رووداو- هەولێر
فیلمی سینەمایی کلاسیکۆ لە دوو رۆژی سەرەتای نمایشکردنی لە باشووری کوردستان، پێشوازییەکی زۆر باشی لێدەکرێت و هەموو تکتەکانی دەفرۆشرێت، کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە.
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمی سینەمایی کلاسیکۆ بەرووداوی راگەیاند" بینەری کورد تامەزرۆی فیلمی باش و بە کوالیتییە، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە ئەگەر فیلمی کوردی ناوەڕۆک و بەرهەمهێنانی باش بێت، هاوکات بینەرێکی باشیشی دەبێت، فیلمی کلاسیکۆش ئەو راستەی دەرخست، بۆیە لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 5000 هەزار کەس لە سینەماکانی باشووری کوردستان سەیری فیلمەکەیان کردووە".

هەڵکەوت گوتیشی " لە کۆتایی نمایشکردنی فیلمی کلاسیکۆ لە باشووری کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هەموو داهاتی فیلمەکە و ئاماری بینەران بۆ فیلمی کلاسیکۆ بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین".

هەڵکەوت مستەفا دەرهێنەری فیلمی کلاسیکۆ پێیوایە ئێستا سەرەتای دەستپێکردنی پیشەسازی فیلمە لە کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا رای وایە ئیدی فیلمی کوردی ئەگەر بە شێوازێکی باش و ناوەڕۆکێکی بەهێز بەرهەمبێت پێویستی بەهاوکاری نییەو دەتوانێ خۆی بژێنێت.

فیلمی سینەمای کلاسیکۆ باس لە دوو کورتەباڵا دەکات، کە دەیانەوێت جووتە کلاشێکی هەورامی بکەنە دیاری کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بۆ ئەم مەبەستەش دووچاری گەلێک بەربەست وکێشە دەبنەوە، بەڵام دواجار بە ئاواتەکەیان دەگەن.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ