رووداو- هەولێر
هونەرمەند قادر ئەسعەد شیعرێكی عەبدوڵڵا پەشێو بەشێوازی مەقام دەڵێتەوە، كە بە شیعرێكی بەرگری و مقاوەمەت دەناسرێت.
لە سەردانی ئەمجارەی بۆ كوردستان، قادر ئەسعەد بەرهەمێكی دیكەی بۆ نیشتیمان تۆماركرد، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازتر لە جارانی پێشتر كاریكردووە، لەمبارییەوە قادر بە رووداوی راگەیاند" بەرهەمی ئەمجارەم یەكێكە لە شاكارەكانی شاعیری كورد عەبدوڵڵا پەشێو، لە ژێر ناونیشانی(تاچرای ئێمە نەسووتێ)، كە بە شیعرێكی بەرگری و مقاوەمەت دەناسرێت، بەڵام بەشێوەی مەقام مامەڵەم لەگەڵ ئەم دەقە شیعرییە كردووە، لەبەرئەوەی توانیومە ئامانج و مەبەستی شاعیر بپێكم".
قادر ئەسعەد گوتیشی " بە شێوەیەكی زۆر زانستی و ئەكادیمیانە بەهاوكاری كۆمەڵێك میوزیكژەنی بیانی و كورد كارمان تێداكردووە، دەربارەی سپۆنسەریش من پێموایە هونەرمەندی راستەقینە دەبێ خاوەن هەڵوێست بێت و نابێ چاوی لەوە بێت بۆ نیشتمان داوای سپۆنسەر و هاوكاریی ماددی بكات، ئەوە هەڵقوڵاوی ویژدانی خۆمە بۆ خاك و نیشتمان و پێشمەرگە بە ئەرك و فەرمانە دەیزانم، كە من پێمخۆشە بە شان و بازووی خۆم ئەم ئەركە جێبەجێبكەم" .
مەقامەكەی قادر ئەسعەد لە كوردستان بە هاوكاری ستۆدیۆ شانێل دەنگی خراوەتە سەر، لەلایەن ستۆدیۆی مێلۆدیش كاری میكسی بەرهەمەكە كراوە، ئەم بەرهەمە لەلایەن هونەرمەند زیاد كەریم كاری دەرهێنانی بۆ كراوە، هەروەها دلێر كاوەش وێنەی گرتووە و سەمەد كەریمیش ئەركی مۆنتاژكردنی گرتووەتە ئەستۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ