پێشمەرگە جەنگۆیە و داعشیش مەنگۆ

18-06-2015
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن داعش پێشمەرگە
A+ A-
رووداو - هەولێر

شەڕی پێشمەرگە و داعش دەبێتە سەرچاوەی بیرۆكەی جۆراوجۆر بۆ هونەرمەندان. ئێستا هونەرمەندێكی كورد سەرقاڵی دروستكردنی فیلمێكی ئەنیمەیشنە لەسەر شەڕی پێشمەرگە و داعش. 

لە فیلمەكەدا پێشمەرگە دەبنە جەنگۆ و داعشیش مەنگۆ.

هونەرمەندی شێوەكاری كورد رافد جەڕاح، فیلمێكی ئەنیمەیشن بەناوی جەنگۆ و مەنگۆ بەرهەمدێنێ كە چیرۆكی شەڕی پێشمەرگە و داعش دەگێڕێتەوە. رافد دەیەوێ‌ لە رێگای ئەم فیلمەوە ئازایەتی پێشمەرگە نیشانی جیهان بدات.

فیلمی ئەنیمەیشنی جەنگۆ و مەنگۆ ماوەكەی شەش خولەك و نیوە و لە ئەڵمانیا بەرهەمهێنراوە. 

بیرۆكەی دروستكردنی فیلمەكە لەلای رافد بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش، رافد بیری لەوە كردەوە ناوەڕۆكەكەی بگۆڕێت "سەرەتا فیلمەكە باسی شەڕ و ململانێی دوو كەڵەشێر بوو، بەڵام دوای شەڕی داعش بیرۆكەكەم گۆڕی و كاری لەسەر كرا بەو ئەندازەیەی كە لەگەڵ ئەم رەوشەی ئێستای جیهان بگونجێت، بۆیە پێموایە فیلمێكی زۆر پرۆفیشناڵ و پڕ بینەر دەبێ".

رافد دەربارەی هەڵبژاردنی ناوی جەنگۆ و مەنگۆ بۆ ئەم فیلمە ئەنیمەیشنە دەڵێت"فیلمەكە لەبارەی شەڕە، لەلای خۆشمان بە جەنگاوەر دەڵێن جەنگۆ و هەندێجاریش ناوی دووشت دەبەن دەڵێن جەنگۆ و مەنگۆ، دەنگ و مەنگ، رەش و مەش، منیش پێشمەرگەم بە جەنگۆ داناوە و داعشیش بە مەنگۆ. جگە لەوەش ئەم ناوە ناوێكی زۆر میوزیكی و ریتمییە و لەسەر زمانی كوردی و ئینگلیزی زۆر جوان دەخوێندرێتەوە".

هەرچەندە پێشتر چەند هونەرمەندێك كارێكی ئەنیمەیشنیان كردبوو، بەڵام رافد پێیوایە فیلمەكەی ئەو لە رووی پڕۆفیشناڵی و ئەكادیمییەوە هاوشانی نییە، چونكە بەو شێوازەی ئەو كاری جددی نەكراوە، رافد دەڵێت "هەڵبەتە پێشتر لێرە و لەوێ چەند كارێكی سەرەتایی كراوە، بەڵام من پێموایە ئەو فیلمەی من لە هەرچوار پارچەی كوردستان هاوشێوەی نەبووە كە بەو شێوەیە ئەكادیمی و هونەرییانە كاری لەسەركرابێت".

رافد جەراح  گلەیی لە بەرپرسانی بواری رۆشنبیری لە كوردستان هەیە كە تاوەكو ئێستا گرنگییان بە فیلمی ئەنیمەیشن نەداوە "هەتا ئێستا یەك فێستیڤاڵی تایبەت بە فیلمی ئەنیمەیشن لە كوردستان نەكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ئەكادیمیەك و پەیمانگەیەك لە كوردستان تەرخان نەكراوە بۆ فێركردنی فیلمی ئەنیمەیشن، بەڕاستی ئەم بوارە لە كوردستان زۆر تازەیە، بەڵام لە جیهاندا گرنگیەكی زۆری پێدەدرێت، بەداخەوە لە كوردستان هیچ بایەخێكی نییە و حیسابی بۆ نەكراوە، ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی كادر لەم بوارەدا".

رافد لەگەڵ ئەوەی گلەیی لە حكومەتی كوردستان هەیە، بەڵام چارەسەریش بۆ بەرەوپێشبردنی فیلمی ئەنیمەیشن دەخاتەڕوو "پێویستە یەكەم هەنگاوی حكومەت لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەكانەوە دەستپێبكات، چونكە دەبێت فیلمی ئەنیمەیشن لای منداڵەكانمان خۆشەویست بكەین و گرنگیی پێبدەن، دواتر وەزارەتی رۆشنبیری  كادری ئەكادیمی لەو بوارە بهێنێتە كوردستان و پەرە بە فیلمی ئەنیمەیشن بدات، چونكە فیلمی ئەنیمەیشن لە فیلمەكانی هۆلیوود گرنگترە و كاریگەریشی زیاترە".

هەڵەبجە لە فیلمێكی ئەنیمەیشندا

دەربارەی دوایین كاری هونەری، رافد گوتی فیلمێك بۆ هەڵەبجە بەرهەمدێنێ، بەڵام ئەمجارە خۆی وێنەی فیلمی ئەنیمەیشن ناكات، بەڵكو منداڵەكانی كورد وێنەكە بەدەستی خۆیان دەكێشن و رافد دەیكاتە فیلم. لەوبارەیەوە زانیاری زیاتری دركاند و گوتی"500 منداڵی هەڵەبجەیی و كوردی دانیشتووی ئەوروپا و ئەمریكا بەشدارییان لەو كارەدا كردووە، نزیكەی ساڵێكە سەرقاڵی ئەم كارەم، دەمەوێت لەو رێگایەوە خزمەت بە شاری هەڵەبجە بكەم. تاوەكو ئێستا توانیومە زیاتر لە هەزار وێنەی دەستیی منداڵان كۆبكەمەوە و لە فیلمێكدا نمایشیان بكەم، هەروەها ئێستا سەرقاڵی كلیپێكی ئەنیمەیشنم بۆ گیتارژەنێكی ئیسپانی كە بە شێوازی فلامینگۆ كاری كردووە، لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتایی بەكارەكان دێت و بڵاوی دەكەینەوە".

رافد جەراح لە شاری هەولێر لەدایك بووەو ساڵی 2010 بەشی شێوەكاریی ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانی ئەڵمانیای تەواو كردووە، چوار ساڵ فیلمی ئەنیمەیشنی لە ئەڵمانیا خوێندووە. ماستەری لە هونەری شێوەكاری لە ئەڵمانیا وەرگرتووە و ئێستا لە شاری دوسلدۆرفی  ئەڵمانیا نیشتەجێیە.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە