وەزیری نەوتی ئێران: لە بەرهەمهێنانی نەوت پاش عێراق کەوتووین

30-08-2016
رووداو @Rudawkurdish
....
....
نیشانەکردن نەوت ئێران عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوودا هیچ وەبەرهێنانێک لە کەرتی نەوت و گازی وڵاتەکەی نەکراوە، لەبەرئەوەیە پاش عێراق کەوتوون.

بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی عێراق و ئێران لە کێڵگە هاوبەشەکانی نێوانیان ئێستا وەک یەکە، بەڵام وەزارەتەکەی پلانی داڕشتووە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانەدا بۆ رۆژانە 300 هەزار بەرمیل.

زەنگەنە دوایین ئامارەکانی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، ئێستا رۆژانە 3 ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.

بێژەن زەنگە راشیگەیاند، بۆ ئەوەی پێگەی دووەم بەرهەمهێنەری نەوت لە ئۆپێکدا بە دەستبهێننەوە، پێویستیان بە کات هەیە.

وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە پاش عێراق کەوتوون، بەڵام بەپێی ئەو پلانانەی کە دایانڕشتووە، دەتوانن پێگەی خۆیان وەک دووەم بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک بەدەستبهێننەوە.

دەشڵێت "عێراق لەبەرئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا توانی وەبەرهێنانێکی زۆر لە کەرتی نەوتدا بکات، ئاستی بەرهەمهێنانی زۆر بووە".

سەبارەت بە کێڵگە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ عێراق زەنگەنە دەڵێت، لە رۆژئاوای رووباری " کاروون" ئێران کێڵگەی نەوتی هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە کە بریتین لە کێڵگەکانی "یارانی باکوور و باشوور"، " ئازادەگانی باکوور و باشوور" و کێلگەی "یاداوەران".

وەزیری نەوتی ئێران ئاشكرای دەكات، رایگەیاند لە سەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتی حەسەن روحانی، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لەو کێڵگانە تەنیا رۆژانە 70 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام ئێستا توانیویانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانە بەرزبکەنەوە بۆ رۆژانە 300 هەزار بەرمیل.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە