حوسام تەحسین بەگ: بابولحاڕە ژینگەی شامی وێران كرد

18-06-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن حوسام تەحسین بەگ شام
A+ A-

رووداو - شام

یەكێكە لە پایەكانی درامای سووری، بەشداری لە نزیكەی 40 درامادا كردووە و لە بەشی دووەمی درامای بابولحاڕەدا رۆڵی بینیوە. حوسام تەحسین بەگ، ئەكتەری بە توانای سووری، ئەسپی خۆی لە بواری شانۆ و سینەما و گۆرانیشدا تاوداوە. ساڵی 1941 لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەدایك بووە. خاوەنی كچێك و كوڕێكە بەناوەكانی راكان و نەدین كە هەمان رێچكەی باوكیان گرتووە.
حوسام تەحسین بەگ، میوانی بەرنامەی (روویێن شامێ) بوو كە (ریم مەعرووف) لە دیمەشقەوە پێشكەشی دەكات و شەوانی شەممە لە تەلەڤزیۆنی رووداو بڵاودەبێتەوە.

رووداو: یەكەمجارە لە شاشەی كەناڵێكی كوردی دەردەكەوی، چی بە بینەران دەڵێی؟

حوسام تەحسین بەگ: من دەڵێم خودا كات و ساتەكانیان خۆش بكات. لەبەر ئەوەی تۆ باسی كەناڵێكی كوردی دەكەیت و كاری سەرەكیی منیش هونەری كەلەپوورییە، سەمای كوردی زۆر سەرنجی رادەكێشام. هەڵبەت ئاوازەكانیشیان. رەگوڕیشەی ئەوان لە هونەردا زۆر قووڵە و خاوەنی مێژوویەكی هونەریی بەهێزن. ئاوازی كوردی خۆشن و هەر بەڕاستی دەچنە نێو دڵانەوە.

رووداو: بەشێك لە هونەرمەندان بەهۆی قەیرانی سووریاوە شامیان جێهێشت. چۆنە هەر لە شام مایتەوە؟

حوسام تەحسین بەگ: مەگەر كێ دەتوانێ لە یاری خۆی، لە ئامێزی گەرمی دایكی خۆی دووربكەوێتەوە؟ شام ئەو باوەشە گەرمەیە كە مرۆڤ هیچ كات ناتوانێ لێی دوور بكەوێتەوە، ئەگەرنا سەرمای دەبێ.

رووداو: ئەم عەشقەی تۆ تەنیا بۆ شامە، یان یارێكیش لە ژیانی حوسام تەحسین بەگدا هەیە؟

حوسام تەحسین بەگ: لێت ناشارمەوە، جیهانی عەرەبی بەتەواوی بۆ من زۆر گرنگە. بەڵام بەداخەوە دوای ئەو قەیرانەی پێیدا تێپەڕین، برینێكی سەختی بۆ دروستكردم. زۆر پەیوەست بووم بە عەرەببوونی خۆمەوە، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم هەست بە ونبوون دەكەم.

رووداو: تۆ لە شانۆدا لەگەڵ مامۆستا دوڕێد لەحام  بەیەكەوە لە غوربەت، شەقایق ئەلنوعمان و كەئسەك یا وەتەنتان پێشكەش كردووە. لەبەر ئەوەی باسی سیاسەتت كرد، ئەگەر ئەمڕۆ مامۆستا حوسام زنجیرە فیلمێكی كۆمەڵایەتیمان بۆ بنووسێ، چ ناوێكی لێ دەنێ؟

حوسام تەحسین بەگ: هەر شانۆییەك باسی لایەنێك دەكات. هەندێك خەسڵەتی قەیران لە غوربەتدا هەن. لە شەقایق ئەلنوعمان خەسڵەتی زۆر ئاشكرا هەن. هەر شانۆیە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ كارێكی نوێ بكەین، بڕوا بكە هیچ ناونیشانێكی بۆ دانانرێ.

رووداو: لەنێوان ئەمڕۆ و دوێنێدا، چۆن دەڕوانیتە درامای سووری؟

 حوسام تەحسین بەگ: بێگومان لای خەڵكیش روونە كە درامای سووری باشتر بوو. لە قەیراندا بێگومان، دەڵێم سوپاس بۆ هەموو كۆمپانیاكانمان، ئەكتەرەكانمان، سیناریست و دەرهێنەرەكانمان، سوپاس بۆ هەر كەسێك كە بەردەوامی دەداتە ئەم كارە. بەڵام ناتوانم بڵێم وەكو پێشانین، دواكەوتووین، زۆر هۆكاریش بۆ ئەم دواكەوتنە هەیە، چەند ئەكتەرێكمان لەدەستچوون، دواتر سیناریۆكان، بەداخەوە هەموویان لەم دۆخەی ئێستاماندا گیریانخوارد، هەروەها بەرهەمەكانیش كەمبوونەوە.

رووداو: كەمبوونەوە و بە سیاسی كران؟

حوسام تەحسین بەگ: بەڵێ بێگومان.  بەڵام بەشێوەیەكی گشتی وەك وەڵامێك بۆ پرسیارەكەی تۆ، ئێمە دواكەوتووین.

رووداو: دوای ئەو تەمەنە درێژە لە هونەردا، هەست بە غەدر دەكەیت كە هونەر یان شتێكی دیكە مافی تۆی نەداوە؟

حوسام تەحسین بەگ: نا، بە تەواوی نا. چونكە من بە رێكەوت چوومە نێو بواری هونەرەوە. بەڕاستی نازانم چۆن بوو گەیشتمە ئێرە. لە ژیانی خۆمدا بیرم لەو سەرگوزەشتەیە نەكردووەتەوە. دەتوانم بڵێم ناهەقی زەمەن لە من ئەوەبوو كە نەمتوانی موزیك بەشێوەیەكی ئەكادیمی بخوێنم.

رووداو: باسی میوزیكت كرد، دۆخی گۆرانیی عەرەبی بەگشتی و سووری بەتایبەتی چۆن دەبینی؟

حوسام تەحسین بەگ: زۆر دواكەوتووە. پێشتر ئاوازدانەر كە ئاوازیان دادەنا، یان نووسەران كە شیعریان دەنووسی، زۆر بیریان دەكردەوە، چونكە دەیانزانی بەرەوڕووی زۆر رەخنە دەبنەوە. ئەمڕۆ كارەكە بووەتە ماكینەی چاپكردن، رەنگە رۆژانە دەیان گۆرانی دروستبكرێن. بەڵام لە ئەنجامدا هەموویان لەبیردەكرێن و هەموویان لەیەك دەچن.

رووداو: زنجیرە درامای كەنووش بەكوێ‌ گەیشت كە سیناریۆكەی لەلایەن حوسام تەحسین بەگەوە نووسراوە. تۆ دەڵێیت لەچاو هەموو كارەكانی درامای سووری، ژینگەی شامی لەو درامایەدا جیاوازە. ئەوە ناهەقی نییە؟

حوسام تەحسین بەگ: من ئەم بەرهەمەم نووسی چونكە تێبینی و رەخنەم لەبارەی هەموو ئەو كەسانەی كاریان لە ژینگەی شامیدا كردووە، هەیە. ئەوان ئەو ژینگەیەیان بەشێوەیەكی راستەقینە وێنا نەكرد. زۆر بەداخەوە. بەهیچ شێوەیەك ئەمە ژینگەی شامی نییە! زنجیرە فیلمەكەی من باشترین نییە، بەڵام راستگۆترینانە. چاوەكانم چییان بینی ئەوەم نووسی.

رووداو: چ شتێك لە هونەری سووریدا گۆڕاوە؟ لە چ شتێكی ژیانی خۆت پەشیمانی؟

حوسام تەحسین بەگ: من هەرگیز پەشیمان نیم. بەڵام قەیران زۆر شتی گۆڕیوە. پێشتر بەرپرسیارێتییەكی مەزنتر هەبوو و رێزگرتنیش زیاتر بوو.  ئێستا كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئێمە زەحمەتە. بێڕێزی بەرامبەر هونەر دەكرێت.

رووداو: ئەگەر من بڵێم مامۆستا دوڕێد لەحام، تۆ چی لەبارەی ئەوەوە دەڵێی؟

حوسام تەحسین بەگ: مامۆستای منە.

رووداو: فیلمی كەفرون

حوسام تەحسین بەگ: فیلمێكی زۆر بوێرانەیە، چونكە زەحمەتترین شت ئەوەیە كار لەگەڵ منداڵاندا بكەیت. لە فیلمی كەفرووندا مامۆستا دوڕێد لەگەڵ منداڵان كاری كرد. مامۆستا دوڕێد دایك و باوك و مامۆستا بوو. زۆر سەخت بوو، بەڵام لە ئەنجامدا سەركەوتنێكی مەزنی بەدەستهێنا.

رووداو: بابولحارە؟

حوسام تەحسین بەگ: بەهەنگاوی هونەریی دروست دەستیپێكرد، بەڵام دواتر سووكایەتی بە خەڵك كرا. ئەمە چییە؟ ئەبو عیسام مرد، ئەبو عیسام گەڕایەوە! ئەمانە گاڵتە بە عەقڵی خەڵك دەكەن! ئەبو عیسام مرد و نێژرا، بۆچی دەبێ بگەڕێتەوە؟ ئەمە بێڕێزی و بچووككردنەوەی كارە. چیرۆكەكە هەمووی بووەتە بازرگانی و پەیوەستە بە سپۆنسەر و كەناڵەكان، شتێكی تەواو بازرگانییە.

رووداو: بەسیاسەتكردن نییە؟

حوسام تەحسین بەگ: من دەڵێم هەر كەسێك نووسیویەتی یان ناحاڵییە یان یاریی پێ كردووە، چونكە ئەمە تێنەگەیشتنە، ببوورە قسەیەكی كەمێك ناخۆشیشە، بەڵام ئەوان بە داعش دەچوێنم! داعش لە تەدمور مێژووی وێران كرد، ئەوانیش ژینگەكە وێران دەكەن. ئەمە ژینگەیەكی گرنگە، ئەمە رەگوڕیشەی ئێمەیە. نابێ هیچ كەسێك بیشێوێنێ.

رووداو: چی بە نادین و راكان تەحسین بەگ دەڵێی؟

حوسام تەحسین بەگ: راكان سەرەتا مەیكەپ بوو. بەبێ ئاگاداركردنەوەی من بووە ئەكتەر. نادین چوو هەوایەك بگۆڕێ لە ریزەفیلمەكەدا، بە گوتەی مامۆستا هیشام شەربەتچی، پێیگوتم ئەو كچە زێڕە، تۆز دایپۆشیوە، تەنیا تۆ دەتوانی ئەو تۆزە بسڕیت. من هیچ تێبینییەكی نادەمێ، چونكە دەزانم ئەو لە من زیرەكتر و هۆشمەندترە. من لە ژیاندا نەزانم.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە