هوت و سەرجادە و خۆپیشاندان ماندوو بووە و ئیدی دەبێ حیزبەكانیش ئەوە لەبەرچاو بگرن. ئەگەر یەكێتی و گۆڕان بیانەوێ خۆیان ئیدارەی پارێزگاكە دروستبكەن، دەبینە ئۆپۆزسیۆنی ئیدارەكە. 

رووداو: بەڵام ئەوانیش مەرجیان هەیە و داوای بەشداری لە ئیدارەی هەولێر و دهۆك دەكەن؟

بروسك نووری شاوەیس: من هەقم بەسەر هەولێرەوە نییە و با بچن لەگەڵ مەكتەبی سیاسی قسە بكەن و خوای دەكرد پارێزگاریان پێدەدان، من لە سلێمانیم و باسی سلێمانی دەكەم. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە