رووداو- هەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای ئیتحادی سکاڵا دژی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆماردەکات، بە تۆمەتی فرۆشتنی نەوت بێ گەرانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند:" ئەمە یەکەم هەنگاوی ئیمەیە دژی فرۆشتنی نەوت لە لایان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بێ رەزامەندی حکومەتی بەغدا ومەبەستمان چارەسەرکردنی کێشەکەیە و لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە دادگا، ئەوا دادگا خۆی بڕیاری خۆی دەدات".
عاسم جیهاد راشیگەیاند، کە دوای تۆمارکردنی سکاڵا، "هیچ نوێنەرێکی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەی دادگا نەبوو".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق روونیشی کردەوە: کە "ئەگەر هەرێمی کوردستان پێیوایە فرۆشتنی نەوتەکەی بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا یاسایی و دەستوورییە، با ئامادەی دادگا بن".
عاسم جیهاد هەروەها گوتی، "وەزارەتی نەوت وحکوومەتی عێراق لەم هەنگاوانەیدا درێخی ناکات وبەرداوم دەبێت لە لێپێچینەوەکانی بە مەبەستی پاراستنی سامانی خەڵکی عێراق".
پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان چیتر زمانی هەڕەشە لەگەڵ حكومەتی عێراق بەكارنەهێنێ، "چونكە ئەوە بە زیانی هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە".
وەزارەتی نەوتی عێراق روونیشی کردەوە:" هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانەوە بە رێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ بەندەری جیهانی توركیا بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق دزەپێكردنی نەوتەو دژی یاسایەو سەروەری و دەستووری عێراق پێشێلدەكات".
رۆژی 22ی ئایاری 2014 فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بازاڕەكانی جیهان دەستیپێكرد.
هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، كە سكاڵای لە دژی توركیاو كۆمپانیای بۆتاشی ئەو وڵاتە پێشكەشی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی كردووە لە پاریس، چونكە ئەوان رێگەیان بە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان داوە.
لەبەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان سكاڵاكەی وەزارەتی نەوتی عێراق هەڕەشەكانی بە "پووچ" نێوبردو جەختیشیكردەوە، كە ئەو هەڵوێست و هەنگاوانەی وەزارەتی نەوت بە زیانی عێراق دەشكێتەوە.

.png&w=3840&q=75)

